سەرۆككۆماری عێراق لە لەندەن چاویكەوت بە رەوەندی عێراقی

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

د.لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عێراق رایگەیاند، پەیوەندی حكومەتی عێراق و هەرێم زۆر ئاساییە و هەندێك كێشەی هەڵپەسێردراو هەیە، بەڵام ئیرادە هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.

لە پەراوێزی سەردانەكەی بۆ لەندەن، د.لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عێراق چاویكەوت بە رەوەندی عێراقی و نوێنەرانی رێكخراوە مەدەنییەكان و پێكهاتە و پارت و نوێنەرانی چالاكیە سیاسییەكان و دووپاتیكردەوە سەقامگیری ئاسایش سەرەتای هەموو پرۆسەیەكی گەشەپێدانە.

لە دیدارەكەدا، كە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەم و ژمارەیەك لێپرسراوی حكومەتی عێراقی ئامادەی بوون، سەرۆككۆمار دووپاتیكردەوە كە عێراق بە قۆناغێكی نوێدا تێدەپەڕێ و چەندین دۆخی ئەرێنی هاتوونەتە ئاراوە، هەروەها هەڵبژاردنەكانی پێشوو ماوەیەكی دوورودرێژیان خایاند، بەڵام ئەنجامەكانیان ئەرێنی و سودبەخش بوون، بەو پێیەی لەڕێگەی دیالۆگەوە جۆرێك لەڕێككەوتنیان لەنێوان پێكهاتە سیاسییەكاندا دروستكرد.

ئاماژەی بەوەشدا كە پەیوەندی نێوان حكومەتی عێراق و هەرێم زۆر ئاساییە و هەندێك كێشەی هەڵپەسێردراو لەنێوان هەردوولادا هەیە، بەڵام ئیرادەیەك هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان لەڕێگەی دەستوور و یاساوە.

سەرۆككۆمار وتیشی، بەو پێیەی ماوەی سێ ساڵە بودجە پەسەند نەكراوە و نزیكەی 10 هەزار یان 15 هەزار كارگە لە عێراق هەیە، كە هەموویان لە ساڵی 2003ەوە داخراون، ئەمەش پێویستی بە هەوڵ و كاركردن و هاوسەنگكردن و هاندانی كەرتی تایبەت هەیە بۆ كاركردن.

سەرۆككۆمار هەروەها باسی لە پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ جیهان و وڵاتانی دراوسێ و پەرۆشی پەرەپێدانیان كرد، جەختیشیكردەوە لەڕەتكردنەوەی دەستوەردانی دەرەكی، هەروەها رایگەیاند كە عێراق هی هەموو عێراقییەكانە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا