بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەمانەوێت لەگەڵ دۆستەكانمان خزمەتی گەل و وڵات بكەین

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق و وەفدێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە بڕیاردەر و ژمارەیەك لە ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و مەكتەبی سیاسی ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانكارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكانی هەرێم و عیراق كرا و جەخت لە پشتیوانیكردنی پرۆژەی نیشتمانیی عیراق كرایەوە كە خۆی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، چەسپاندنی یاسا و سەقامگیریدا دەبینێتەوە.

لەدرێژەی دیدارەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی سەرۆكوەزیرانی عیراق كرد لەبەرامبەر تەواوكردنی رێكارە فیدراڵییەكانی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە و داوایكرد، ئەمە سەرەتایەكی گرنگ بێت بۆ خزمەتكردنی هەڵەبجەییەكان و حكومەتی عیراقیش مافە یاسایی و دەستوورییەكان بەرامبەر هەڵەبجە جێبەجێبكات.

وتیشی، دەبێت هەنگاوی كرداری بۆ ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكە بنرێت و بارتەقای قوربانیدانەكەی خزمەت بكرێت. لەبارەی پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەش بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، هەنگاوێكی گرنگە و پێویستە سەقامگیریی ئابووری و ژیانی هاوڵاتیان پارێزراوبێت.

سەرۆكی یەكێتی پەرۆشیی یەكێتیی نیشتمانی بۆ سەرخستن و جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت دووپاتكردەوە بەشێوەیەك كە خزمەتگوزاری زیاتر پێشكەشی خەڵك بكرێت و وتیشی، جەخت لە چارەسەركردنی سیاسییانەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەكەینەوە و بەشێوەیەك كە مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد پارێزراوبێت. وتیشی، پێویستە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان زاڵبكرێت و هەمووان بە ئاڕاستەی ئاوەدانی و سەقامگیری هەنگاو بنێن.

هەر لە درێژەی قسەكانیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیشیكردەوە، یەكێتی یەك ئاڕاستە و یەك بڕیاری هەیە و هەمان سیاسەت و ستراتیژی سەرۆك مام جەلال لەبەرامبەر پرسەكان پەیڕەو دەكات، دەشمانەوێت لەگەڵ دۆستەكانمان پێكەوە خزمەتی گەل و وڵات بكەین و باوەڕمان بە شەراكەت و هاوبەشێتی راستەقینە و گیانی پێكەوەیی هەیە.

هەر لە دیدارەكەدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق وێڕای ئەوەی سوپاسی بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەكێتی كرد لەبەرامبەر رۆڵ و هەڵوێستی سیاسیی ئەرێنیان لە عیراق و سەرخستنی بەرنامەكانی حكومەت و رایگەیاند، ئەو میراتە دەوڵەمەندەی سەرۆك مام جەلال جێیهێشتووە بەرپرسیارێتییەكی مەزن و گرنگە تا هەموولایەك پێوەی پابەندبن.

وتیشی، سەقامگیریی سیاسی عیراق بە سەقامگیریی سیاسیی هەرێمەوە بەستراوە و ئەركی حكومەتیشە خزمەتی هەمووان بكات و پرۆسەی چاكسازی بەردەوامی هەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا