پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە باربارالیف یادریدەرەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی دۆخی ناخۆیی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی 4ی ئایاری 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەریەكە لە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و دابان شەدەڵە جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم و ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و ئێرڤن هیكس كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێم ئامادەی بوون، تاوتوێی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم كوردستان كرا.
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند كێشە ناوخۆییەكان مەترسی بۆسەر پێگەی هەرێم دروست كردوە و پێویستە هەموولایەكمان بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە هەوڵی چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان بدەین و نابێت ململانێی سیاسی و حیزبی بگاتە ئاستی بەزاندنی هێڵە سورە نیشتیمانییەكان و بە تایبەتیش لاوازكردنی پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی عێراقدا.
جێگری سەرۆك وەزیران راشیگەیاند پێشوازی لە هەرجۆرە دەستپێشخەرییەك دەكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئامادەین لەپێناو چارەسەركردنی هەموو ئەو خاڵانەی مایەی ناكۆكین لیژنەی هاوبەش تەنانەت بە بەشداری نوێنەرانی هاوپەیمانەكانمان پێك بهێنین.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا. لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئامانجمانە كێشەكان بەشێوەیەكی بنەڕەتی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین.
وتیشی دوای ماوەی ساڵانێكی زۆر لە ناسەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابووری و هەروەها ململانێ و ناكۆكی سیاسی و حیزبی ناپێویست، عێراق و هەرێمی كوردستان پێویستییان بە قۆناغێكی درێژی سەقامگیری و ئارامی هەیە تا بتوانین پێكەوە كار لەسەر گەشەسەندنی ئابووری و بووژانەوەی بازاڕ بكەین، چونكە لەوە زیاتر عێراق و كوردستان بەرگەی ململانێی ناپێویستی حیزبی ناگرێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا باسی دۆخی ئازادی رادەربڕین لە كوردستان كرا و لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا كە ئێمە هەمیشە شانازیمان بە دابینكردنی ئازادی رادەربڕین و ئازادی كاری رۆژنامەوانییەوە دەكرد، كەچی بە داخەوە لەم دوایانەدا لەلایەن دۆستەكانمانەوە رووبەڕووی رەخنە بووینەتەوە. جەختیشی كردەوە كە پێویستە بەخۆماندا بچینەوە بۆ ئەوەی ناو و ناوبانگی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بەهۆی پێشێلكردنی ئازادییەكانەوە لەكەدار نەبێت.