كوردایەتی دەربەستییە دەركەوت هەر سۆمۆ برا گەورەتانە

وەرنە سەر ڕا و رێگەی یەكێتی كە ئەوسا و ئێستاش سەركەوتنی كوردستان لە رێكەوتنی هاوسەنگ لەگەڵ بەغدا دەبینێ.
كاتی خۆی تیمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی دانوستاندێكی دوورودرێژ و بەرهەمداری كرد كە لەبەر بیركردنەوەی تەسكی حزبیی و لەبەر بژاردەی هەڵەی نەوت فرۆشی و ناشەفافی كاروبارەكان رەوشەكەتان هێنایەوە خاڵی سفر.

زووتر لەگەڵ بەغدا رێكەوتبان ئەمڕۆ پێویستتان بەم بەپەلە تەسلیمبوونە و بەو هەمووشت تەسلیمكردنە نەدەبوو.

باشتر بوو كە لەسەرەتاوە، بە بەرچاوڕوونیی و واقیعییەوە رێكەوتن بە دەستوور و دەفتەر و قەڵەم بكرایە و هەق و حیسابی دوو لایەنە بچەسپێ نە غەدرمان لێ بكرێ و نە بێ پەرواش بین لە سیاسەتی رەسمی عیراق، چونكە ئەم هەموو عینادییە كارێكی كرد مووچە و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵك دوا بكەوێ، پەكی بكەوێ و بكەوێتە ژێر هەڕەشەی هات و نەهاتەوە.

چەند ساڵە یەكێتی داوا دەكات رێگە راستە دەستوورییەكە لەگەڵ بەغدا بگیرێتەبەر، ئاخر كۆششی تەفاوزیی سیاسەتی كورد بۆ رێكەوتنێكی هاوسەنگ و عادیلانە خەرج بكرێت لەگەڵ پایتەختی فیدراڵی باشترە لە وێڵبوون بەدوای پایتەختە ئیقلیمییەكان كە لە بچووكترین پێچاوپێچدا رازی بوون بە مەرج و داوای بەغدا و دەركەوت ئەوانیش لەبەردەم یاسا و داوای یاسادا هیچیان پێ ناگوترێ.

جا بۆ ئەوەی بە زمانی شیرینی كوردی هەڕەشە و گوڕەشەی بان نەتەوەیی نەكرێت كەس نەیگوتووە بەغدا لە رووی دیموكراسیی و دادپەروەرییەوە شامی شەریفە و هەموو داوایەكی هەرێم پەسەند دەكات و هەر كە چووین ئیتر سەركەوتین، بەڵام بەغدا سەرەڕای هەموو شتێك پایتەختی سیاسەتی كوردیشە و لەسەر بنەمایەكی دەستووری مەجبورە لانی كەمی ویستی كوردستان بسەلمێنێ و دوای دانوستانی دژوار هەر دەبێ لەگەڵمان رێكبكەوێت.

بەڵام ئەی كێ دەتوانێ یەخەی پایتەختی دراوسێ بگرێت ئەگەر پاشقولیان لێ گرتین و رزق و نانیان خواردین؟ بە كام دەستوور شكات و سكاڵایان لەسەر تۆمار بكەین؟

با كەس نانوپیازی كوردایەتی بە سیاسەتی چەوتی تەیفێك لە سیاسەتی عیراقییەوە نەخوات و كەموكوڕی و پاشەكشێی سیاسیی بەغدا لەماوەی چەند ساڵی رابردوو نەكاتە ئەنجەتی رووكردنە ئەنقەرە و پشتكردنە بژاردە دەستوورییەكانی عیراق. كە تۆ چۆڵتكرد و لەوێ نەبووی تا میوان نەبی بێگومان مافت دەخۆن و شوێنت دەگرن و جێگات پڕ دەكەنەوە. ئاخر مەعلومە كە گۆشەگیری نەتەوەیی و بێباكی لە پڕۆسەی. سیاسیی پاتیەخت بەرامبەرەكەت هاندەدا كەینوبەینی شۆڤێنی و تایفەگەری خۆی سەر بخات.

بەڕێزینە كاتێكی بە خەڵكەكەی خۆمان بڵێین كوردایەتی دەربەستییە نەك سەرچڵی، كوردایەتیی دەستگرتنە بە بژاردە دەستوورییەكانی كوردستان و عیراقەوە كە باوكە دامەزرێنەرەكانی عیراقی ئیتحادی لەسەركردەكانی كورد تا سەركردەكانی ئۆپۆزسێۆنی عیراق رەنجێكی فەرهادیان بۆدا. كوردایەتی لە بەغدا بە عەرەبی و بەكوردی دەكرێ كە دەبێ وەرگێری باش بە ئەمانەتەوە بیگوازێتەوە. سەد بڕگە و یاسا و مادەی دەستوورییمان لەگەڵە بە مەرجێك خۆمان لە بەغدا پارێزەری بین، ئێ كە خۆمان لێی پاشگەزببینەوە و بەدوای كڵاوی بابردوو بكەوین بۆچی پێمان وایە دەستەبژێری عەرەب لە شیعە و سوننە كە لە دۆخێكی تایبەتدا ئەم دەستوورەیان بۆ سەلماندوین، تا سەر بەدیارییەوە دادەنیشن و بە دڵی خۆیان بژاری تیا ناكەن و پێچەبەدەورەی سیاسیی لێ رەچاو ناكەن؟

ئەم هەموو هاشوهوشەی نەوتی خۆمان و ئابووری سەربەخۆ و سەروەری و سەركەوتن كەچی هەر سۆما برا گەورەتانە ئێ خۆ سۆما چەند ساڵە عینوانی دیارە و بارەگاكەشی ناسراوە ئیتر بۆ ئەم هەموو مووچەبڕین و پاشكەوت و داكەوتە؟
ئێستاش نەچووە و بچێ؛ وەرنە سەر را و رێی یەكێتی كە بژاردە دروستەكەیە:

دانوستانێكی ئازایەنە و دەستووریانە پەرە پێبدەن نەك رێكەوتنێكی بەهاری یەك وەرزی كە متمانە لەق بكات، بەڵكو رێكەوتنێكی هاوسەنگ و مەحكەم بێت كە نە لەگەڵ بەغدا تێكیبدەن و نە مافی كورد هەرزان فرۆش بكرێت.

ستران عەبدوڵڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا