داهاتی كۆمپانیای كار گروپ لەساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٩ چوار ملیار و ٩٦٤ ملیۆن دۆلار بووە

پۆڵەتیك پرێس:
سەركۆ ئازاد پەرلەمانتاری كوردستان ئاشكرایكرد، داهاتی كار گروپ لەساڵی ٢٠٠٩ـوە تا ٢٠١٩ چوار ملیار و ٩٦٤ ملیۆن دۆلاربووە، سەرەڕای ئەوەش حكومەتی هەرێم بڕی ٥٢٤ ملیۆن دۆلار بۆ كۆمپانیاكە خەرج دەكات.

سەركۆ ئازاد بڕیاردەری لیژنەی وزەو سامانەسروشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشیكرد، حكومەتی هەرێم بڕی ٥٢٤ ملیۆن دۆلاری بۆ كۆمپانیای كار گروپ خەرج دەكات، كە كۆمپانیاكە تەنیا لە لە پاڵاوتنی نەوتدا چوار ملیار و ٩٦٤ ملیۆن دۆلاری قازانجكردووە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتەڕوو، حكومەتی هەرێم لە ١٠٠٪دا ١٠٠٪ی پشكەكانی كێڵگەی خورمەڵەی داوە بە كار گروپ و لەماوەی پێشووشدا بڕی ٥٢٤ ملیۆن دۆلاریشی داوە بەكۆمپانیاكە، كە لە هیچ یاسایەكدا نییە كێڵگەیەك بەتەواوی بدەیت بە كۆمپانیایەك و بڕە پارەیەكی لەو جۆرەشی بدرێتێ.

هەروەها ئاشكرایكردووە، كۆمپانیای كار گروپ بۆ پاڵاوتنی نەوتی پاڵاوگەی خەبات بڕی ١٧ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك لەحكومەتی هەرێم وەردەگرێت، لە كاتێكدا گرێبەستی كار گروپ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقدا ١٠ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك.

باسی لەوەشكردووە، بە پشتبەستن بە كۆتا راپۆرتی دیلۆیت لە ساڵی ٢٠١٩دا كار گروپ داهاتی لە كێڵگەی خەباتدا هەشت ملیۆن و ٧٣٧ هەزار و ٤٤٤ بەرمیل بووە و كۆی گشتی داهاتیشی لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٩ـوە تا ساڵی ٢٠١٩ چوار ملیار و ٩٦٤ ملیۆن دۆلار بووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا