هەوكردنی پەردەی مێشك.. نیشانەو چارەسەرەكان

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

هەوكردنی پەردەی مێشكی منداڵ، بریتیە لە هەوكردنی پەردەی دەوری مێشك و دڕكە پەتك، هۆكارەكانی لەوانەیە بەكتریا، ڤایرۆس ، شێرپەنجە ، دەرمان ، یان پاراسایت بێت.

 

تائێستا زیاتر لە 150 حاڵەت تۆماركراوە

ماوەی مانگێكە نەخۆشییەكە هەیە، تائێستا زیاتر لە 150 حاڵەت تۆماركراوە سەرەتا حاڵەتەكان لە هەڵەبجە تۆمار كران و وردە وردە گوازرایەوە بۆ سلێمانی.

سەرجەم حاڵەتەكان چارەسەریان بۆ كراوە و هیچ گیانلەدەستدانێك بەهۆی نەخۆشی هەوكردنی پەردەی مێشك تۆمارنەكراوە.

نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە:

د. پشدەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی رایگەیاند، زۆربەی پزیشكەكان گەیشتوون بەو ئەنجامەی پەتای هەوكردنی پەردەی مێشكی منداڵان ڤایرۆسییە و بەشێك لە حاڵەتەكانیش لەگەڵ بەكتریادا دەڕوات.

 

لە رۆژێكدا 10 بۆ 12 حاڵەت تۆمار دەكرێت

وتیشی، هەوكردنی پەردەی مێشكی منداڵان سەدان ساڵە بوونی هەیە و لە هەرێمی كوردستان بەردەوام حاڵەت هەبووە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە تۆماركردنی حاڵەتێكی زۆرە لە ماوەیەكی كەمدا كە لە رۆژێكدا 10 بۆ 12 حاڵەت تۆمار دەكرێت.

دەكرێت ئێستاجۆری ڤایرۆسەكە خۆی گۆڕی بێت بۆیە گواستنەوەی لە توشبووەوە بۆ كەسێكی تر خێراترە و ئەگەرێكی تریش هەیە بەكتریا بێت، بەڵام تائێستا بەشی زۆری ئەنجامی پشكنینەكان ڤایرۆسییە و لێكەوتەی كەمترە بەراورد بە هەوكردنی بەكتریایی و بۆ چاكبوونەوە پێویستیان بەكاتە.

د. پشدەر عەبدوڵڵا وتی، لەگەڵ ئەوەی ژمارەی حاڵەتەكان بەرزە، بەڵام خۆشبەختانە منداڵەكان وەڵامدانەوەیان بۆ چارەسەرەكان زۆرباشە، دوای دوو بۆ سێ رۆژ نیشانەكانیان نامێنێت و ئێمە بۆ ماوەی 10 رۆژ دەیانهێڵینەوە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تەواو، دوای ئەو ماوەیە هیچ كێشەیەكیان نامێنێت.

نیشانەكانی نەخۆشییەكە:

نیشانەكانی نەخۆشییەكە بۆ منداڵی خوار تەمەن سێ مانگ، شیرخواردنی كەم دەبێتەوە، رشانەوە، بێزاری و بێتاقەتی، تای بەرز، گەشكە، لەوانەیە پلەی گەرمی لەشی دابەزێت، لەشی نەرم دەبێت واتە بێ هێز دەبێت، شەكرەی خوێنی دادەبەزێت و ئەو بەشەی سەر كە مەڵاشووی پێ دەڵێن بەرەو دەرەوە دەردەچێت.

نیشانەكان لە منداڵی گەورەتر لە یەك ساڵ جیاوازترە و ئەمانەن: رشانەوەو دڵ تێكهەڵاتن، سەرئێشە، هەستیاری بە رووناكی زیاد دەكات و پێی هەراسان دەبێت، تای بەرز، هۆشی منداڵەكە تێكدەچێت، بێ تاقەتی و بێهێزی، رەقبوونی مل و لەوانەیە گەشكە لێی بدات.

لەكاتی هەبوونی هەریەك لەم نیشانانە لە منداڵدا پێویستە راستەوخۆ ببرێتە نەخۆشخانەی تایبەت بە منداڵان و بەهیچ جۆرێك سەردانی دەرمانخانە و نۆرینگەكان نەكەن و دەرمانی ئیلتیهابات(Antibiotic) نەدرێتە منداڵەكە.

ئازاد مستەفا بەرێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە رایگەیاند، لەگەڵ وەرگرتنی دەرمانی ئیلتیهابات لە دەرەوەی نەخۆشخانە رێگاو شێوەی دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە ئاسان نابێت و ناتوانرێت دەستنیشانی بكەین بەهۆكاری كاریگەریی دەرمانی بەكارهێنراو لەبەرئەوە ناتوانین دەستنیشانی ئەم نەخۆشیە بۆ هیچ نەخۆشێك بكەین پێش سەردانیكردنی بۆ نەخۆشخانەكان دەرمانی دەرەوەی بەكارهێنابێت.

رێنمایی دایك و باوكان:

هاوكات بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەڵێت، بۆ دیاریكردنی نەخۆشیەكە پێویستە ئاو لە پشتی منداڵەكە دەربهێنرێت، زۆرجار دایك و باوكی منداڵەكە رێگە نادەن ئەو شیكارە بكرێت لەكاتێكدا زۆر ئاسانە و هیچ كێشەیەك بۆ منداڵەكە دروست ناكات.

ئێستا نەخۆشییەكە لە لوتكەی بڵاوبوونەوەیەدایە و نازانرێت چەند كات دەخایەنێت

ئێستا نەخۆشییەكە لە لوتكەی بڵاوبوونەوەیەدایە و نازانرێت چەند كات دەخایەنێت، هەروەها نازانرێت سروشتی ڤایرۆسەكە چۆنە تەنانەت ئەگەر بەكتریاش بێت.

سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی داوایكرد هاووڵاتیان بەهیچ شێوەیەك تووشی ترس و دڵەڕاوكێ نەبن بەهۆی نەخۆشی هەوكردنی پەردەی مێشكی منداڵ و وتیشی، دڵنیابن لەتوانای پزیشكان و نەخۆشخانەكان و هیچ حاڵەتێكی مردن بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە تۆمارنەكراوە لەسنووری پارێزگای سلێمانی و نەخۆشیەكی كوشندە نییە.

 

پزیشكان رێنمایی دایك و باوكان دەكەن هەر منداڵێك تا و سەرئێشەی هەبوو دووریبخەنەوە لە منداڵانی دیكە

پزیشكان بەردەوام رێنمایی دایك و باوكان دەكەن لە دەركەوتنی نیشانەكان منداڵەكانیان ببەنە نەخۆشخانەكانی منداڵان، لەبەرئەوەی لە ئەگەر زوو چارەسەر نەكردنی دەكرێت منداڵەكە رووبەڕووی كێشەی تەندروستی ببێتەوە وەك، گیانلەدەستدان، لەدەستدانی بینین و بیستن، گەشكەی بەردەوام، ئیفلیج بوون و كەمبوونەوەی ئاستی زیرەكی و توانای مێشك.

پزیشكان رێنمایی دایك و باوكان دەكەن هەر منداڵێك تا و سەرئێشەی هەبوو دووریبخەنەوە لە منداڵانی دیكە، رێگەنەدەن بچێتەوە قوتابخانە و لە بەكارهێنان دەستشۆر، خاولی، كەوچك و قاپیشدا چاودێریی بكەن كەسانی دیك ئەو كەلوپەلانەی بەكارنەهێننەوە هەروەها پێویستە ئەو منداڵانە ماسك بەكاربهێنن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا