لەم دیدارەی پۆڵەتیک پرێس لەگەڵ شاعیر و وەرگێڕ و چیرۆکنووس ئەرسەلان چەلەبی، کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لەتاراوگە دەژی، جەخت دەکەینەوە لە پرسی شیعر و ئارێشەکانی و پاشان بەرباسدان و لێ وردبوونەوە و بەپرسیارکردنی ڕانانەکانم لە دوو کۆمەڵە شیعری شاعیر، بەناوەکانی (گەمارۆ:کتێبی شیعری ـ دۆن کوردشۆت:کتێبی شیعری).
ئەرسەلان چەلەبی دەنگێکی چالاک و پڕکارە و مۆرکێکی جیاوازی هەیە و پێی دەناسرێتەوە.
لە ڕەوتی کاری شیعریدا، مکوڕە لەسەر تۆخکردنەوە دەنگە بەرهەڵستکارانەکەی و یاخێتی ڕەنگێکیتری کارنامە شیعرییەکەیەتی و لە سیاسەتی چەوت دەدات و گازاندە لە سەمای نیشتمان لەسەر مێزی سیاسییەکان دەکات و دەخوازێت نیشتمانێکی دڵخۆشکەری بۆ ژیانێکی شایستە هەبا.
سازاندنی ئەم وتوێژەم بە گرنگ زانی و وەک بەشێک لەپرۆژەی بەدەنگهێنانی دەنگی نەوەی تازە و هاوکات پۆڵەتیک پرێسیش ژوورێکە بۆ پێشکەشکردنی ئەم مێزگردە مەجازییە.
ئەرکی ڕۆژنامەنووس وەک ئەرکی نووسەربوون دژوارە، بەهۆکاری ئەوەی ڕۆژنامەنووس هەرجۆرێکی ڕۆژنامەنووس، ڕۆژنامەنووسی ئەدەبی، یان ڕۆژنامەنووسی سیاسی، یان ڕۆژنامەنووسی وەرزشی و جۆرەکانیتر، جگە لە خوێندنەوە هاوکات بەدواداچووە و ئەرکی لێکۆڵەریشی لەشانە و لەهەمانکاتدا بەرپرسیارێتییەکی زۆری دەکەوێتەسەر. ڕۆڵی پشکنەری ئاسایش و لێکۆڵەری دادی هەیە و ئاشکراکەرە.
لەهەر گەڕانێک و بەسەرکردنەوەی نووسەرێکدا وزەیەک لەخۆم دەبەخشمە بەرهەم و خوێندنەوەی دیدگای نووسەرەکە و لەوێوە گفتوگۆ دادەمەزرێنم.
ئەم چاوپێکەوتنەش بەرهەمی لێ خوردبوونەوەمە لە نەوەیەکی تازەی ناو ئەدەبیاتی کوردی.
دیدارساز: دیار لەتیف
پ: شیعر ئاشکراکردنی زمانە، هاوکات درووستکردنی زمانێکی جوانکارانە و بیرکەرەوەشە لەناو زمان. زمان لە ڕۆماندا بونیادنەرانەیە، هەڵدەچنێت و نادرەوشێتەوە، بەڵام شیعر زمان دەباتە ئاستی مەعریفییەوە، نەک زانین. ڕۆمان کۆمەککردنی زمانە، بەڵام شیعر خوڵقاندنەوەی شێوەیەکیترە لە زمان. لەشیعردا زمان زیاتر پەرەدەسێنێت و دەبێتە خاوەن بنەماڵەیەک لەخێزانە زمانی واتایی و ڕستەسازی و ڕۆنانی وشە و خوازە. دەتوانین بڵێین شیعر لایەنە هونەرییەکەی زمان پێشدەخات و ڕۆمانیش ڕەهەندە گوزارشتییەکەی زمان؟ کەواتە ڕۆڵی ئەدەب چییە لە بوژاندنەوەی زمان؟
