پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
قسەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دووەمین كۆڕبەندی هەولێر، كاردانەوەی میدیا عێراقی و عەرەبییەكانی لێكەوتەوە، زۆرینەشیان جەختیان لەسەر ئەو قسانەی بوو، كە باسی لە رێككەوتنی هەرێم و بەغداد دەكرد سەبارەت بە پرسی نەوت.
پێگەی كەناڵی سۆمەریە نیوز ئاماژەی بەوەداوە كە بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە قسەكانیدا باسی لەوە كردووە ئامادەن بگەنە رێككەوتن سەبارەت بە پرسی نەوت و تیشكیشیان خستووەتە سەر هۆشدارییەكەی لە وازهێنانی لایەنە نێودەوڵەتییەكان لە نێوەندگیریكردن لە چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم.
هاوكات پێگەی بەغداد الیوم باس لەوەدەكات، كە بافڵ جەلال تاڵەبانی، رایگەیاندووە، یەكێتی سازش لەسەر كەركوك ناكات و كەركوك لە هەموو كۆبوونەوەكان لە بەغداد ئامادەیە، داواشیكردووە پارتی دیموكراتی كوردستان پاڵپشتی دۆسیەی كەركوك بێت، چونكە بە كاركردنی پێكەوەیی ئەنجامی باشتر بەدەستدەهێنن.
بەشێك لە میدیا و پەیجە عێراقییەكانی تریش ئاماژەیان بە قسەكانی سەرۆكی یەكێتی كردووە سەبارەت بە دادگاكانی عێراق، كە سەربەخۆ و بێ لایەنن و سیاسییەكان ناتوانن دەستوەردانی تێدا بكەن.
بەشێكی تریش ئاماژەیان بەوەكردووە كە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتویەتی، هەر كاتێك عێراق باش بێت هەمووان باش دەبن و لەگەڵ عێراقێكی یەكگرتوودان.