باڵیۆزی نوێی عێراق لە ئێران دیاریکرا

پۆڵەتیک پرێس

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، نەسیر عەبدول موحسین عەبدوڵا وەک باڵیۆزی نوێی وڵاتەکە لە تاران دیاریکرا و متمانەی پێبەخشرا.

ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٠، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، عەبدول موحسین عەبدوڵا متمانەی پێبەخشرا وەک باڵیۆزێکی دانوستانکاری عێراقی لەلای کۆماری ئیسلامی ئێران و جێگرەوەی سەعد جەواد قەندیل باڵیۆزی پێشووی عێراق لەو وڵاتە.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەو هەنگاوە لەمیانی بەهێزکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان عێراق و ئێراندا دێت و باڵیۆزە نوێیەکە هیوای بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئێران خواستووە ئەوەش بەمەبەستی خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا ناکۆکی لە بەغدای پایتەختی عێراق دروست بووە لەلایەن ئەمریکا و بەشێک لە هاوپەیمانانی و هەڕەشەی ئەوە دەکەن، ئەگەر ئیدانەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لەلایەن عێراقەوە نەکرێت ئەوا باڵیۆزخانەکانی بەغدا چۆڵ دەکەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا