پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەمڕۆ شەممە13ی ئایار، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لەگەڵ وەفدێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دەباشان کۆبووەوە.
ئەمڕۆ، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ وەفدێکی پەرلەمانی عێراق، کە پێکهاتبوون لە ئەندامانی لیژنەی ئەقاف و عەشایر بەسەرۆکایەتی مەحمود مەشهەدانی کۆبووەوە و تاوتوێی دواپێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و چۆنیەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدایان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر مەحمود مەشهەدانی، رۆڵی سەرۆک مام جەلالی وەبیرهێنایەوە لە بەدیهێنانی ئاشتەوایی و تەبایی و یەکڕیزی لەنێوان لایەنە عێراقییەکان و سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکاندا و رایگەیاند، لە قۆناغی سەخت و هەستیاری دوای ڕووخانی رژێمی بەعس سەرۆک مام جەلال وەک پێشەوایەک لە سیاسەتی عێراق دەرکەوت کە بەبێ جیاوازی کۆکەرەوەی سەرجەم دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان بوو.
قوباد تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگی قوڵکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە کە ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانە، ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە هەموولایەکمان بە هەمان شێوازی سەرۆک مام جەلال کار بکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەپێناو ئاشتەوایی و یەکڕیزی نیشتمانییدا.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش جێگری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند؛ هەموو کات وتوومانە بەغدا قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە، هەرچەندە ئێستا پەیوەندییەکان لە دۆخێکی باشدایە، بەڵام دەبێ بە هەموو لایەکمانەوە کاربکەین لەپێناو ئاشتەوایی و تەبایی زیاتر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەشێوەیەکی بنەڕەتی و درێژخایەن چارەسەر بکرێت.