بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ نوسەران: ڕەخنە بگرن و لەمنەوە دەست پێ بکەن

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ بەشێک لە نووسەران و ئەدیبانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی رۆشنبیری و ئەدیبان و نووسەران، ئازادی رادەربڕین و فراوانکردنی پانتاییەکانی ئازادی گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و چەند پێشنیارێکی گرنگ خرانەڕوو.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکە، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی نووسەران کرد لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی کورد و هەوڵەکانیان لەپێناو پێشخستن و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و رایگەیاند، کورد خاوەنی میراتێکی دەوڵەمەندی ئەدەبی و رۆشنبیرییە و مێژوویەکی درەوشاوەمان هەیە لەو بوارەدا. نووسەرانی کورد و بەرهەمەکانیان لەسەر ئاستی جیهان پێشوازییان لێدەکرێت و ئەمەش جێگەی شانازیی ئێمەیە.
وتیشی، لە قۆناغی سەختی خەباتدا ئەدیبان و نووسەران رۆڵێکی گرنگیان هەبووە و ئێستاش کاریگەری بەرچاویان هەیە لە کۆمەڵگەدا، بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵەکانی ئێوە لەیاد ناکات و بەشانازییەوە هاوکار و یارمەتیدەرتان دەبێت.
سەبارەت بە پرسی ئازادی بیروڕا و سنووردارکردنی هەوڵەکانی نووسەران و ئەدیبان لە هەرێمی کوردستان وتی، مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەوڵەمەندە بە چەندین نووسەر و ئەدیبی ناسراو کە جێدەستیان لەناو حزبەکەدا دیارە و خەباتی بێوچانیان لەپێناو کوردستاندا کردووە، بەهەمان شێوە حزبەکەش پاڵپشت و پشتیوانێکی گەورەی نووسەران و ئەدیبان بووە. بەردەوام لەگەڵ پتەوکردنی پایەکانی دیموکراسی و بیری ئازاددا بووین، هەوڵەکانی سەرۆک مام جەلال و هێرۆ خانیش لەو بوارەدا شاهیدی ئەو راستییەمان بۆ دەدەن.
وتیشی، ئەگەر لە هەرجێگایەکیتر هەوڵێکی لەوشێوەیە هەبێت بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی، ئەوا ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵیدا نین و هیوادارم لەوە زیاتر رووخساری هەرێمەکان لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناشرین نەکرێت.
سەرۆکی یەکێتی، داواشیکرد نووسەران لە خزمەت خەمی گشتی و بەرەوپێشچوونی کایەکانی رۆشنبیریی کوردیدا بن و  رەخنەگرێکی سەرسەختی دۆخەکە بن و سەرەتاش لە بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە دەستپێبکەن. نووسین بەرپرسیارێتییە و ئێوەش بەرپرسیارێتییەکی گەورە و مێژووییتان لەسەر شانە و قەڵەمێکی راستگۆ و سەنگین بن بەرامبەر خوێنەرانتان.
سەبارەت بە هەماهەنگی و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نووسەران لە هەر چوارپارچەی کوردستان سەرۆکی یەکێتی داوایکرد، پەیوەندییەکانتان فراوان و توندوتۆڵ بکەن و پێکەوە لە خزمەت فەرهەنگ و زمانی شیرینی کوردیدا بن.
لەبارەی سەرنج و پێشنیارەکانی نووسەران و ئەدیبانیش بۆ بەرەوپێشچوونی رەوتی ئەدەبی و دۆخی نووسەران لە هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد و وتی، ئێوە شانازیی ئێمە و هەموو خەڵکی کوردستانن، بۆیە لەداهاتوودا بە کردار وەڵامی هەوڵ و ماندووبوونتان دەدەینەوە و بەڵێنتان پێدەدەین پاڵپشت و پشتیوانی بەردەوامی ئێوەبین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا