پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریكا كۆبووەوە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا لەدوای كۆبوونەوەكە لۆید ئۆستن پەیامێكی ئاراستەی سەركردەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق كرد.
كۆبوونەوەكەی نێچیرڤان بارزانی و لۆید ئۆستن لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كرا، لەدوای كۆبوونەوەكەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا ناوەڕۆكی گفتوگۆكانیان ئاشكرا كرد.
نێچیرڤان بارزانی وتی: هاوڕابووین چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گرنگە بۆ سەقامگیری ناوچەكە، جەختیشی كردەوە لەوەی هەرێمی كوردستان هەمیشە فاكتەری سەقامگیری دەبێت بۆ ناوچەكە و سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەكانی ئەمریكا دەكەین بۆ هێزەكانی پێشمەرگە.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند: دەیان ساڵ پێكەوە كارمان كردووە، لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رووبەرێكی فراوانمان لە دەستی داعش رزگاركرد.
سەبارەت بە پێشمەرگەش وتی: رۆڵێكی گەورەیان هەبوو لە شەڕی دژی داعش، پشتیوانیی خۆمان بۆ یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان پێشمەرگە و ئەمریكا دووپاتدەكەینەوە.
لە پەیامێكیشدا بۆ بەغدا و هەولێر لۆید ئۆستن وتی: هەماهەنگی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە گرنگە. پێویستە هەولێر و بەغدا پێكەوە كار بكەن.
جەختیشی كردەوە لەوەی پێویستە سەركردەكانی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە ناكۆكییەكانیان بهێنن.