پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێم رایگەیاند، چەكێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان هەیە بەدەستی هاوڵاتیانەوە، دەمانەوێت سەرجەمیان تۆماربكرێن.
كارزان ئەمیر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو كەسەی چەكەكەی تۆمار دەكات، دەبێت لە شوێنێكی پارێزراوی ماڵەكەیدا هەڵیبگرێت و نابێت بیفرۆشێت یان بیبەخشێت، داوا لە هاوڵاتیانی هەرێم دەكەین تاوەكو كاتیان لەبەردەستدا ماوە چەكەكانیان تۆماربكەن و بیكەن بە چەكێكی فەرمی.
وتیشی: لە داهاتودا پاش تەواوبونی ئەم وادە یاساییە وەزارەتی ناوخۆ هەشت لیژنە لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان پێدەهێنێت بەمەبەستی هەڵسەنگانی پێویست بۆ خاوەنی ئەو چەكانە كە تۆماركراون و بڕیاریان لەسەر دەدات بە پێدانی مۆڵەت یاخود خاوەندارێتی بەپێی یاسای چەك.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێم باسی لەوەشكرد، لەئێستادا شوێنەكانی كڕین و فرۆشتنی چەك لە هەرێمی كوردستان داخراون، تەنها چەند كەسێك هەبون كە هەوڵیاندەدا چەكەكانیان بە رێگەی ئۆنلاین بفرۆشن، بەڵام دەستگیركراون و ئەو دیاردەیەش لە ئایندەدا كۆنتڕۆڵ دەكرێت.