ئەرسەلان چەلەبی: زمانی شیعری هەر نەک بە تەنیا لە زمانی ڕۆمان، بەڵکوو بە گشتی لە گەڵ زمان لە ناو هەرچی بوارە وەک زانست و فەلسەفە و هزر و هتد، جیاوازی هەیە و دەبێ لێک جیا بکرێنەوە. دەکرێت بڵێم کە زمان تەنیا لە ناو شیعر دایە کە ئازادە و دیل نییە. کاتێک زمان دێتە ناو شیعرەوە شنەی ئازادی هەڵدەمژێت، وشە لە ناو زمانی شیعریدا دەتوانێ پەل و پۆ بۆ چەندین واتا بخات ئەوە لە کاتێکدایە کە لە هزر و فەلسەفەدا مەیسەر نییە، لەبەر ئەوەی وشە لەو بوارانە دا تەنیا بە شوێن یەک واتایە و تەواو، واتای زیادی سەر لە کار و ئاکامی دەشێوێنێ و تێکدەرە. لە ڕاستیدا خەسارێک کە وێ زمانی کوردی “سۆرانی” بۆ ڕۆمان و شیعر کەوتووە، زۆر تەوەر دەگرێتەوە، لە ناو کورد دا نووسەرەکان بەستێنی ئەدەبی خۆی لە ناو ئەو دوو بوارەدا بەرتەسک کردووەتەوە، ئەگەر ئێمە چاوێک بە کتێبخانەی بوارەکانی ئەدەب لە ئورووپادا بخشکێنین دەبینین چەندین ژانڕی تر هەیە کە زیندوون و ڕوو لەگەشەن، ئەو وتوێژەش بواری ئەوە نادا کە لەنگەر لە سەر ئەو باسە بگرم کە زمان و ژانڕی گێڕانەوە بە تایبەت، لە سەر چەند ئەستۆنی تر وەستاوە کە هەموویان ژانڕگەلی جیا جیای بواری ئەدەبن و سامانێکی گرینگن بۆ گێڕانەوە و زمان بە گشتی و لە کتێبخانەی زمانە لاتینەکانی ئورووپا دا وێڕای ڕۆمان و شیعر دەخوێندرێنەوە و بەرهەم دێن.
بەڵام ئەوەی کە زمان لە کوێدا شیعر و ڕۆمان لێک گرێ دەداتەوە و پەیوەندییەکانییان چۆناوچۆنە و هەروەها ئەرکی هەر کام لەو ژانڕانە لە مەڕ زمان چییە باسێکی دوور و درێژە. ریچارد بڕاتیگان نووسەری ئامریکایی کە وەک ڕۆماننووسێکی پۆستمۆدێڕن نێودێڕ کراوە وتەیەکی سەرنجڕاکێشی سەبارەت بە شیعر و ڕۆمان هەیە کە ڕێک پەیوەندی بە زمانەوە هەیە سەبارەت بەو دوو ژانڕە، نزیک دە ساڵ پێش ئێستا کاتێک کە وەرگێڕانی فارسی ڕۆمانی ” Trout Fishing In America” خوێندەوە لە پشت بەرگەکەی وتەیەکی نووسەرەکەی واتە بڕاتیگان، تێیدا چاپ ببوو، وتەکەی ناوبراو ئەوە بوو:
” من پازدە ساڵ شیعرم نووسیوە هەتا بتوانم ڕستەیەکی دوروست بنووسم و پاشان بتوانم ڕۆمان بنووسم”، باش بیرم نەماوە کە پازدە ساڵ نووسرابوو یا بیست ساڵ، لێ با ئەو بەشە جێ بهێڵین.
بە بڕوای من ئەو وتەیەی بڕاتیگان دەتوانێ هەڵگری دوو پەیامی گرینگ بێت.
یەکەم: پڕۆسەی باڵغبوونی زمانی هەر نووسەرێک بەو دوو ژانڕەدا تێپەڕ دەبێت. زمان کە بە شیعرەوە دەستی پێکرد وەک کۆرپەیەکی بەرمەمکان وایە تا لە خەم دەرەخسێ و کۆک و پۆشتە دەبێت، چەقی پەیامەکەی بڕاتیگانیش ئەلێرە دایە. زمان لە شیعردا وەک دایک یا بناغەی زمان وایە، شیعر شکۆی زمانە. زمان لە شیعردا وەک لەسەرەوە باسم کرد سەر بە هەموو کون و کەلەبەرێک دادەکا، لەبەر ئەوەی ئازادە، ناترسێ، ئازایە، سەرکەشە و خۆ لە هەموو بوارێکدا تاقی دەکاتەوە. کۆی ئەو پڕۆسەی باڵغ بوونە دەبێتە فنداسیۆنێک و ئەزموونێکی بە بایخ بۆ زمان لە ناو ڕۆمان دا.
