لەدوو زانكۆی هەرێم بەشی زمانی كوردی دادەخرێت

پۆڵەتیك پرێس:
داخستنی بەشی زمانی كوردی لەزانكۆی راپەرین و زانكۆی چەرمۆ كاردانەوەی لێكەوتووەتەوەو مامۆستایەكی زانكۆش دەڵێت: ئەم بڕیارە خزمەتكردنە بەئەجێندای داگیركاری لە هەرێمی كوردستان

بۆ ساڵی نوێی خوێندن، هەردوو زانكۆی چەرمۆ لە چەمچەماڵ‌و راپەڕین لەرانییە، بڕیاریانداوە، بەشی زمانی كوردی دابخەن، كە ئەوە كاردانەوەی جۆراوجۆری لێكەوتووەتەوە.

بەشێكی زۆر لەكاردانەوەكان بەو ئاراستەیەن، كە رەخنە لەبڕیارەكە دەگرن‌و پێیانوایە، نابێت لەگرنگی بەشی زمانی كوردی كەمبكرێتەوە، كە زانكۆكان بەبیانووی نەبوونی هەلی كار بۆ دەرچووەكانی ئەو بەشە، بڕیاری داخستیانداوە.

لەو بارەوە دكتۆر ئەحمەد میرە، مامۆستای زانكۆ، تایبەت بە پۆڵەتیك پرێسی وت: ئەو بریارە پێچەوانەی دەستووری عێراقییە، هەروەها پێچەوانەی یاسای زمانە فەرمییەكانە لە عێراقدا، پێچەوانەی هەموو یاسا كارپێكراوەكانیشە لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان.

ئەحمەد میرە وتیشی: بریاری داخستنی بەشی زمانی كوردی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان شكاندنی شكۆی نیشتمانی و نەتەوەییە، ئەم بڕیارە خیانەتێكی گەورەیەو پێویستە بەرپرسانی ئەم كارە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی تایبەت بەم پرسە ئەنجامبدات

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەشی كوردی لە زانكۆكاندا هێندەی گوزارشتە لەشكۆی نەتەوە هێندە گوزارشت نییە لە بازاری كار، پێویستە سەرۆك زانكۆكان هێندە رۆشنبیریان هەبێت نەتوانن گاڵتە بە هەستی نیشتمانی تاكەكانی بكەن، جەختیشیكردەوە، كە ئەم بریارە خزمەتكردنە بە ئەجێندای داگیركری دەوڵەتی توركیایە لە هەرێمی كوردستان.

بەشێكی تریش لەكاردانەوەكانی سەر داخستنی بەشی كوردی لەو دوو زانكۆیەی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە باس لەوە دەكرێت، ئەو بڕیارە كاریگەری لەسەر كەلتوری ناوچەكە دەبێت، بەو پێیەی زمان راستەوخۆ پەیوەندی بەكەلتورەوە هەیە

دكتۆر شیلان عومەر، مامۆستای زانكۆ لەو بارەوە دەڵێت: زمان پەیكەرو دیوان و گەنجینەی هەموو نەتەوەیەك پێك دەهێنێت، هەركاتێك زمان گرفتی بۆ دروست بێت ئەوكات نەتەوەش كلتورەكەی لەناو دەچێت.

دكتۆر شیلان بۆ پۆڵەتیك پرێس دەشڵێت: لە كوردستان كردنەوەی بەشەكانی زمان بە پێی پلان و بنەمایەكی زانستی نەبوو لەئێستاشدا داخستنەكەی بەپێی پلان‌و بنەمایەكی زانستی نییە.

دكتۆر شیلان، باس لەگرنگی بەشی زمانی كوردی دەكات‌و ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەگەر دەرچووی بەشەكانی تەندروستی ئەركیان چارەسەری جەستەو چاودێری كردنی مرۆڤ بێت، دەرچوانی بەشی زمانی كوردی ئەركیان پاراستن و بەرەوپێشبردنی نەوەو كلتوری میللەتە و لە هەموو دنیادا دەرچووانی بەشی زمانی دایك بەهای تایبەتی خۆیان هەیە، چونكە ئەگەر مامۆستایانی بەشی زمانی دایك نەبن ئێمە ناتوانین تاكێكی دروست بۆ كۆمەڵگا بەرهەم بهێنین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا