پۆڵەتیک پرێس
لە راگەیەندراوێکی هاوبەشی ئەمریکا و یۆناندا هاتووە، هەردوو وڵات لەمیانی گفتوگۆی ستراتیژی داهاتوودا تاوتوێ لەسەر پڕۆژەی هاوبەشی وزە و گاز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.
بەپێی بڵاوکراوەی میدیا جیهانییەکان، بڕیارە لەمیانی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و یۆنان و لە خولی سێیەمی گفتوگۆکەدا کە لە ساڵی ٢٠٢١ لە واشنتۆن دەکرێت، تاوتوێی بابەتی وزە و گازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمریکا و یۆنان پێشوازییان لە تەواوکردنی بەشی یۆنان لە هێڵی بۆری دەریای ئەدریاتیک دەکەن و تاوتوێی هاوکاری هاوبەش دەکەن بۆ پێکەوەبەستنی یۆنان و بولغاریا.
هاوکات، وا بڕیارە چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە یۆنان وەبەرهێنان بکەن و پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بدەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەیەکی زۆرە ناکۆکی لەنێوان یۆنان و تورکیا و قوبرس هەیە لەسەر مافەکانی گەڕان بەدوای گازی سروشتی و وزە لە دەریای سپی ناوەڕاست.