دووهەم: زمان لە ڕۆمان دا خاوەنی هەموو ئەو ئەزموون و سەرکەشیانەیە کە لە شیعرەوە بۆی بە میرات ماوەتەوە، دەکرێت بڵێن شیعر کۆنترین یا یەکەمین ژانڕە لە ناو ئەدەب دا، لە ناو هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵایەتیدا باو بووە، گێڕانەوە بە هەموو لق و پۆپەکانییەوە لە سەر ئەو فنداسیۆنە خۆی بونیات ناوە، بۆیە ئەو زمانە سەرکەش و ئازادە لە ناو ڕۆمان دا جێگە و پێگەیەکی تر بۆخۆی دیاری دەکا، لەغاوی ئەو زمانە سەرکەشەی ناو شیعر دەکەوێتە دەستی ڕۆمان و خۆی پێ کۆک و پۆشتە دەکا و هەر هەموو جوانکاری و خەیاڵی ئەو زمانە لە ناو بەستێنی گێڕانەوەکەی خۆیدا دەقۆزێتەوە و خۆی پێ تەیار دەکا و ئەوجارە پەتی گێڕانەوەی ناو ڕۆمان سەرێکی بە دەست شیعرەوەیە، زمانی شیعری شان وەبەر قورسایی گێڕانەوە دەدا و ئیتر ئەو کاتەیە کە زمان دەگاتە لوتکەی خۆی کە بە دەستی ئەو دووانەیەوەیە. زمان دووانەی شیعر و ڕۆمانە.
پ: بۆچی ئەدەبی کوردی و شیعری کوردی تەواو چۆڵە لە ئاوڕدانەوەی چەمکی هاوڕەگەزخوازی بەهەردوو جەمسەرەکەدا؟ بۆچی شیعر دەرخستە و وتەبێژی ئەو کەتوارە ئامادەی ناو کۆمەڵگە نەبووە؟ ئایا ئێمە وەک کورد، کۆمەڵگەیەکی بێ حاڵەت یاخود دیاردەین لەو ڕوەوە و ئاخۆ جیهانی شیعری کوردی هەر ئەوەیە بەلای باخ و یاری مێینە و یاری بان سرووشت(مێتافیزیک) و جەنگ و بەرگری نیشتمانیانەدا بچێت؟ ئایا مافی شیعر نییە دەست بۆ هەر نەبینراوێک و بینراوێک ببات و بە بابەت و ئارێشەی خۆی بزانێت؟
ئەرسەلان چەلەبی: ئەگەر بمهەوێ وەڵامی ئەو پرسیارە بە تێر و تەسەلی بدەمەوە دەبێ لە چەندین ڕەهەندەوە لە سەری بنووسم، واتە پرسیارەکە سەر بە زۆر بوار دادەکا هەتا بگەینە وەڵامێکی چڕ و پڕ، بۆیە من دەست بۆ کاکڵی وەڵامەکە دەبەم هەتا بە گشتی وەڵام نەدەمەوە.
لە ڕاستیدا شیعری نوێی کوردی هەر لەو بوارانەی کە ئاماژەشت پێداوە نەقوستانە و هەر لە هەوای کۆن دەژەنێ. چ لە بواری نیشتمانی و چ لە بواری ئەویندارانەی نێوان نێر و مێ، من بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە تەنیا لەنگەر لە سەر یەک مژار دەگرم واتە کاکڵەکە، کە بە بڕوای خۆم دەتوانێ دەرگاکە بکاتەوە بە ڕووی هەموو بوارەکانی تر کە دەبێ بۆ ئەو پرسیارە شی بکەینەوە.
کرداری کۆمەڵگەی ئەدەبی کوردی هەتا ئێستاش بۆنی خوانی مزگەوت و خانەقای لێ دێت. ئەوە لە سەرەتا دا نە عەیبە و نە خەرابە، بەڵکوو سەرجەم ئەدەبی کلاسیکی کوردی سۆرانی لەو دوو شوێنەوە سەرچاوەی گرتووە نەک لە مەکۆیەکی ئاکادێمی. بەڵام لە درێژەدا ئەو مەکۆیە واتە خانەقا و مزگەوت سێبەری هەر ماوە بە سەر ژینگەی ئەدەبی کوردی، سێبەرێکی قورس و وێرانکەر. ئەو سێبەرە بە سەر سیاسەتیشەوە هەر هەیە، نەک هەر بە تەنیا ئەدەبیات.
پەیوەندی بەرەی نوێ و بەرەی کۆن زۆرتر بیر پەیوەندی مەلا و فەقێ-مان دەخاتەوە. ئەو حاڵەتە وای کردووە کە چینی نوێ وەک فەقێ چۆن مەلایەتی دوازدە عیلم تەواو دەکا و چاوەڕوانە مەلاکەی، واتە چینی بەر لە خۆی ئیزنی پێبدا مزگەوتی خۆی دانێ و ئیتر مەلایەتی خۆی دەست پێبکا. ئەو کۆمەڵگای ئەدەبی کوردە بە شاعیریەوە بەردەوام چاوەڕوانی وەڵام و واژۆی چینی پێش خۆیەتی کە دانی پێدابێنێ، دەی ئێمە چ چاوەڕوانییەکمان لە شیعری نوێ هەبێت کە دەست بۆ ئەو مژارانەی تر بەرێت وا لە پرسیارەکەدا ئاماژەت پێ کردووە، ئەوانە هیچ کە بڤەن بەڵکوو لەعنەت و نیفرینیشی بە شوێن دادێت.
کۆمەڵگای کوردیش وەک “خوێنەر-بەردەنگ” کۆمەڵگایەکی شوێنکەوتووە، لەبەر ئەوەی بۆ بواری هونەر و ئەدەب نە پەروەردە بووە و نە ڕاهێنانی دیوە، بەردەنگی ئاسایی ئەدەبی لە وڵاتانی ڕۆژاوایی کە ڕووبەڕووی شیعرێک دەبێتەوە لە سەرەتا دا دەزانێ چۆنی هەڵسەنگێنێ، لەبەر ئەوەی لە قوتابخانە و سیستمی پەروەردەی وڵاتەکەی هەم خوێندوویەتی و هەم فێریان کردووە، دیارە بە بەشی خۆی هێندەی بەردەنگێکی ئاسایی کە ڕووبەڕووی ژانڕیکی ئەدەبی دەبێتەوە. بەڵام بەردەنگی ئێمە چاوەڕوانی وەڵامن، خودا نەکا پرسیار ساز بکا، ئەوە لە شاعیری گەنجەکەش دا بەرچاوە نەک بە تەنیا بەردەنگ و خوێنەر.
کۆمەڵگەی خوێنەرانی کوردیش بە نووسەرە گەنجەکانییەوە کۆمەڵگایەکی پیرپەرەستە، مردووپەرەست کە هیچ، بەڵکوو پێویستە ئەوەشی لێ زیاد کەین، واتە پیرپەرەست! پیر وەک چینی بەر لە گەنج کە لە ژیان دایە بە کەڵک وەرگرتن لە نۆڕمی مزگەوت-خانەقا هەر هەموو بوارەکانی بە گەنج و دەنگی نوێ تەنگ کردووە، بە پێچەوانەی تەواوی وڵاتانی ڕۆژاوایی کە زۆرینەی بوار و دەرفەتەکان لە خزمەت گەنج دایە، چینی گەنجی ئێمە کە تەنانەت لە شۆڕشەکانیشدا لەگەڵ چینی بەر لە خۆیدا هاوبەشی نییە لە ژێر قورسایی نۆڕمی مزگەوت-خانەقادا تەنیا دەبێت چاوی لە زاری چینی بەر لە خۆی بێت، جا ئیتر پەلامار دانی بوارە نوێ و ڕۆژەکانی سەردەم لە ناو شیعردا لە لایەن گەنج و دەنگی نوێوە دەبێتە پەلاماردانێکی بێئەخلاقانە و دوور لە یاسا و ڕێساکانی دوازدە عیلمی مەلایەتی کۆمەڵگای ئەدەبی کوردی.
جا لەو ناوەشدا چینی گەنج بۆ یەکتری وەک ڕوخسارێکی مەسخبوو وان، لە هەموو ئیمکاناتەکانی خانەقا و مزگەوت کەڵک وەردەگرن بۆ یەکتر سانسۆڕ کردن و هەروەها چەپڵە و هەلهەلە لێدان بۆ چینی بەر لە خۆی کە چونکە دەستێکی بە سەریدا هێناوە و واژۆیەکی چەند فلسی-تمەنی بۆ کردووە.
