پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
هەڵمەتی نیشتمانی رواندنی یەك ملیۆن نەمام و سەوزكردنی كوردستان لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوامە، ئەمڕۆش هەڵمەتی نەمام ڕواندن لەسنوری دوو پڕۆژەی دارستانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی بەڕێوەچوو.
لەمیانی بەشداریكردنی لەهەڵمەتەكەدا زانا رەحمان قائیمقامی قەزای پێنجوێن وێڕای ئەوەی بە گرنگییەوە باسی لەم هەڵمەتە نیشتمانییە كرد داواكارییەكی ئاراستەی لایەنە حزبی و سەرمایەدارەكان كرد، كە بەهەمان شێوە پرۆژەی وەها جێبەجێبكەن و بەشداربن لە پاراستنی ژینگەی كوردستان و وتی، خەڵكی پێنجوێن بەگرنگییەوە لێی دەڕوانن و سوپاسی بافڵ جەلال تاڵەبانی دەكەن بۆ بەسەركردنەوەی قەزاكەیان.
هاوكات حسێن حەمە كەریم نوێنەری نووسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، ئەمڕۆ قۆناغێكی تری هەڵمەتەكەمان گەیاندە سنوری دوو پرۆژەی دارستانی گرنگ، كە ئەوانیش پرۆژەی دارستانی كێلوو سەر بەهۆبەی دارستان و پاوانی پێنجوێن و پاركی دارستانی رازیانە بوون كە توانیمان بڕێكی باش نەمامی تێدا بڕوێنین.
ئاماژەی بەوەكرد، پێنجوێن ناسراوە بەزۆری رووبەری دارستانە سروشتی لەگەڵ ئەوەشدا پلانی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی زیادكردنی رووبەری دارستانی دەستكردی لەخۆگرتووە بۆیە هەڵمەتەكە قەزاكەی گرتەوە.
هەرلەوبارەیەوە عەلی ئەحمەد نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی رایگەیاند، لەهەڵمەتەكەدا رەچاوی ئەوەكراوە، بەپێی چڕی دانیشتوان و دابەشبوونی، نەمامی پێویست بۆ ناوچەكان دابین بكرێت لەپێناو فەراهەمكردنی ژینگەیەكی لەبار و تەندروست بۆ دانیشتوانەكەی.