رێكخراوێكی دیكەی نێودەوڵەتی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە هەرێم بڵاودەكاتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە دوای راپۆرتی ساڵانەی رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان داتا و رێكاری نوێ دەخاتەڕوو.

رۆژی 28_3_2023 رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان لە ساڵی 2022 بڵاو كردەوە.

ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمترە و گومانیان لێدەكرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەك قوربانی دەستی داعش نەك تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.

راپۆرتەكە بە گشتی تیشكی خستۆتە سەر رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان و لەو نێوەندەشدا چەند تێبینییەكی ئاڕاستەی حكومەتی ئیتحادی و حكومەتی هەرێم كردووە بۆ نموونە هەبوونی پارێزەر لە كاتی دەستگیركردنی تۆمەتباران، كاری رۆژنامەگەری، رێوشوێنی خۆپیشاندان رەوشی ئافرەتان، ناوچە جێناكۆكەكان و بۆردومانی سنووری.

د. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لەم بارەوە رایگەیاند: راگیراوان لە هۆكارەكانی دەستگیركردن و تۆمەتە ئاراستەكراوەكان ئاگاداردەكرێنەوە هەروەها لە هۆكار و شوێنی راگرتنیان. سەرەڕای ئەم مافە بنەڕەتیانە، لایەنە فەرمییەكان لەمیانەی پرۆسەی لێكۆڵینەوەكاندا لەسەر ئەركی خۆیان پارێزەردابین دەكەن بۆ سەرپەرشتیكردنی كەیسەكەی هەر لە قۆناغی لێكۆڵینەوە تا دادگاییكردن. بەپێی دوایین تێچووی دابینكردنی پارێز بۆ تۆمەتباران لەسەر ئەركی حكومەتی هەرێم گەیشتۆتە یەك ملیار و حەوت سەد ملیۆن دینار.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان زیاتر وتی: ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمترە و گومانیان لێدەكرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەك قوربانی دەستی داعش نەك تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان: حكومەتی هەرێم لە هەوڵەكانیدا بەردەوامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر ب

سەبارەت بە دەنگۆی مانگرتنی چەند سزادراوێك لە چاكسازییەكانی هەرێم رێكخەری راسپاردە نێودەڵەتییەكان وتی: پرۆسەی دادگایی كردنیان بە ئاشكرا بەڕێوەچووە و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاوكاری عێراق (یونامی) لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشیان بوون، هەروەها لە كاتی مانگرتنیان هەر یەكە لە بەڕێزان وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، سەرۆكی داواكاری گشتی، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ، ئەندامانی پەرلەمان سەردانیان كردوون. لەلایەكی ترەوە لەلایەن بنكەی تەندروستی چاكسازی گەورانی هەولێردا بە وردی چاودێری رەوشی تەندروستییان كراوە، هەر لەو كاتەدا بەشی خواردن و خەرجی رۆژانەی خۆیان وەرگرتووە.

لە بەدواداچوونی بابەتی توندوتیژی خێزانی، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتی: حكومەتی هەرێم لە هەوڵەكانیدا بەردەوامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر بۆ ئەم مەبەستە لە 4ی نیسانی 2022 یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان لە عێراق واژۆ كرد بۆ پەرەپێدانی هاوكاریی میدیایی لەسەر كۆمەڵێك پرسی كۆمەڵایەتی، لەوانە توندوتیژی جێندەری (GBV). رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لەو بارەوە ئاماژەی بە رێكارەكانی پلانی هەرێمی كرد و رایگەیاند: بەپێی رێكارەكانی پلانی هەرێمی تایبەت بە نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی ئەو ئافرەتانەی كە لە شێڵتەرەكان دەژین و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە پێویستە هەلی كاریان بۆ دابینبكرێت، هەروەها هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ كەسایەتییە ئاینییەكان بكرێت بۆ داكۆكیكردن لە نەهێشتنی هۆكارەكانی توندوتیژی خێزانی.

سەبارەت بە خۆپیشاندان و ئازادی رادەربڕین رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان جەختی كردەوە كە یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان ژمارە (11) ی ساڵی (2010) شێواز و كات و ئامانجی خۆپیشاندان بە وردی رێك دەخات بەپێی یاساكە ئەركی هێزە ئەمنییەكانە كە ئارامی و سەقامگیری و گیانی هاووڵاتیان و خۆپیشاندەران بپارێزن و رێگا نەدرێت بە پشێوی و گێرەشێوێنی. لە ساڵی 2015 تاكو ئێستا تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر (105) خۆپیشاندانی بە مۆڵەت ئەنجامدراوە، (32) داواكاری خۆپیشاندان رەت كراوەتەوە و (120) خۆپیشاندانی بێ مۆڵەتیش ئەنجامدراوە، لەو خۆپیشاندانانەی كە لە ساڵانی رابردوو ئەنجامدراون. هەروەها لە میانەی ئەو خۆپیشاندانەی لە هەرێم ئەنجام دراون لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە لەوانە (61) پۆلیس و (چوار) هاووڵاتی مەدەنی و (18) خۆپیشاندەر دەستگیركراون كە چەكیان هەڵگرتووە، هەروەها ماڵ و موڵكی گشتی و تایبەتی زەرەزی زۆری پێكەوتووە لەوانە (21) ئۆتۆمبیلی هێزەكانی پۆلیس و هاووڵاتیان. لەلایەكی دیكەوە نزیكەی (6000) لە كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان مەشقیان پێكراوە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵە كردن لەگەڵ خۆپیشاندەران و پاراستنیان.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان: بەبیانووی بوونی چەكدارانی پەكەكە و هێزی تر، تا ئیستا زیاتر 626 جار سنوورەكانی هەرێم بۆردوومانكراوە

سەبارەت بە ئازادی رۆژنامەگەری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی چەند داتایەكی خستەڕوو: بەپێی یاسای ڕۆژنامەوانی ژمارە (35)ی ساڵی 2007 لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە (8000) رۆژنامەنووس لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان تۆماركراون، (144) كەناڵی تەلەفزیۆنی كە (36) كەناڵی ئاسمانی و (108) كەناڵی ناوخۆیین، (155) ڕادیۆ، لە دەیان بڵاوكراوە لە ڕۆژنامە و گۆڤار و دەیان ماڵپەڕ ئازادانە كارەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن. هەر پێشێلكارییەك بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجام بدرێ مافی تۆمار كردنی سكاڵایان هەیە، بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، لەم رووەوە لە ساڵی رابردوو (پێنج) داواكاری ئەشكەنجەدان تۆماركراوە، (دوو) سكاڵا جووڵێنراوە، (31) كەس بە غەرامە سزادراوە لەسەر بەكارهێنانی توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنوسان، دەیان دۆسیەی پەیوەست بە كاری ڕۆژنامەوانی یەكلایی كراونەتەوە و لە یەك دۆسیە داواكاری گشتی سكاڵای لە دژی ڕۆژنامەنووسان تۆمار كردووە.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ئاماژە بە بەردەوامی بۆردومانی سنووری دەكات، لەم رووەوە رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند: بەبیانووی بوونی چەكدارانی پەكەكە و هێزی تر، تا ئیستا زیاتر 626 جار سنوورەكانی هەرێم بۆردوومانكراوە و 216 یان هێرشی ئاسمانیی بووە و 403 تۆپباران و هەشت هێرشی زەمینی بووە لەلایەن هێزەكانی توركیا و ئێرانەوە، تەنانەت چەندین جار فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و چەند شوێنێكی سڤیل كراونەتە ئامانج كە قوربانی گیانی لێكەوتۆتەوە و ماڵ و موڵكی هاووڵاتیانیش زیانی پێكەوتووە.

لەلایەكی دیكەوە بە سەدان گوند چۆڵكراون و گوندنیشنەكان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ژیانی ئاسایی خۆیان بگوزەرێنن، هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم بارەوە روون و ئاشكرا بووە كە رێگا نادرێت خاكی هەرێمی كوردستان بۆ دەستدرێژی و هێرش كردنە سەر هیچ وڵاتێك بەكار بهێنرێت و بە باشی دەزانێت كە ئەو وڵاتانە و لایەنە نەیارەكانی گشت كێشەكانی خۆیان بە رێگای گفتوگۆ و دیالۆگ ئەنجام بدەن و نابێ چیتر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ببنە قوربانی.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم تیشكی خستە سەر رەوشی ناوچە جێناكۆكەكان و وتی: بە هۆی جێبەجێ نەكردنی رێككەوتننامەی شنگال تا ئێستا مەترسییەكانی داعش لە ناوچە جێناكۆكەكان ماوە بۆ نموونە لە مانگی یەكی ساڵی 2021 تا مانگی نیسانی ساڵی 2022 زیاتر لە 283 كردەوەی تیرۆریستی داعش لە ناوچە جێناكۆكەكان تۆمار كراوە كە بە كۆی گشتی 399 شەهید و 539 كەسی بریندار و 40 ڕفاندنی لێكەوتووەتەوە. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی كە هاووڵاتیان نەتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا