پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ڕافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ئاژانسەکە ئامادەیە لەکارکردن لەگەڵ ئێران بەردەوام بێت و جەختیشیکردەوە پێویستە ئێران شەفافانە هەندێک بابەتی پەیوەست بە دۆسیەی ئەتۆمی بخاتەڕوو.
لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گرۆسی وتی، وتووێژەکانی تەواوکردووە سەبارەت بە هاوکاری زانستی و تەکنیکی نێوان ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی و ئێران، هەروەها دەبێت گومان و ناڕوونی لەسەر سروشتی ئاشتیانەی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران لاببەین و ئەمە ئەو کارەیە کە ئێستا لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئەنجامی دەدەین.
هاوکات، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە گەڕانەوەی بۆ ئێران و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، ئاماژەی بەوەشکرد ئەم گفتوگۆیانە بەردەوام دەبێت و بڕیارە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی ئێرانی کۆببێتەوە و باسی لەوەشکرد کارکردن لەسەر بنەمای هاوکاری گرنگییەکی زۆری هەیە.
گرۆسی لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسێکدا سەبارەت بە دزەپێکردنی ئەو زانیارییانەی پەیوەندی بە فایلی ئێرانیەوە هەیە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و زیانگەیاندن بە پێشکەوتنی هەماهەنگی نێوان تاران و دەزگای هەواڵگریی نێودەوڵەتی وتی، “نیگەرانم لەهەر دزەکردنێک لە زانیاری نهێنی بۆ میدیاکان و ناتوانم کۆنتڕۆڵی ئەوە بکەم، هاوڕام لەگەڵتان کە کارێکی باش نییە، بەڵام ئەمە پێویستی کۆبوونەوە ڕاستەوخۆکان بۆ زاڵبوون بەسەر دەنگۆ و پێشبینیەکاندا بەرجەستە دەکات”.
جەختیشیکردەوە ئاژانسەکە کاردەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەتی لەبارەی بابەتی یۆرانیۆم لە شوێنە ڕێگەپێنەدراوەکاندا.