پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە 35ەمین ساڵیادی بۆردوومانكردنی هەڵەبجە بە چەكی كیمیایی، د.لەتیف رەشید سەرۆككۆماری عێراق داوای لە حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان و حزبە سیاسییەكان كرد، هەوڵەكان یەكبخەن بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.
د.لەتیف رەشید لە پەیامێكدا رایگەیاند، هاوسۆزی بۆ قوربانیانی ئەو زوڵمە گەورەیە دەردەبڕێت و هەمیشە بە وەفا دەبن بۆ ئەو قوربانیایەی لەو كارەساتەدا دراوە.
جەختیشی كردەوە لە ئامادەییان بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ شاری هەڵەبجە.
ئاماژەی بەوەشكرد، كۆمەڵكوژی و بۆردوومانكردنی هەڵەبجە بە چەكی كیمیایی، برینی بۆ مرۆڤایەتی دروستكرد و پێویستیان بە كاتێكی زۆرە بۆ سارێژبوونی برینەكان.
هەروەها پیرۆزبایی لە هەڵەبجە كرد بە بۆنەی بڕیاری حكومەتی عێراقەوە بۆ بەپارێزگاكردنی و داوای لە حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان و حزبە سیاسییەكان كرد، هەوڵەكان یەكبخەن بۆ جێبەجێكردن و تەواوكردنی رێكارە یاساییەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.
داواشی كرد كەموكوڕییەكانی شارەكە چارەسەر بكرێن بۆ ئەوەی بەرەو پێش ببرێت و هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ سارێژكردنی برینەكان و نەهێشتنی ئاسەوارەكان.