کەواتە دیسان دێمەوە سەرەتای قسەکانم، لە سەر ئەو چەند شتەی باسم کرد دەکرێت ئەوجار لە چەند ڕەهەندی ترەوە بۆ پرسیارەکە بچم و شی بکەمەوە.
مژاری هاوڕەگەزخوازی لە ناو ئەدەب دا، یان مژارە نامۆکانی تر بەر لە وشە و شیعر، پێویستی بە لەباربوونی بەستێنە کۆمەڵایەتییەکەیە، بەو چەند پاڕاگڕافەی سەرەوە تا ڕادەیەک وەڵامی پرسیارەکەشی بۆ ڕوون کردووینەتەوە، من پێم وایە هەتا بەستێنی کۆمەڵایەتی و کولتووری کۆمەڵگایەک لەبار نەبێت بۆ فکری نوێ، بۆ جووڵەی نوێ، ئەو مژارانە تەنیا وەک ناو دەبن و دەمێنن، ناوگەلێک کە بۆش و خاڵییە لە هەرچی واتایە، کەواتە من پێم وایە بوون و نەبوونی ئەوانە وەک یەک وایە، شیعری کوردی کێشەی ڕیشەیی تری هەیە کە دەبێ بە جیا شی بکەمەوە.
جا رەنگە ئەو پرسیارەش لێرەدا قوت بێتەوە کە کۆمەڵگا کەی لەبار دەبێت، وەڵامی ئەو پرسیارەش پەیوەندی بە خودی کێشەی شیعر هەیە کە لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆکەوە لە سەر چ هیڵێکە و خەریکە هەنگاو بۆ کوێ دەنێ، بە خوێندنەوەیەکی ورد و درشتی لانیکەم بیست ساڵی ڕابردووی شیعری رۆژهەڵات و باشوور دەردەکەوێ کە هەر مژاری نوێبووونەوەی شیعری نوێ خۆی کەوتۆتە ناو چ مەیدانێکی پڕش و پڵاو، هەر کەس ئەسپی خۆی غار دەدا و لە هەوای خۆی دەژەنێ!
پ: شیعری هەموو شت بێژ، ئەم تێگەیشتنەم لەوەوە دێت، کە لە کتێبی (دۆن کورد شۆت)دا، هەوڵێک هەیە بە ئاراستەبردنی ئەو ناولێنانەی، کە ئەم کتێبە بخەینە قاڵبی شیعری هەموو شت بێژەوە! ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی فرە باسە، فرە ڕەهەندە، فرە هەوڵە بۆ بەرباسدان و فرە لایەنە. ئاخۆ ئەم تێگەیشتنەمان تاچەند ئامانج دەپێکێت؟
هەر لەکتێبی ناوبراودا، دەکرێت بگەینە ئەوباوەڕەی، کە دەقنووس هێندەی لە خەمی گەیاندنی پەیام و شیعرییەت و نوقرچەتەنزدایە، ئەوەندە ئاوڕی لە پێگەی ناونیشان نەداوەتەوە، خاڵێک دەکەینە بەڵگەمان، ئەویش کاریگەرێتی ڕەنگ، یان هەناسەی ناونیشانی شاعیرانی تری بەسەرەوەیە و نموونەش ناونیشانی:(بۆشۆڕشی لەبارچووی کوردستان)ە.
نموونەی دیکە کەم تا زۆر هەن و پێموایە ئەو نموونەیە بەڵگەیەکە و هەر لەهەمانکاتدا ڕاشکاوانە ئاماژەتان پێداوە، کە سێبەری ناونیشانی شیعرێکی (واڵت وێتمان)ـی بەسەرەوەیە، ئیدی دەمەوێ بپرسم: ئایا ئەو کاریگەرێتییە زیانە یان سوود بۆ پایەی ناونیشان لە کتێبەکەدا؟ لە پەرتووکە شیعری(گەمارۆ)شدا، دەپرسین ئاخۆ بۆچی ناونیشانێکی کپ هەڵبژێردراوە، چونکە دەبینرێت، کە توانای هەڵگرتنی، یان بۆدانانی ناونیشانی گرێی و جۆرەکانیتری ناونیشانی دەکرد و بێ ئەوەی ناونیشان زەرەرمەندبێت؟
وەک دەزانرێت، لەکایەی ناولێناندا ناویشانی کپ، یان تاک وشەیی، یەکێکە لە ناونیشانە نەخوازراو، یان نا دڵخواز و نا سەرنجڕاکێشەکان.
ڕوانگەیەکیتری ئیشکردنتان لەم کتێبەدا، زمانە، پاشان هەست بەجۆرێک لە زمانی بێ پەردە دەکەین و بەر وشەگەلێک دەکەوین، زبر، توڕە، سڵ نەکەرەوە، کەرەستە و واژەگەلی سێکسیین، بەڵام سەرانسەر ڕەخنەی سیاسی توندن، نەک پۆڕنۆ و ئیرۆتیک، ئایا ئەم زمانە، تاچەند بۆ شیعر دەست دەدات و دڵخوازە؟
(پرسیارگەل ماون لەسەر بڕگەی وێنەکاری و شیعرییەت و شێوەسازی و پاژی دیکە، بەڵام مەوداکە ڕێنادات.)
ئەرسەلان جەلەبی: وەڵام زۆرە بۆ ئەو کۆمەڵە پرسیارەی کە ورووژاندووتە، با لە یەکەمیانەوە دەست پێ بکەم، لە ڕاستیدا کتێبی دۆنکوردشۆت بەرهەمی پازدە ساڵ نووسین و ئەزموونە لە ژینگەی زمانی خۆمدا، واتە ئەو زمانەی بۆ ئەو کتێبە وەبەرم هێنا و لە ئاکامدا لە ناو ئەو کتێبەدا خۆی نیشان دا.
ڕەنگە پێنج ساڵی تر ڕوون بێتەوە کە من بۆ دۆن کوردشۆتم بڵاو کردەوە، بۆیە با هەر لە ئێستاوە هۆکاری سەرەکی لەدایکبوونی ئەو کتێبە ڕاگڕین بۆ پێنج ساڵی تر. بەڵام زمان و جۆری شیعر و دەڕبڕین لەو کتێبەدا هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئەو نۆڕمە لە شیعر کە وەک لادیوارێکی کۆن و لاڕووخاو سیمای هەر دیار بوو، بە تایبەت سیمای شیعری بەرگری، دۆن کوردشۆت سەرەتایەکی بچووک کە هێندەی نوختەیەک نییە بۆ پێکانی ئەو مەبەستەی لە زەینم دایە و خەریکم کاری بۆ دەکەم. دەکرێت بڵێم جارێ هیچم نەکردووە، تەنیا سیخورمەیەک بووە.
کەڵک وەرگرتن لە ناو و رستە شیعری شاعیرانی تر لەو کتێبەدا تەواو بە ئاگاهییەوە کراوە، هیچ کارێک لە خۆوە نەکراوە، هیچ وشەیەک هەر وا لەوێ بێکار دانەندراوە! وەک چۆن لە شیعرە دانمارکی و ئینگلیزی و زمانەکانی تریش دا هەن. ئەوەش بە شاعیر و پڕۆژەکەی کەوتووە کە بەسوود دەبێت بۆی یا نا؟ و هیچ ناوێک، یا هیچ ڕستەیەک بە بێ هۆکار لەو کتێبەدا نەنووسراوە، با هەر لە ویتمەنەوە دەست پێ بکەین، کە شیعرەکەی خۆی واتە “بۆ شۆڕشێکی لەبارچووی ئورووپایی” دوو ساڵ پێش ئێستا لە گەڵ هاوڕییەک لە ئینگلیزییەوە کردمانە کوردی، شیعرەکەی منیش گەر سەرنجت دابێت سەرەتا بە فەڕەنسی بڵاو بۆتەوە، ڕەنگە ئەوە بەس بێت تا ئێستا کە بۆ لەو ناوە کەڵکم وەرگرتووە، هەروەها گەڕانەوە بۆ ناوی شاعیران، یان هێنانەوەی رستە شیعری شاعیرانی تر هەموو دەم هەر باو بووە لە کاری ئەدەبیدا.
