گەڕانەوەی ژیان بۆ دوو دەریاچەی عێراق

پۆڵەتیك پرێس:
چەند وێنەیەك، كە لەلایەن مانگە دەستكردەكانی ئاژانسی گەردوونی ناساوە گیراون، بەرزبوونەوەیەكی دیار لەئاستی ئاو لەدوو دەریاچەی گەورەدا لەعێراق نیشان دەدەن.

ئاژانسی ناسا لەسەر پێگەی خۆی دوو وێنەی بڵاویكردووەتەوە، كە وێنەكان وێنەی دەریاچەی حەببانییەیە لەپارێزگای ئەنبار لەڕۆژئاوای عێراق.

وێنەی یەكەمی دەریاچەكە هی دوو ساڵ پێش ئێستایەو وێنەی دووەمیشی بەم دوایانە گیراوەو دەریدەخات رێژەی ئاو لەو دەریاچەیە بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

وێنەی یەكەم لە 16ی ئابی 2018 گیراوە، كە ئاوەكە سوور دەردەكەوێت، ئەوەش نیشانەی كەمی ئاوە لەو ناوچەیە، وێنەی دووەمیش لە 21 ی ئابی 2020 گیراوەو بە ڕوونی ئاستی بەرزی ئاو دەبینرێت، كە ئەو ئاستە پێشتر لەساڵی 2009 تۆماركراوە.

هەروەها ئاژانسی ناسا وێنەی دەریاچەی رەزازییە، كە دەكەوێتە شاری كەربەلای باشووری بەغدا بڵاوکردووەتەوە، كە لەدوای وشكەساڵی بەرزبوونەوەیەكی زۆری ئاستی ئاوی لەو دەریاچەش دەبینرێت.

لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا زۆرێك لە دەریاچە مەزنەكانی عێراق بەهۆی وشكەساڵی و خراپ ئیدارەدانی بەنداو و جەنگەوە كەمی ئاستی ئاویان بەخۆیەوە دیووە، دەریاچەكانی حەببانیە و ڕەزازە گەورەترین پشكی كەمبوونەوەیان بەركەوتووە.

حەبانییە لە دەیەی 1980 دا شوێنی گەشتیاری بەناوبانگ بوو، بەڵام دواتر ئەو هاوینەهەوارە لە ئەنجامی شەڕ و گەمارۆی ئابووری لە ماوەی دەیەی 1990دا دووچاری داڕمان بوو، لەو كاتەوە چەندین كۆمپانیا هەوڵیانداوە بەبنیاتنانەوەی دامەزراوە سەرەكییەكانی ئەو شوێنە زیندوو بكەنەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون.

مێژووی دروستكردنی دەریاچەی رەزازەش بۆ دەیەی 1970 دەگەڕێتەوە، كە ئامانج لەدروستكردنەكەی بۆ وەرگرتنی ئاوی زیاد لەدەریاچەی حەبانییە لەوەرزی لافاودایەو ئەویش یەكێك بوو لەگەورەترین دەریاچەكانی عێراق و شوێنی سەیرانی بەناوبانگ بوو لەدەیەی 1980دا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا