پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم كە بەشێكی زۆری پشكەكانی لەلایەن سیروان سابر بارزانییەوە خاوەندارێتی دەكرێت، لە ماوەی دوو مانگدا دوو داوای یاسایی دۆڕاندو بەپێی ئەو داوایانەش دەبێت نزیكەی دوو ملیارو 500 ملیۆن دۆلار بداتە كۆمپانیایەكی كوەیتی و حكومەتی عێراق.
كۆمیسیۆنی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق، بردنەوەی بڕیارێكی دادوەری لە بەرژەوەندی خۆی راگەیاند، كە كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم ناچار دەكات نزیكەی 800 ملیۆن دۆلار بدات بە گەنجینەی دەوڵەت.
عەلی موئەیەد، سەرۆكی كۆمیسیۆنی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە: بڕیارێكی دادوەرییان لە بەرژەوەندی كۆمسیۆنەكە بەدەستهێناوە، كە كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم پابەند دەكات 800 ملیۆن دۆلار بداتە گەنجینەی دەوڵەتی عێراق.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: بە چاودێریی ورد و چڕی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەستەكەیان توانی دۆسیەیەكی یاسایی لەگەڵ كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم یەكلابكاتەوە و پابەندی بكات بە پێدانی نزیكەی 800 ملیۆن دۆلار لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی عێراق، وەك پارەی مۆڵەت و فریكوێنسی بەكارهێنراو لەلایەن كۆمپانیاكە و باجەكانی دیكە كە ساڵانێكە نەیداوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم لەمانگی ئاداری ئەمساڵدا داوایەكی تری لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی دۆڕاندو دادگا بڕیاریدا كە دەبێت بەبڕی یەك ملیارو 650 ملیۆن دۆلار قەرەبووی كۆمپانیای ئەجیلیتی كوەیتی بكاتەوە.