پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە شاندێكی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریكا – كوردستان بە سەرۆكایەتی دەیڤد تەفوری و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان ئەمریكا و كوردستان و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ كران.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی 10ی ئایاری 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو و هەر یەكە لە دابان شەدەڵە جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم و بەیانی سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی خواستی هەرێمی كوردستانی دەربڕی بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەرێم و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و راشیگەیاند هەموو جۆرە ئاسانكارییەك بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەمریكی دەكرێت كە خواستی وەبەرهێنانیان لە كوردستان هەبێت.
شاندەكەی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریكا – كوردستان ئامانجی سەردانەكەی بۆ كوردستان ڕوونكردەوە و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداریی زیاتر و كاراتر لە وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەكاندا و رایانگەیاند دەیانەوێت لەڕێگەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەكان هاوكاربن لە بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابوری هەرێمی كوردستاندا.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند هەوڵی جدی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان و تێگەیشتنی باش لەنێو لایەنە سیاسییەكاندا دروست بووە كە بەبێ یەكگرتوویی ناتوانین رووبەڕووی هەموو ئەو تەحەدایانە ببینەوە كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدادیش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا كە ئێمە دەمانەوێت كێشەكانمان لەگەڵ بەغداد بە شێوەیەكی ریشەیی و بنەڕەتی چارەسەر بكەین. كار دەكەین بۆ ئەوەی بە زوویی هەردوو یاسای بودجە و یاسای نەوت و گاز پەسند بكرێت بە جۆرێك كە لە بەرژەوەندی هەموو لایەكدابێت.