پەرلەمانی عێراق لەسەر بازنەی هەڵبژاردنەكان نەگەیشتە رێككەوتن

پۆڵەتیك پرێس:
پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی لەسەر بڕگەی بازنەی هەڵبژاردن لەیاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامداو بەبێ ئەوەی لایەنەكان بگەنە رێككەوتن دانیشتنەكە بۆ مانگی داهاتوو دواخرا.

بەهار مەحمود ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: ئەو دانیشتنە راوێژكاری بوو، هەموو فراكسیۆنەكان بۆچوونی خۆیان لەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن خستەڕوو، لیژنەی یاساییش كۆمەڵێك پێوەری دانا، كە دەبێت فراكسیۆنەكان پێوەی پابەندبن.

ئەندامەكەی لیژنەی یاسایی وتیشی: پێوەرەكان خرایە دەنگدانەوە و دەنگی لەسەردرا، بەڵام ئامادەكردنی راپۆرت و دەنگدان لەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن پێویستی بەئامادەكاری هەیە لەلایەن لیژنەی یاساییەوە هەر بەو هۆكارە دانیشتنەكە دواخرا.

لەئێستادا جۆرێك دابەشبوون لەناو فراكسیۆنە سوننی و شیعەكاندا هەیە و بەشێكیان پێیان باشە هەڵبژاردن یەك بازنەیی بێت، بەشێكیان دەیانەوێت فرەبازنەیی بێت لەسەر ئاستی پارێزگا.

بەشێكی زۆری لایەنە كوردییەكانیش پێیان وایە یەك بازنەیی لەسودی كوردە، چونكە ئەگەر فرەبازنەیی بێت دەنگی كورد لەپارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەفەوتێت، لەناوچە دابڕێنراوەكانیش بەتایبەتی لە كەركوك كورد زیانی زۆر لە فرە بازنەیی دەكات.

هاوكات، حەسەن ئاڵی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی یەكێتی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: چوار بڕگەی یاساكە خرایە دەنگدانەوە و دەنگی پێویستی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە هێنا.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، دانیشتنەكەی رۆژی شەممە 26ی ئەیلول بۆ ١٠ی مانگی داهاتوو دواخرا تا لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە هەلێك بۆ لایەن سیاسییەكان بڕەخسێت و بگەنە رێككەوتنێك.

لەبارەی رێگرییەكانی بەردەم پەسەندكردنی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە حەسەن ئاڵی وتی: هەر فراكسیۆنەو لە دیدی خۆی و شارەكەی خۆیەوە باس لە بازنەكانی هەڵبژاردن دەكات، بۆ نموونە بۆ كورد گەر فرەبازنەیی بێت لەوانەیە لە ناوچە جیناكۆكەكان لەوانەیە دەنگەكانمان پاشەكشەبكات و بەهەمان شێوە لایەنەكانی دیكەش لە ناوچەكانی خۆیاندا كێشەیان هەیە.

حەسەن ئاڵی وتیشی: دوو بۆچوون هەیە یان فرەبازنەیی بێت یان بگەڕێینەوە بۆ ئەسڵی یاساكە، كە فرەبازنەیی لە ئێستادا تاڕادەیەك مەحاڵە و دەبێت حەدێكی ناوەندی بۆ بدۆزینەوە بەپێی هەڵكەوتەی پارێزگا و ئەو پێكهاتانەی لە پارێزگاكەدا هەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا