مایەپوچبوونی بانکەکانی جیهان ترس و دڵەڕاوکێ لە عێراق دروستدەکات

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دۆسیەی مایەپووچبوونی سێ بانکی ئەمریکا لەنێویشیاندا بانکی “سیلیکۆن ڤالی” و ئەو مەترسییانەی ڕوبەڕوی بانکی “کریدی سویس”ی سویسری بووەتەوە، بوونەتەهۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لەبارەی ئەگەری داڕمانی ئابووری و مایەپووچبوونی ژمارەیەکی دیکە لە بانکەکانی ناوچەکە، بەدڵنیایی عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی سیستمێکی دارایی وای هەیە کە زوو بە گۆڕانکارییە جیهانییەکان کاریگەر دەبێت، بەتایبەتی لەو بابەتانەی پەیوەستن بە نرخەکانی نەوت، کە حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتەکەی دەبەستێت.

لەکاتێکدا حکومەتی عێراق دڵنیایی دەدات کە مایەپوچبوونی ئەو بانکانە کاریگەری ئەوتۆیان لەسەر عێراق نابێت، چونکە پارەکانی عێراق لە بانکی فیدراڵی ئەمریکا دانراون نەک لە بانکە بازرگانییەکان و بانکەکانی وەبەرهێنان.

هەر کاریگەرییەکی دارایی جیهانیی دەبێتەهۆی دابەزینی نرخەکانی نەوت

لایخۆیەوە مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق هیچ پارەیەکی لە بانکی سیلیکۆن ڤالی دانەناوە کە مایەپوچبوونی خۆی ڕاگەیاند، وەکچۆن هیچ بڕەپارەیەکی دیکەی لەو بانکانەی ئەمریکا نییە کە دووچاری مایەپوچبوون هاتوون لەم دواییانە.

شارەزایانی بواری ئابووری دەڵێن، هەر کاریگەرییەکی دارایی جیهانیی دەبێتەهۆی دابەزینی نرخەکانی نەوت، ئەمەش بەشێوەیەکی نەرێنی و ڕاستەوخۆ کار لەسەر وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت دەکات لەنێویشیاندا عێراق.

لایخۆیەوە زەرغام محەمەد، شارەزای بواری ئابووری ئاماژەی بەوەکرد، مایەپوچبوونی بانکەکانی ئەمریکا بەگشتی کاردانەوەی لەسەر ئابووری تەواوی جیهان دەبێت، چونکە سیستمی دارایی ئەمریکا فەرمانڕەوای جیهانە و پەیوەستە بە سیستمی ئابووری جیهانییەوە.

هەر گرفتێک لە سیستمی بانکیی ئەمریکا ڕەنگە ببێتەهۆی هاتنەکایەی قەیرانی ئابووری جیهانیی

وتیشی، ڕوودانی هەر گرفتێک لە سیستمی بانکیی ئەمریکا، ڕەنگە ببێتەهۆی هاتنەکایەی قەیرانی ئابووری جیهانیی و کاریگەری لەسەر نرخەکانی نەوت دابنێت و بەهۆیەوە زیانی گەورە بەر عێراق بکەوێت کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە.

لەلایەکی دیکەوە همام شەماع، پسپۆڕی بواری ئابووری باس لەوە دەکات، بانکەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو بەیەکەوە بەستراون و بەشدارن لە وەبەرهێنانە جیاجیاکان، بۆیە هەر کام لەو بانکانە مایەپوچببن، بانکەکانی دیکەش کە لە وەبەرهێنانێکدا لەگەڵیدا بەشدارن زیانیان بەردەکەوێت.

لەدوای ساڵی 2003ەوە کاتێک ژمارەیەک لە بانکەکانی عێراق مایەپوچبوون لەنێویشیاندا بانکەکانی “وەرکا، بەسڕە، دار ئەلسەلام، بانکی ئابووری و باکوور و چەند بانکێکی دیکە”، تا ئێستاش ئەو کەسانەی پارەیان لەو بانکانە داناوە داوای پارەکانیان دەکەنەوە، دوابەدوای ئەوە بانکی ناوەندی بڕیاریدا سەرپەرشتی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی عێراقی بکات بۆ گرەنتیکردنی پارەی خەڵک، بە بەشداری بانکە حکومی و بازرگانییەکان و لقی بانکە بیانییەکان و کۆمپانیاکانی تەئمینی نیشتمانی، بەڵام ئەو کۆمپانیا عێراقییە تا ئێستا دانەمەزرێنراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا