پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە چوارچێوەی پرۆژەی ئاشتكردنەوەی سلێمانی و سەوزكردنی كوردستاندا، هەڵمەتی نیشتمانی روواندنی یەك ملیۆن نەمام لەسەر بڕیار و راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوامە و رۆژی دووشەممە 15_5_2023 نەمام ڕوواندن لە پارێزگای هەڵەبجە دەستیپێكرد.
حسێن حەمە كەریم نوێنەری نووسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: بەمەبەستی خزمەتكردنی هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە و زیادكردنی رووبەری سەوزایی و فەراهەمكردنی ژینگەیەكی لەبار، ئەمڕۆ هەڵمەتەكە لەنێو دارستانی گوڵان سەر بەبەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو.
وتیشی، لەسەر ئاستی پارێزگاكە پێشوازییەكی باشی لێكرا و بەئامادەبوونی لێپرسراوانی حزبی و حكومی و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان و مامۆستایانی زانكۆ و خەمخۆرانی ژینگە و دارستان بەڕێوەچوو.
هەر لەوبارەیەوە و لەمیانی بەشداریكردنی لەهەڵمەتەكەدا، سەرهەنگ عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە دەستپێشخەرییەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ سەوزكردنی كوردستانی بەمۆدیلێكی نوێ و جیاواز وەسف كرد بەوپێیەی كە كەسێكی سیاسی لەدەرەوەی حكومەت خەمێكی نیشتمانیی لەئەستۆگرتووە و خزمەت بە ژینگە و دارستان دەكات.