١٥ حزبی کوردستان پاڵپشتی خۆیان بۆ هەدەپە دووپاتدەکەنەوە

پۆڵەتیک پرێس

١٥ حزب و لایەنی سیاسی رایانگەیاند، كێشەكان بەگرتن و شەڕ و چەک چارەسەرناكرێن و تاكە رێگە ئاشتی و چارەسەكردنی گرفتەكانە لەڕێگەی دانیشتن و دایلۆگ، هاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ هەدەپە و خەبات و بەرخۆدانی ئاشتیخوازانەی خەڵكی باكوری كوردستان دەردەبڕین.

١٥ حزب و لایەنی سیاسی هەر چوارپارچەی کوردستان لەبارەی شاڵاوی دەستگیرکردنی ئەندامانی هەدەپە، راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە،  لە ‌شاری هەولێر كۆبووینەوە سەبارەت بەو پێشێلكارییانەی دەسەڵاتدارانی توركیا دەرهەق بەئەندامانی هەدەپە و هاوڵاتییانی سڤیلی باكوری كوردستان دەیكات.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، “دوای گفتوگۆ گەیشتینە ئەو دەرەنجامەی گەلی كوردستان سەدان ساڵە ‌لەلایەن داگیركەرانی كوردستان بەهەموو شێوازێك هەوڵی پاكتاوكردن و لەناوبردنی دەدرێت و بەردەوام بوونی لە ژێر هەڕەشەدا بووە و نكوڵیی لە زمان و خاک و كلتور و ناسنامەی كراوە، تاكە شتێک هێشتویەتیەوە گیانی بەرخۆدان و ئێرادەی بەهێزی بووە.”

ئەو ١٥ لایەنە سیاسییە وتوشیانە: لە ئێستاشدا ئەکەپە و دەسەڵاتدارانی توركیا دوای دەستگیركردنی سەدان ئەندام و سەرۆک شارەوانی و هاوسەرۆك و پەرلەمانتارانی هەدەپە بۆ زیاتر كپكردنی دەنگی ئاشتی و ئازادیخوازان بڕیاری دەستگیركردنی ٨٢ كەسی دیكەی لە پەرلەمانتار و سیاسەتمەدار و بەڕێوەبەر و هاوسەرۆكی شارەوانییەكانی سەر بە هەدەپە دەركردووە.”

باسیان لەوەشکردووە، زوڵم و ستەمی توركیا بۆ سەر چالاكوان و هاوڵاتییانی باكوری كوردستان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت و مەودای دیموكراسی لە ‌توركیا لە ئاكامی سیاسەتی ئەکەپە بەرتەسك دەبێتەوە و ئەوە‌ش لەبەرژەوەندی سیاسی ئەم دەوڵەتە و ناوچەكەدا‌ نییە، ئەو هەوڵانەی توركیا دوای شكستی لە كۆبانی و بەرخۆدانی حەفتانین دێت و دەیەوێ تۆڵەی ئەوە لە ئەندامانی هەدەپە بكاتەوەو ئەم سیاسەتەش پێشێلكردنی هەموو بنەماكانی مافی مرۆڤ و رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانە.

ئەو حزبەکوردیانە ئاماژەیان بەوەشکردووە: ئێمەی حزب و لایەنە ساسییەكان وێڕای شەرمەزاركردنی ئەم سیاسەت و كردەوانەی ئەکەپە و دەسەڵاتدارانی توركیا، پێمانوایە كێشەكان بەگرتن و شەڕ و چەک چارەسەرناكرێن و تاكە رێگە ئاشتی و چارەسەكردنی گرفتەكانە لەڕێگەی دانیشتن و دایەلۆگ.

جەختیان لەوەشکردووەتەوە: پشتیوانی خۆمان بۆ هەدەپە و خەبات و بەرخۆدانی ئاشتیخوازانەی خەڵكی باكوری كوردستان دەردەبڕین و داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتە بڕیار بەدەستەكان و هەموو رێكخراوە مافپارێزەكانی دونیا دەكەین، كە بێدەنگ نەبن و فشار بخەنەسەر دەسەڵاتدارانی توركیا بۆ ئازادكردنی دەستبەجێی دەستگیركراوەكان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دەستگیركردنی ئەوانی دیكە ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی توركیا بوەستێنن و ناوچەیەكی ئارام بۆ كوردان دروستبكەن.

ناوی حزب و لایەنە سیاسییەكان:

1- حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

2- حزبی شیوعی كوردستان

3- یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان

YNDK 4- پارتی یەكێتی دیموكراتی كورد/ سوریا.

5- پارتی ئازادی كوردستان/ رۆژئاوای كوردستان

6- پارتی ئازادی كوردستان/ رۆژهەڵاتی كوردستان

7- ویفاقی كوردی لە سوریا

8- پارتی سەربەستی كوردستان

9- كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان

KNK 10- بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان

11- پارتی كۆماری كوردستان

12- حزبی رزگاری/ دەستەی سەرۆكایەتی

13- بزوتنەوەی رزگاری دیموكراتی كوردستان

14- حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران

15- پارتی پارێزگارانی كوردستان

 

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک