زیاتر لە 700 هەزار جیاوازی ئاماری هەرێم و بەغدایە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

جیاوازی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لە نێوان سەرژمێری هەولێر و بەغدا دا زیاتر لە ‌720 هەزار كەسەو بەوپێیە ژمارە زیادەكەی هەولێر و دهۆك 14 هێندەی سلێمانی و هەڵەبجەیە.

خاڵێكی رێككەوتنی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی و مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، پشتبەستنە بە ئاماری عیراق كە لە هەڵبژاردنی ئەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران بەكارهێندرا، بەو پێیەی ئاماری هەرێم بە بەراورد بە ئاماری عیراق جیاوازییان زۆرە.

بەپێی ئەو داتاو زانیارییانەی لەبەردەستدایە و پشتی بە ئاماری دانیشتوانی هەرێم و عێراق بەستووە، ( 722 هەزار و 829) كەس زیاترە بە بەراوردی ئاماری دانیشتوانی عیراق كە هەردووكیان لە ساڵی 2020 دا تۆماركراون.

ئاماری هەرێم بە بەراورد بە ئاماری عیراق جیاوازییان زۆرە

ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لە ساڵی 2020 دا بەپێی ئاماری عیراق (5,449,360) كەسە، بەڵام لە ئاماری هەرێم دا (6,172,083) كەس تۆماركراوە و بە بەراوردكاری هەردوو ئامارەكە (722 هەزار و 723) كەس زیاترە.

ئاماری هەولێر

بەپێی ئاماری عیراق ژمارەی دانیشتوانی هەولێری پایتەخت (1,903,609) كەس تۆمار كراوە، بەڵام ژمارەی دانیشتوانی هەولێر لە ئاماری هەرێم دا (2,255,422) كەسە، بەو بەراوردەش (351,813) كەس زیادە و جیاوازی هەیە.

ئاماری سلێمانی

هەرچی پەیوەستە بە ژمارەی دانیشتوانی شاری سلێمانی و هەڵەبجە بەپێی ئاماری عیراق، (2,219,193) كەس تۆماركراوە، بەڵام لە تۆماری ئاماری هەرێم (2,268,050) كەسە و جیاوازییەكە (48,857) كەسە.

ئاماری دهۆك

بەگوێرەی ئاماری عیراق دهۆك (1,326,558) كەس تۆماركراوە، بەڵام لە ئاماری هەرێم دا ژمارەی دانیشتوانی دهۆك (1,648,611) كەسە و بەبەراوردكردن (322,053) كەس جیاوازی هەیەو لەتۆماری هەرێمدا زیاترە.

جیاوازی هەولێر 14 هێندەی سلێمانییە

كۆی گشتی جیاوازی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لەنێوان ئاماری هەولێر و ئاماری بەغدا (722,723) كەسە، كە زۆرترینی ئەو جیاوازییە بەر پارێزگای هەولێر و دهۆك دەكەوێت كە (673 هەزار و 866) كەس جیاوازییەو زیاترە لە ئامارەكەی بەغدا، كە هەولێر و دهۆك بەراورد بەسلێمانی و هەڵەبجە 14 هێندە زیاترە.

لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە دەزگای هەڵبژاردن بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی راگەیاند: یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی كوردستان تەئكید لە ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عیراق دەكاتەوە، چونكە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان ئاماری دانیشتوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عیراق دا هەیە.

وتیشی: لە عیراقیش ئاماری وەزارەتی پلاندانان راست و دروستترە بەراورد بە ئاماری وەزارەتی بازرگانی، بۆیە ئەگەر بمانەوێت هەڵبژاردنێكی بێگەرد ئەنجام بدەین پێویستە پشت بە ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عیراق ببەستین و ئەو جیاوازییە زۆرەی لە نێوان ئاماری هەرێم و عیراق دا هەیە لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمەوە، كاریگەری زۆر دەكاتە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.
پشت بەئاماری پلاندانانی عیراق دەبەسترێت.

لەوبارەیەوە د.نەرمین مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە PUKMEDIA ی راگەیاند: وەزارەتی پلاندانان پەیوەندیدارە بە سەرژمێریكردنی عیراق، هەر نوسراوێكیان هەبێت بەهەندوەردەگیرێت و پشتی پێدەبەسترێت، كە بەداخەوە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان ئاماری دانیشتوانی هەرێم لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە.

جیاوازی سەرژمێری هەولێر و بەغدا زۆرە

رێكخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان-یش ئەو جیاوازییە زۆرەی نێوان ژمارەی دانیشتوانیی هەرێم بەپێی ئاماری بەغدا و هەولێر پشتڕاستدەكاتەوە.

د.هۆشیار عومەر رێكخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: لەو ژمارە جیاوازییەی لە سەرژمێریی هەولێر و بەغدا هەیە، كە زیاتر لە 722 هەزار كەسە، نزیكەی 700 هەزاریان بەر هەولێر و دهۆك دەكەوێت.

دوای نزیكەی سێ ساڵ لە ئاماری دانیشتوانی هەرێم كە ساڵی 2020 كراوەتەوە، كە كۆی گشتی هەرێم 6,172,083 كەس بوون، بە بەراوردی نوێترین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عیراق كە لە 20/9/2022ەوە ژمارەی دانیشتوانی بە (5 ملیۆن و 884 هەزار و 23) خەمڵاندووە، هێشتا جیاوازییەكە زیاتر لە 288 هەزارە، بەبەراوردی ئاماری 2020ی هەرێم و 2022ی عیراق بۆ هەرێم، بەوپێیەش ئەگەر ئاماری هەرێم ژمارەی دانیشتوان بخاتەڕوو بەپێی ساڵی 2022 ئەوا چاوەڕوان دەكرێت جیاوازییەكە بگاتە سەروو یەك ملیۆن كەس.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا