پرۆسەی خوێندن لە نێوان ئۆنلاین و پۆلدا

پۆڵەتیك پرێس

ئەمساڵ لە دەروازەی ساڵی نوێی خوێندندا دڵە راوكێ‌ و كێشەیەكی گەورە رووی كردووە لە خوێندكاران و دایكان و باوكان ئەوەیش بریتیە لەو بڕیاری خوێندن بە ئۆنلاین یان ئەلیكترۆنی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە.

مامۆستایەك دەڵێت خوێندن بە ئۆنلاین یان ئەلیكترۆنی هیچ زەمینە سازییەكی بۆ نەكراوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە، ئەندامێكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژنەوەی زانستیش دەڵێت، خوێندن بە رێگای ئۆنلاین كێشەی زۆر بۆ خوێندكاران و دایك و باوكان دروستدەكات.

ئاكۆ جمال مامۆستا بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: وەزارەتی پەروەردە هیچ ئامادەكارییەكی نەكردووە بۆ خوێندن بەرێگای ئۆنلاین، جگە لەوەش گرفتی زۆر بۆ دایك و باوكی خوێندكاران دروست دەكات بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە.

ئەو مامۆستایە وتی: بیهێنە پێش چاوی خۆت ماڵێك پێنج خوێندكاری تیابێت پێویستی بە پێنج كۆمپیوتەر یان ئایپاد یان مۆبایلی زیرەك هەیە بۆ منداڵەكانی، هاوكات پێویستی بە هێڵی ئینتەرنێتی بەردەوام و كارەبای بەردەوام هەیە، ئەمانەش بۆ هەرێمی كوردستان زۆرقورسن.

 

خوێندن بە ئۆنلاین یان ئەلیكترۆنی هیچ زەمینە سازییەكی بۆ نەكراوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە

بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردە بە هەنگاوێك دادەنرێت بۆ شكست پێهێنانی پرۆسەی خوێندن، بەشێك لە مامۆستایان و هاووڵاتیان پێیان وایە حكومەت بە چەند مەرج و رێنماییەكی پێویست دەتوانێت دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بكاتەوە.

دانا عەبدول مامۆستا بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: حكومەتی بەعس پرۆسەی خوێندنی ناونابوو (التربیە والتعلیم) ئەمان هاتن فێركردنەكەیان لابرد و پەروەردەكەیان هێشتەوە، ئێستا دەیانەوێت بەتەواوی پەروەردەكەش نەهێڵن لە رێگەی خوێندن بە شێوازی ئۆنلاین.

ئەو مامۆستایە وتی: سەیرە بۆ پرۆسەی خوێندن دەڵێن مەترسی هەیە و نابێت خوێندكار بخوێنێت بەڵام بۆ ساڵیادی ریفراندۆم هەزاران كەس كۆدەكەنەوە و ئاهەنگ دەگێڕن مەگەر ئەوەش كۆكردنەوەی خەڵك نیە.

 

خوێندن بە ئۆنلاین بە یەكجاری شكست بە كەرتی پەروەردە دەهێنێت

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەشكرد، پرسەكە زیاتر سیاسییە تا ئەوەی خۆپارێزی بێت لە كۆرۆنا چونكە ئەوان ناتوانن ماف و شایستە داراییەكانی مامۆستایان بدات، بۆئەوەی مامۆستایانیش فشار نەخەنە سەردەسەڵات دەوام رادەگرن و خوێندن دەكەن بە ئۆنلاین.

دانا عەبدول ئاشكراشیكرد تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان هیچ خوێندنگە و پەیمانگاو زانكۆیەكی حكومی یان ئەهلی ئامادەكاری تەواوی نەكردووە بۆ خوێندن بە ئۆنلاین چونكە خوێندن ئەگەر بە ئۆنلاینیش بێت خەرجییەكی زۆری دەوێت.

هاووڵاتیان دەپرسن هەموو شت لەم وڵاتەدا بەرەو ئاسایی بوونەوە چووە، دوكان و بازاڕەكان كراونەتەوە، سەیرانگاكان بەڕووی گەشتیاراندا وڵاكراون، نوێژخوێنان دەچنە مزگەوت و شوێنە ئایینیەیكانی تریش كراونەتەوە كەواتە دەبێت كۆرۆنا تەنها لەناو ناوەندەكانی خوێندندا بوونی هەبێت؟

راهی رەهبەر ئیبراهیم ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: لە ئێستادا بەهیچ جۆرێك زەمینە بۆ خوێندن بە ئۆنلاین یان ئەلیكترۆنی لەبارنیە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان وتی: زۆربەی وڵاتانی دراوسێ‌ لەوانە توركیا و سوریا و ئێران بە چەند مەرجێك بڕیاری كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكانیان داوە، باشترە بە هەمان شێوە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمیش بڕیار لەسەر كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بدات.

 

زۆربەی وڵاتانی دراوسێ بە مەرج رێگەیانداوە خوێندكاران لە ناوەندەكانی خوێندندا بخوێنن

خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندنیش بێ‌ كێشە و گرفت نیە، لەوانە لە هەرێمی كوردستان ١٤٠٠ قوتابخانە میوانن لە قوتابخانەی تر وە ٦٠٪ قوتابخانە و خوێندگەكانی هەرێمی كوردستان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەهەیە، سەرباری ئەوەی لە هەموو قوتابخانەكاندا گرفتی دوو دەوامی و سێ‌ دەوامی هەیە قوتابخانەش هەر چوار دەوام و پێنج دەوامی تێدا دەكرێت.

بڕیارە سبەی ٢٧/٩/٢٠٢٠ دەرگای ناوەندی خوێندن بە رووی خوێندكارانی پۆلی ١٢ ی ئامادەیی بكرێتەوە، مامۆستایانیش بڕیاریانداوە خوپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجام بدەن لەبری گەڕانەوە بۆ ناوەندەكانی خوێندن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا