قوباد تاڵەبانی بانگهێشتی قەتەر دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە پەراوێزی كۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری دێڵفی لە یۆنان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ سوڵتان سەعد ئەلمورەیخی وەزیری دەوڵەتی قەتەر بۆ كاروباری دەرەوە كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا بە فەرمی بانگهێشتنامەی وڵاتی قەتەر پێشكەشی جێگری سەرۆك وەزیران كرا.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەمە 26ی نیسانی 2023 بەڕێوەچوو، تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئامادەیی هەرێمی كوردستانی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان بە تایبەت لە بواری پەیوەندیی نێوان زانكۆكانی كوردستان و قەتەر و هەروەها لەڕووی وەرزشی و بازرگانییەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دەوڵەتی قەتەر بۆ كاروباری دەرەوە بە فەرمی بانگهێشتی جێگری سەرۆك وەزیرانی كرد سەردانی وڵاتی قەتەر بكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چۆنییەتی بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە لەو بوارانەیدا كە جێگەی گرنگی پێدانی هەردوولان.

هەر لە پەراوێزی یەكەم رۆژی كۆڕبەندی ساڵانەی دێڵفیدا جێگری سەرۆك وەزیران، لەگەڵ كۆنستانتینۆس زێرڤاس سەرۆكی شارەوانی سالۆنیكی یۆنان كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و سالۆنیكی یۆنان لە بوارەكانی گەشتوگوزار و كشتوكاڵ و پێشەسازییەوە.

قوباد تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەدا داوای لە سەرۆكی شارەوانی سالۆنیك كرد هانی وەبەرهێنەرانی سالۆنیك و وڵاتی یۆنان بدات لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن و ئامادەیی هەرێمیشی دەربڕی بۆ پێشكەش كردنی هەموو جۆرە كارئاسانییەك لەمبارەیەوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە كۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری دێڵفی یەكێكە لە گرنگترین كۆڕبەندە ئابورییەكانی ئەوروپا و تیایدا بە بەشداری سەرۆك و بەرپرسانی باڵای وڵاتان باس لە چۆنییەتی چارەسەركردنی كێشە ئابوری و سیاسییەكانی جیهان دەكرێت. بۆ جاری دووەمە لەسەر یەك قوباد تاڵەبانی بەشداری لەم كۆڕبەندەدا دەكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا