پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی رایدەگەیەنێت: هەڕاجكردنی نەوتی هەرێم دەسكەوتەكەی بڕینی مووچە و دروستكردنی قەیرانی جۆراوجۆر و برسی كردنی خەڵك و خستنی هەرێم بوو بۆ ژێر قەرزێكی 30 ملیار دۆلاری، بۆیە پێویستە رێككەوتنەكە سەرەتای وازهێنانبێت لە كەلەرەقی و عینادی سیاسی و حوكمرانی لە هەرێمی كوردستان.
لوقمان وەردی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ئەوەی دوێنێ روویدا لە راستیدا رێككەوتن نەبوو بەڵكو جێبەجێكردنی بڕیاری یەكلاكەرەوەی دادگای ناوبژیوانی پاریس بوو، ساڵانێكی زۆریشە یەكێتی فشار و پێداگری دەكات لە پێناو بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و كۆتایی هێنان بەناشەفافیەتی نەوت و تاڵانكردنی سامانی ژێر زەوی هەرێم رێگای دروست ئەوەیە لەگەڵ بەغداد رێكەوتن بكرێت.
راشیگەیاند: پێویستە حكومەت سوپاسی خەڵكی كوردستان بەگشتی و مووچە خۆران بەتایبەتی بكات، چونكە لەماوەی 10 ساڵی هەراج و سەركێشی كردن بە نەوتی هەرێم دەسكەوتەكەی بریتی بوو لە بڕینی مووچە و دروستكردنی قەیرانی جۆراوجۆر و برسی كردنی خەڵكی كوردستان سەرەڕای ئەوەی كوردستان خراوەتە ژێر قەرزێكی 30 ملیار دۆلاری بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێم بەفەرمی داوای لێبوردن لە خەڵكی كوردستان بكات و قەرەبووشیان بكاتەوە.
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەشڵێت: هیوادارین ئەوەی دوێنێ روویدا سەرەتای وازهێنانبێت لە كەلەرەقی و عینادی سیاسی و حوكمرانی لە هەرێمی كوردستان، بڕیاری رادەستكردنی دۆسێی نەوت هەنگاوێك بێت بەقازانجی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بشكێتەوە ببێتە مایەی سەقامگیری سیاسی و بوژانەوەی ئابوری كوردستان و كۆتایی هێنان بەنادادپەروەری، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ سەرجەم شارەكان بەبێ جیاوازی.