سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەبەغدا هۆشداری دەدات

پۆڵەتیك پرێس:
جوان ئیحسان، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی لەپەرلەمانی عێراق هۆشداری لەدۆخی بەغدا دەدات‌و دەڵێت: ئەمریكا داوای وەستاندنی هێرشەكانی سەر بەرژەوەندییەكانی لەعێراق كردووە.

جوان ئیحسان بۆ پۆڵەتیك پرێس دەشڵێت: ماوەیەكی زۆرە عێراق بووتە مەیدانی كێبڕكێی نێوان وڵاتان بەگشتی و ئەمریكا و ئێران بەتایبەتی و ئومێدی ئەوەش لەحكومەتەكەی كازمی ئەخوازرا تا بتوانێت كاریگەری ئەو كیبڕكێیە لەسەر عێراق كەمبكاتەوە.

ئێستا لەبەغدا بەرژەوەندی زۆرێك لەوڵاتە رۆژئاواییەكان و ئەمریكاش لەهەڕەشەدایە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هێرشكردنە سەر ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانە و نێردەنێودەوڵەتییەكانیش بەردەوامە.

جوان ئیحسان لەو بارەوە دەڵێت: ئەو لایەنانە بەردەوام ژیانیان لەمەترسیدایە بەهۆی بوونی میلیشیا شیعەكانەوە، كە تەنانەت چەكی قورسیشیان پێیە، بەڵام ئەمەش وادەكات هەموو سەرنجەكان لەسەر حكومەتەكەی كازمی بێت‌و ئەگەربێت‌و ئەم هێرشانە رانەگیرێت و شكۆ بۆ دەسەڵات نەگەڕێتەوە، ئەوا پەیوەندی عێراق لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاواییەكانیش كێشەی زۆر بە خۆیەوە دەینێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی هەروەها وتی: لەلایەن ئەمریكا و وڵاتانی دیكەوە داوای وەستاندنی ئەم هێرشانە دەكرێت و ئەگەر بێت‌و وانەبێت ئەمریكا بە ئەركی خۆی دەزانێت بەرژەوەندییەكانی خۆی بپارێزێت و هەنگاوەكانی دواتر خۆی دیاری دەكات چی بێت.

چەند رۆژێكە دۆخی عێراق سات بەسات گۆڕانكاری خێرای بەسەردا دێت‌و رۆژ بەرۆژیش دۆخی بەغدا بەرەو خراپی دەبێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمریكا هۆشداریدا لەوەی باڵیۆزخانەكەی لەپایتەختی عێراق دادەخات.

حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەوان تواناكانی سەركەوتنیان بەسەر دوژمندا دەستەبەركردووەو رێگاچارە سەربازییەكان داخراون و شەڕیش لەگەڵ ئەمریكا ئەگەرێكی دوورە.

ئەمریكا بەهۆی بەردەوامی هێرشە موشەكییەكان بۆ سەر ناوچەی سەوز لەبەغدا، كە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتەی لێیەو بەئامانجگرتنی كاروانی هێزەكانی هاوپەیمانان هۆشداریداوە بەسەركردە عێراقییەكان، كە كاردانەوەی توندی دەبێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی بڕیاری كشانەوەی باڵوێزخانەكەی دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لەدوای ئەو هۆشدارییەش، چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبوونەوەو جەختیانكردەوە، ئەوان رێگر دەبن لەوەی عێراق ببرێت بەرەو گۆڕەپانی شەرێك، بەتایبەتی شەڕی بەوەكالەتی نێوان ئەمریكاو ئێران.

پێشتریش، ئەكرەم كەعبی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نوجەبا لەعێراق رایگەیاندبوو، هێشتا چاوەڕێی ئەوە دەكات، كە ئەمریكا بەفەرمی كشانەوەی لەعێراق رابگەیەنێت، بەپێچەوانەوە ئەوان بەردەوام دەبن لەهێرشەكانیان بۆ سەر بەرژوەندییەكانی واشنتۆن لەهەموو خاكی عێراق.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا