پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
فەرمانگەی پزیشكیی دادی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ناسنامەی 78 رووفاتی ناوچەی بادوشی پارێزگای نەینەوای ئاشكرا كرد، كە ساڵی 2014 لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كۆمەڵكوژ كرابوون.
زەید عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پزیشكی داد لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئامانجی سەرەكی لە هەڵدانەوەی گۆڕی قوربانیانی بادوش و دروستكردنی داتا و پشكنینی تاقیگەیی بریتییە لە دیاریكردنی ناسنامەی قوربانیان تائێستا وەك قۆناغی یەكەم چارەنووس و ناسنامەی 78 بێسەروشوێنمان دیاریكردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پزیشكی داد وتی، سامپڵی كەسوكاری ئەوانە وەرگیراوە و تائێستا 1570 سامپلیان بۆ 524 شوێنبزربوو كۆكردووەتەوە، كە لە بادوش تۆماركراون، داتا و زانیارییەكانیان تەواو كردووە، پشكنینیان بۆ رووفاتەكان كردووە، هەرچەندە لە شوێنێكی سەخت بوون و بەهۆی لافاوەوە ئێسك و پروسكی هەندێكیان لافاو بردوویەتی و تێكەڵی یەك بوون.
كۆتایی ساڵی 2021، كریستیان ریچەر، سەرۆكی تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش لە عێراق رایگەیاند، چەكدارانی داعش تاوانی دژی مرۆڤایەتیی و تاوانی جەنگیان لە بەندیخانەی موسڵ كردووە. ساڵی 2014 بەشێوەیەكی نامرۆڤانە لانیكەم 1000 زیندانیان كوشتووە.