پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دوای واژووكردنی رێككەوتنی هەرێم و عێراق لەسەر پرسی نەوت پەیامێكی باڵاوكردەوە و رایگەیاند، لەم بارودۆخەی ئێستادا، چ لەڕووی یاساییەوە بێت، چ لەڕووی دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدرالییەوە بێت، رێگایەكی تر لەبەردەم حكومەتی هەرێمدا نەبووە جگە لە رێككەوتن و رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگای كۆمپانیای سۆمۆوە.
لە پەیامەكەیدا قوباد تاڵەبانی، رایگەیاند: ئەگەر چی دەبوو پێشتر و بەڕەزامەندی خۆمان ئەم كارەمان بكردایە، نەك دوای بڕیاری دادگا نێودەوڵەتییەكان، بەڵام ئێستاش هەر بەهەنگاوێكی دروستی دەزانین لەپێناو دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی یەكجاری ئەم كێشەیە لەداهاتوودا.
ئەوەشی خستەڕوو، وەك پێشتر لەچەندین بۆنەدا جەختمان كردووەتەوە؛ گرنگ نییە كێ نەوت دەفرۆشێت، گرنگ ئەوەیە بتوانین موچەی مووچەخۆران دابین بكەین و خزمەتگوزاری پێویست پێشكەش بكەین و لەهەمانكاتدا هەنگاو بنێین بەرەو رێككەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز و پەسندكردنی یاسای بودجە و گێڕانەوەی سەقامگیری ئابوری لە هەرێمی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا كاتی ئەوە نییە خۆمان بە پاڵەوان دەرخەین، كاتی ئەوەیە دان بەهەڵەكانماندا بنێین بۆ ئەوەی بەڕوونی گرفتەكان ببینین و چارەسەریان بكەین لەپێناو خۆشگوزەرانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. ئێستا كاتی ئەوەیە ئەو نیازپاكییەی ئێستا هەیە وەك دەرفەتێك بقۆزینەوە هەموو لایەكمان هەوڵ بدەین یاسای نەوت و گاز و یاسای بودجە بە باشترین شێوە و لە نزیكترین ماوەدا پەسند بكرێت.
قوباد تاڵەبانی، باسی لەوەشكرد، هەرێمی كوردستان لە ماوەی نزیكەی دە ساڵی رابردوودا زیانی گەورەی بەركەوت، گەشەی ئابوری و بەشێكی زۆری پڕۆژەكان وەستان، پێدانی موچەی موچەخۆران تووشی گرفت بوو، لەو ماوەیەدا بەهۆی ناسەقامگیری و نەبوونی بەرچاوڕوونی لە داهات، هەرێمی كوردستان بەبێ یاسای بودجە بەڕێوەچووە، هەموو ئەمانەش هۆكاربوون بۆ كەمبوونەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەكان، بۆیە لەمەودوا هیچ بیانوویەك نامێنێت لەبەردەم پەسەندكردنی بودجەیەكی شەفاف لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە.
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم روونیشیكردەوە، لە ئێستا بە دواوە و لە دوای ئەم رێككەوتنە، گەشبینین هەموو لایەكمان بە ئەزمون وەرگرتن لە رابردوو هەوڵەكانمان چڕبكەینەوە بۆ بونیادنی حكومڕانییەكی دروست و متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەكان بەهێز بكەینەوە. پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان وەگەربخەینەوە، لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا شەفافییەت پەرە پێ بدەین و دادپەروەری لە دابەشكردنی داهات و خزمەتگوزارییەكان لەنێوان هەموو پارێزگاكاندا بەبێ جیاوازی دابین بكەین.
لە كۆتایی پەیامەكەدا جەختی كردەوە، لە دوای نزیكەی دە ساڵ قەیران و ناخۆشی، ئێستا دەرفەتێكی زێڕین هاتووەتە ئاراوە، پێشتر زۆرجار دەرفەتەكان لەباردەچوون، هەربۆیە دەبێت هەموو لایەكمان بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دەرفەتەدا بكەین، نەك هەر نەهێڵین لەبار بچێت، بەڵكو بیقۆزینەوە بۆ راستكردنەوەی هەڵەكانی رابردوو و گەڕاندنەوەی هیوا بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.