هەبوونی کۆمەڵێک کۆد و جۆری شیعری و زمانێکی ڕادیکاڵ و جار جارەش نەرم و نیان ڕەنگە وای کردبێت کە خۆی لە هەموو شت دابێت، بەڵام لە ڕاستیدا هەموو شیعرەکان هی سەردەمێکی تایبەت نین، بەڵکوو هەر لە ساڵی ٢٠١٣وە تێی دایە هەتا ٢٠١٩.
ڕەنگاوڕەنگی فۆڕمی و واتایی شیعرەکانیش هەر بە ئاگاهییەوە کراوە و لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد بۆ دانە بە دانەی ئەو شیعرانە پلان هەیە، تەرح هەیە و تەنانەت ئەو کتێبانەی پەیوەندی بە دۆنکوردشۆتەوە هەیە هەر ئێستا ئامادەن و لە داهاتوو دا چاپ دەبن، کە واتە ڕەنگە تێپەڕبوونی زەمان بەشێک لە کەلێنی پرسیارەکەت پڕ کاتەوە.
سەبارەت بە کتێبی گەمارۆ، لە ڕاستیدا ئەو ناوە ناوی کاناڵێکی تێلێگرامی بوو کە لە ساڵی ٢٠١٦وە هەمبوو، لەوێدا شیعر و وەرگێڕان و چالاکییەکانم تێدا بڵاو دەکردەوە، شیعرەکانی ناو ئەو کتێبەش هی ئەو مەودا زەمانییەیە، لەبەر ئەوەی من جگە لە نووسین کارێکم نەبووە، ڕەنگە ئێستا دوا ئەو هەمووە ساڵە بۆ زۆر کەس ڕوون بووبێتەوە کە نووسین پیشەی من بووە، من جگە لە نووسین پیشەیەکی ترم نییە و تەنیا دەتوانم بنووسم و بخوێنمەوە، ئەگەر بمویستبا هەموان بڵاو بکەمەوە بە دڵنیاییەوە بە سێ کتێبی تر وەک گەمارۆ کۆ نەدبۆوە، بەڵکوو هەر وەک پێشتر گوتم هیچ کتێبێک و هیچ شیعرێک بە بێ هۆکار لە لایەن منەوە بڵاو نابێتەوە.
ناونیشانی کتێبەکەش ڕەنگە زۆرتر بگەڕێتەوە بۆ گەمارۆیەک کە بە گشتی بە سەر بەرهەمەکانی منەوە دیار بووە و هەروەها بە جۆرێک نازناویش بووە لە مەودایەکی دیاریکراودا.
سەبارەت بە توندبوونی زمانەکەی و هەموو ئەو شتانەی کە باست کرد من تەنیا یەک وەڵامم هەیە، ئەویش ئەوە بووە کە من تەنیا ویستوومە کامێرایەک بم و شتەکان ببینم و لە ڕێگەی شیعرەوە بینووسمەوە، وەک چۆن ئێستا لە ڕێگەی چیڕۆک و ڕۆمانەوە ئەو کارە دەکەم، ئەوە پێویستی فکری و کۆمەڵایەتیی، هەروەها ژینگەی نووسەرە کە کە لە ئاکامدا ڕوونی دەکاتەوە چۆن بنووسێ و لە چ وشە و دەستەواژەگەلێک کەڵک وەرگرێت.
وشە لە ناو زماندا بێ جیاوازی، هەموو سەر بە بنەماڵەی زمانن، بۆیە من بڕوایەکی ئەوتۆم بە شیعری توند و وشەی سێکسی و لەو چەشنە شتانە نییە بۆ پێناسەی شیعر یا دەقێکی ئەدەبی.
هەر دەقێک هەڵگری زمانێکی تایبەت بە خۆی، جەغزی وشەیی تایبەت بە خۆی و هەروەها ئەو دیمەنە یا ئەو پەیامەی کە لە ڕێگەی ئەو وشە و جۆری زمانەوە بۆ بەردەنگی دێنیە سەر لاپەڕە، بۆیە زمانی نووسینی من هەر نەک بە تەنیا لەو جۆرەی هەیە بەڵکوو خاوەنی فۆڕم و ستایل و جۆری زمانی تریشە کە چەندین کتێبی ترم هەیە و سەر بە فەزای چەندین جۆری زمانی و شیعری ترە کە هەتا ئێستا هەر بڵاویشم نەکردوونەتەوە.