مەترسی كودەتا لەعێراق

پۆڵەتیك پرێس:
ئەو گروپە چەكدارییانەی عێراق، كە سەر بەئێرانن، لەزۆربوونی هەژموونی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق نیگەرانن، بۆیە دەیانەوێت سنوورێكی بۆ دابنێن.

گروپەكان دەیانەوێت لەرێگەی ئەنجامدانی كودەتایەكی سەربازی ئەو سنوورە بۆ مستەفا كازمی‌و حكومەتەكەی دابنێن، بۆ ئەوەش هەست بەچەند جووڵەیەكی سەربازی لەچەند ناوچەیەكی عێراق دەكرێت.

سەرچاوە هەواڵییەكانی عێراق باسیان لەبوونی ئەو جموجوڵانە كردووە، كە جموجوڵەكانیش لەلایەن هادی عامری ئەمینداری رێكخراوی بەدرو نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سەرپەرشتی دەكرێن.

 

جموجوڵەكانیش لەلایەن هادی عامری ئەمینداری رێكخراوی بەدرو نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سەرپەرشتی دەكرێن

 

سەرچاوەكان باسیان لەوەش كردووە، هانی گروپە عەشایرییەكان‌و چەند ئەفسەرێكی ناو دەزگا ئەمنییەكان دەدرێت، بۆ ئەوەی دەست بەجوڵانەوەی سەربازی لەدژی حكومەتەكەی مستەفا كازمی بكەن، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ ئەنجامدانی كودەتای سەربازی.

سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەش كردووە، كە جموجۆڵەكانی عامری بەڕوونی لەلایەن سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا نوری مالیكییەوە پشتگیری و پشتیوانی دەكرێت.

عامری‌و مالیكی ترسیان لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختیان هەیە، كە لەلایەن مستەفا كازمییەوە دیاریكراوەو بڕیارە لەسەرەتای حوزەیرانی 2021 دا بەرێوەبچێت، بۆیە دەیانەوێت پێش ئەو وادەیە حكومەتەكەی بڕوخێنن.

هەرچەندە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە كوتلەكانی عامری‌و مالیكی جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، كازمی بەڵێنی داوە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو خۆی كاندید نەكاتەوە، بەڵام ترس هەیە، لیستێكی هەڵبژاردن دروست بكات‌و بەو لیستەش زۆرینەی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت.

گریمانەی دروستكردنی لیست ترسی خستووەتە دڵی سەركردە شیعەكان، بەوەی ئەو لیستە كۆتایی بەهەژموونیان بهێنێت، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدەن لەچەند رێگەیەكەوە رووبەڕووی كازمی ببنەوە.

 

گریمانەی دروستكردنی لیست ترسی خستووەتە دڵی سەركردە شیعەكان

 

هەروەها بەم دوایانەش كازمی بڕیاری داخستنی بارەگای حەشدی شەعبی و ئاسایشی نیشتمانی و دەستەی نەزاهە و بەرپرسیاری و دادپەروەری لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەكرد، ئەمەش سەركردەكانی شیعەی زیاتر تووڕە كردووە.

بڕیاری كۆتایی هێنان بەبوونی دەسەڵاتی میلیشیا لە فڕۆكەخانەی بەغدا، دوای بڕیاری لەكارخستنی چەند سەركردەیەكی شیعە لەعێراق هات، كە سەركردەكان بەتەواوی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی دەبێت سنوورێك بۆ بڕیارەكانی كازمی دابنێن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا