رۆشنبیری: رێگری لەجنێودان و ناو زڕاندن دەكەین

پۆڵەتیك پرێس

وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم رایگەیاند: ئەو فەرمانەی دەریانكردووە بۆ رێكخستنی پێدانی ژمارەی سپاردنی كتێب هیچ نیەتێكی خراپی لە پشتەوە نیە.

وەزارەتی رۆشنبیری دەشڵێت: دەركردنی ئەو فەرمانە بۆ ئەوەیە سنورێك بۆ جنێودان و ناو رزاندن دابنرێت.

لە روونكردنەوەیەكدا وەزارەتی رۆشنبیری رایگەیاند: ئەو فەرمانەمان پشتی بە رێنمایی ژمارە(6)ی ساڵی 1999ی وەزارەتی رۆشنبیری بەستووە، كە ئەویش لەبەر رۆشنایی یاسای چاپەمەنیی هەرێمی كوردستان ژمارە(10)ی ساڵی 1993 دەرچووە.

لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، فەرمانەكەی وەزارەتمان جەختی لەو ماددە یاساییە كردۆتەوە، هیچ نیەتێكی خراپی بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی بیروڕا لە پشتەوە نییە.

باس لەوەش كراوە ئەم فەرمانە بۆ رێكخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنە، بەجۆرێك رێگە لە بڵاوكردنەوەی ئەو كتێبانە بگرێ‌ كە زمانی كوردی دەشێوێنن، دارشتن‌ و رێزمانی كوردی‌ و خاڵبەندی لەبەرچاو ناگرن، هەروەها بۆ ئەوەی كتێبەكان مافی خەڵكی دیكە پێشێل نەكەن ‌و سنورێك بۆ جنێودان‌ و ناو زڕاندن دابنرێت.

وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم لە فەرمانێكی وەزاریدا رێكارەكانی ژمارەی سپاردنی كتێبی توندكردۆتەوە و رایگەیاندووە، لەمەودوا بە لیژنە و بەشێوەیەكی مەركەزی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانە گشتییەكانەوە مۆڵەتی ژمارەی سپاردنی كتێب دەدرێت، ئەم بڕیارەش كاردانەوەی نوسەران و رۆشنبیرانی لێكەوتەوە و بە سانسۆرخستنە سەر ئازادییەكان لێكیان دایەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا