ئەم وێنەیە و ێنەی داود سائغ ( 1909-1975) سكرتێری حكومەتیی گوایە حزبی شیوعی عێراقە كە حكومەتەكەی عەبدولكەیم قاسم مۆڵەتی رەسمی حزبایەتی پێدا ، لە جێی ئەوەی مۆڵەتی شایستە بداتە حزبە شیوعییە راستەقینەكە.
حزبی شیوعی لە دوای تەمموزی 1958 بە سەنگ و دەنگ و رەنگی جەماوەری خۆی كۆنترۆڵی شەقامی عێراقی كردبوو ، كەچی قاسم چونكە كەیفی لە جەمع و تەرح و قسمەی فرە حزبی درۆزنانە بوو ، مۆڵەتی دایە حزبەكەی سائغ كە تەنیا دوكانێكی حزبی بوو، بە زۆریش ئەندامی پێ دابین نەدەبوو ، بۆیە بە ناچاری چووە كەینوبەینی ئەوەی ئەندام لە حزبە راستەقینەكە بكڕێ و سەریان بە فەتارەت بدات.
كاك فاروقی مەلا مستەفا، تێكۆشەری دێرینی شیوعی لە گێرانەوەی باسوخواسی ئەم حزبەدا دەیگوت حزبێكی موفتەعەل و دەستكردبوو.
بێگومان سەرەنجام ناوی سائغ لە ناوانا بزربوو، هەر حزبە ئەسڵییەكە بۆ دەورانێكی تری تێكۆشان لە گۆڕاپانەكەدا مایەوە.
بەداخەوە ئەم ئۆینبازییەی حكومەتی جەمهوری قاسم كە ناوی لێ نابوو كۆماری نەمر( جەمهورییە خالدە) بوو خویەكی خراپی سیاسەتی رەسمی دەوڵەت لە بەرامبەر دابونەریتی حزبایەتیدا. ئەوە بوو سەرەنجام كۆمارە نەمرەكەی قاسم فەوتا ، بەڵام خووە خراپەكەی داتاشینی حزب و پێدانی مۆڵەتی رەسمیی بە حزبی كارتۆنی بووە نەریتی نەمر لە سیاسەتی دەولەتی عیراق، بەتایبەتی سەردەمی جەمهوریەتی بەعس تا دوایی سەری كۆمارە خوێناوییەكانیشی خوارد.
داخی داخانیش ئەوەیە لە هەولێر شوعبەیەكی ئەمنی بەلدە پسولەی خاوەندارێتی بەم و ئەو ئەدا و هەشن كەیفیان بەم بەرگەی عەدەم تەعەروزە دێت و خەیاڵی لەسەر هەڵدەچنن.
حزب لە كۆری تێكۆشان و لە رێی پەیڕەوی حزبی و ئەنجومەنی سەركردایەتییەوە شەرعیەت وەردەگرێ ، نەك بە پسولەی بەشێكی لاچەپ لە دامەزراوەیەك كە بە كەیسی پێشێلی ئازادی گیراوەكانی بادینانەوە تێوەگلابێت.
ستران عەبدوڵلا