فشاری پرساندن مەسرور بارزانی ناچار بەچوون بۆ پەرلەمان دەكات

پۆڵەتیك پرێس:
مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەپەیامێكدا داوای دانیشتنی تایبەتی پەرلەمانی كوردستان دەكات، ئەمەش دوای زیادبوونی فشارەكان بۆ پرساندنی لەپەرلەمانی كوردستان.

بەپێی راگەیەنراوێك، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، لەسەر داوای مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی تایبەت رێكبخات.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر جێبەجێكردنی كارنامەی چاكسازیی كابینەی نۆیەم و رێڕەوی گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و شیكردنەوەی دۆخی دارایی و تەندروستی ئێستای هەرێمی كوردستان و لێكەوتەكانی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وتارێك پێشكەش بكات.

ئەمە لەكاتێكدایە لەچەند رۆژی رابردوودا رێژەی یاسایی بۆ پرساندنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت تەواوبوو، بڕیارە رێكارەكانی تریش بۆ پرساندنی دەگیرێتە بەر.

عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لەو بارەوە بۆ پۆڵەتیك پریس وتی: بەهۆی ئەوەی چەند رۆژێكە پشووە رۆژی یەك شەممە یاداشتەكە پێشكەشی سەرۆكی پەرلەمانی دەكەین، دواتر دەكەوێتەوە سەر ئەوان، كە بۆ حكومەتی بنێرن.

لەبارەی كاتی ئەنجامدانی پرساندنەكەوە عەبدولستار مەجید وتی: بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دوای هەفتەیەك، كە یاداشتەكە بە حكومەت دەگات دەبێت وادەی هاتنەكەیان دیاری بكرێت و ئەگەر پاساویی یاسایی هەبێت ئەوا مانگێك مۆڵەتیان دەدریتێ.

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ باسی لەوەشكرد، لە ئێستادا هیچ كەموكوڕییەكی پەیڕەوی و یاسایی نییە و وتیشی: ئێمە لە ئێستادا هەموو كەموكورتییەكانمان نەهێشتووە، بۆیە دەبێت رێكارەكانی تر لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە بگیرێتەبەر.

چەند پەرلەمانتارێك ماوەیەكە سەرقاڵی كۆكردنەوەی واژوون، بۆ ئەوەی سەرۆكی حكومەت بانگێشتی پەرلەمان بكرێت‌و چەند پرسیارێكی لەبارەی دۆخی ئابووری‌و موچەی فەرمانبەرانی ئاراستە بكرێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک