ناڕەزاییەكانی مامۆستایان‌و فەرمانبەرانی هەرێم دەبرێتە پەرلەمانی عێراق

پۆڵەتیك پرێس:
ژمارەیەك لەپەرلەمانتارە كوردەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پشتوانی ئەو داوایە دەكەن، كە پەیوەندی بەكۆتایی هێنان بەچەوساندنەوەی فەرمانبەران‌و مامۆستایانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.

یوسرا رەجەب پەرلەمانتاری عێراق نووسراوێكی ئاراستەی پەرلەمانتارانی عێراق كردووە، بەوەی پشتوانی ناڕەزایی فەرمانبەران‌و مامۆستایانی هەرێم بكەن، بەهۆی ئەوەی حكومەت مانگانە شایستە داراییەكانیان پێنادات.

لەدوای ئەو نووسراوە ژمارەیەك پەرلەمانتار واژوویان لەسەر یاداشتەكە كردو بڕیارە لەناو پەرلەمانی عێراق لۆبی بۆ بكرێت، بۆ ئەوەی پشتوانی زیاتری بۆ كۆبكرێتەوە.

یسرا رەجەب، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: داواكاریی من بایكۆدكردنی دانیشتنی پەرلەمان بوو، تا بەم شێوازە حكومەتی عێراقی بتوانێت فشارێك لەسەر سەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دروست بكات و چیتر نەتوانێت مافی فەرمانبەر و مامۆستایان پێشێلبكات.

یوسرا رەجەب وتیشی: حكومەتی كوردستان هیچ هەنگاوێكی جدی نییە بۆ چارەسەركردنی كێشەی فەرمانبەر و مامۆستایان و لە ئێستادا شاندی حكومەتی هەرێم لە بەغدان، بەڵام بەدەستی بەتاڵ هاتوون و هیچ لیستێكی موچەیان پێ نییە، لەكاتێكدا حكومەتی ناوەند داوای زانیاری ورد دەكات لەسەر ژمارەو ناوی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی چەندەها ملیۆن هاووڵاتی ناداتەوە بۆ داواكارییەكانیان، بۆیە لە ئێستادا تەنیا پشتیوانی بەس نییە بۆ مامۆستایانی نارازی، بەڵكو دەبێت جدیتر و زیاتر هەڵوێستمان هەبێت وەك نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق.

لە ئێستادا لە بەشێك لەناوچەكانی هەرێم بەرێوەبەرو مامۆستایان هەڕەشەی بایكۆتی دەوام دەكەن ئەوەش بەهۆی خراپی باری گوزەرانیان و پێنەدان و لێبرینی موچەكانیانەوە، كە بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوو خۆپیشاندانی فراوان ئەنجامبدەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا