پۆڵەتیك پرێس:
ئەمڕۆ یەك شەممە سوپای ئازەربایجان هێرشی بەرفراوانی بە درێژایی سنورەكان كردە سەر ئەرمینیای دراوسێی لەسەر ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان.
بەرەكانی جەنگ
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: 6 گوند و 5 ناوچەمان لە سنوری فیزۆلی و ناوچەیەكمان لە جبرایل كۆنترۆڵكردووە.
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری لە هەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەباغ رایگەیاند 4 كۆپتەر و 15 فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و 10 تانكیان تێكشكاندووە.
ئیلهام عەلییف سەرۆكی ئازەربایجان لە لێدوانێكدا بۆ گەلەكەی وتی: كێشەكەمان عادیلانەیە و سەردەكەوین، سوپای ئازەری شەڕ لەسەر خاكەكەی دەكات.
وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا رایگەیاند ئەرمینیا دو كۆپتەری ئازەریان خسوەتەخوارەوە و 10 سەربازی ئەرمەنیش كوژراون.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا شوشان ستیبانیان رایگەیاند، شەڕەكە ئەمڕۆ دەستیپێكردووە بە هێرشی ئازەرییەكان، بەڵام ئازەریەكان دەڵێن لایەنی ئەرمەنی هێرشی دەستپێكردووە و ئازەبایجان دژە هێرشی كردووە.
سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا نیكۆل باشینیان داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی كرد خۆیان بۆ شەڕی بەرگری لە خاكەكەیان ئامادە بكەن.
وتیشی: ئازەرییەكان هێرشیان كردووەتە سەر ناوچەی مەدەنی لە ناگۆڕنۆ قەرەباغ، پێویستە هاووڵاتیان بەهێز بوەستن لەپشتی حكومەت و وڵاتەكەیان بۆ بەرگری و سەردەكەوین.
توركیا گۆڕەپانێكی تری شەڕ دەكاتەوە
توركیا لەسەر زاری گەورە بەرپرسانی رایگەیاندووە هەوڵی فراوانكردنی نفوزی خۆیان و زیندوكردنەوەی رێبازەكەی باپیرانیان لە دەوڵەتی عوسمانی و بەرگری لە مسوڵمانان بە گشتی دەكەن.
لەو چوارچێوەیەدا توركیا پەلی كێشاوە بۆ عێراق و سوریا و سۆماڵ و نێجیر و لیبیا و فەڵەستین و ئازەربایجان و خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
لە ماوەی رابردوو توركیا لە رێگای حكومەتی ویفاقی نیشتمانیەوە بە چەند رێككەوتنێك ویستی پێگەی خۆی لە روی سەربازی و ئابورییەوە لە لیبیا بەهێز بكات، بەڵام وازهێنانی فائیز سەڕاج لە دەسەڵات لە كۆتایی مانگی ئۆكتۆبەر كە خۆی رایگەیاندووە و دوروستبوونی شەڕی نێوخۆی گروپە چەكدارەكانی سەر بە حكومەتەكەی تەرابلوس، ناكۆكی لەنێوان سەڕاج و وەزیری ناوخۆ، سەرهەڵدانی شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵك لەسەر نەبوونی خزمەتگوزاری، هەڕەشە توندەكانی میسر بۆ بەرپەرچدانەوەی سوپای توركیا و هاوپەیمانەكانی، ریسەكەی توركیای كردەوە بە خوری.
بەگوتەی چاودێران ئازەربایجان دەبێتە گۆڕەپانێكی نوێ لە شەڕی توركیا دژی نەیارەكانی و كردنەوەی گۆڕەپانێكی نوێی شەڕ و بەهێزكردنی پێگە و نفوزی خۆی، لێدوانە توندەكانی ئەمڕۆی بەرپرسانی توركیاش ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە.
كەناڵی سكاینیوز بڵاویكردەوە توركیا شەڕەكەی هەڵگیرساندووە بە لێدوانە ئاگرینەكانی دوای پێكدادانێك لە لای هەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەباغ و خستنەخوارەوەی دوو فڕۆكە.
توركیا بە چڕی پشتیوانی لە ئازەربایجان دەكات لە دژی ئەرمینیا، لەماوەی رابردوو سوپای ئازەربایجانی پڕچەك كردووە بە چەكی پێشكەوتوو.
ئەمڕۆ لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕ، عومەر چەلیك وتەبێژی ئەكەپەی دەسەڵاتدار لە تویتەر نوسی: هێرشەكەی ئەرمینیا بۆ سەر ئازەربایجان شەرمەزار دەكەین بە توندی و ئەمە چەند جارێكە ئەرمینیا یاسا پشتگوێ دەخات.
ناوبراو هەڕەشەی كرد وتی: لە پاڵ ئازەربایجان دەوەستێن، ئەرمینیا یاری بە ئاگر دەكات، ئاشتی هەرێمی دەخاتە مەترسییەوە.
لای خۆیەوە خلوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا هێرشەكانی ئەرمینیای شەرمەزاركرد و جەختی لە پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ ئازەربایجان لە بەرگری و یەكپارچەیی خاكەكەی كردەوە بە هەر شێوەیەك دەستی لە هێزە چەكدارەكانی توركیا بێت.
وتیشی: هەڵوێستی ئەرمینیا دوژمنكارانەیە و پێویستە بەپەلە پاشەكشە بكات.
هاوكات رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیاش رایگەیاند ئەرمینیا گەورەترین هەڕەشەیە لە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە.
رەوانەكردنی چەكداری سوری
كەناڵی العربیە بڵاویكردەوە توركیا هاوشێوەی لیبیا سەدان چەكداری سوری ناردووە بۆ ئازەربایجان و لەوێ چەندین بنكەی سەربازی لەنزیك سنورەكانی ئەرمینیا داناوە.
بەپێی راپۆرتی كەناڵەكە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دەیەوێت پێگە و نفوزی وڵاتەكەی لە ناوچەیەكی دیكەی جێی ناكۆك زیاتر بكات.
توركیا و روسیا لەقۆناغێكی نوێی ململانێدا
لە دوای لیبیا و سوریا، ئازەربایجان دەبێتە ناوچەیەكی دیكەی جێی ململانێی نێوان توركیا و روسیا، چونكە هەردولایان پشتیوانی بەرە ناكۆكەكان دەكەن، توركیا پشتیوانی ئازەربایجان و روسیاش پشتیوانی ئەرمینیا دەكات، بەڵام تا ئێستا توركیا و روسیا بە گفتوگۆ توانیویانە ئیدارەی ململانێكانیان بدەن و نەیانگەیاندۆتە شەڕ.
فلادیمیر جبارۆف جێگری سەرۆكی لیژنەی نێودەوڵەتی پەرلەمانی روسیا داوای لە هەردولایەنی ناكۆك كرد كە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی روسیا بڵاویكردەوە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەروەی روسیا پەیوەندی بە هاوتا توركییەكەوە مەولود چاوش ئۆغلۆ كردووە و رێككەوتون لەسەر هەرچی زووتری راگرتنی توندوتیژیی و پەرەسەندنەكان.
راشیگەیاند لاڤرۆڤ پەیوەندی بە هاوتا ئەرمەنییەكەی زهراب مناتساكانیان كردووە و نیگەرانی خۆی لە هەڵكشانی پەرەسەندنەكان پێڕاگەیاندووە.
لایەنی نێودەوڵەتی داوای هێوركردنەوە دەكات
هاوكات سەرۆكی ئەنجومەنی ئەوروپا شارل میشال داوای وەستانی شەڕی كردووە لە نێوان ئازەری و ئەرمەنییەكان.
میشال وتی: پێویستە بەپەلە جوڵە سەربازییەكان بوەستێرێن بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنی زیاتر و پێویستە بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆی بێ مەرج.
لای خۆیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئەنییس فون دیرمول لە بەیاننامەیەكدا داوای لە باكۆ و یەریڤان كرد، كردەوە دوژمنكارییەكان بوەستێنن و بەپەلە گفتوگۆ دەستپێبكەن.
ناگۆڕنۆ قەرەباغ
كێشەی ناگۆڕنۆ قەرەباغ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1921 ئەو كاتەی یەكێتی سۆڤێیەت ناوچەیەكی زۆرینە ئەرمەنی بە رێژەی 94%ی خستە پاڵ ناوچەی ئازەرییەكان.
ناگۆڕنۆ قەرەباغ لە ساڵی 1994 لە كۆتایی شەڕدا كەوتە ژێر كۆنترۆڵی ئەرمینیاوە.
شەڕەكەی ئەمڕۆ بە قورسترین شەڕ دادەنرێت لە دوای شەڕ و پێكدادانەكانی ساڵی 2016ەوە.