پۆڵەتیک پرێس
توشبووانی شەکرە پێویستە کۆنتڕۆڵی ڕێژەی شەکری خوێنیان بکەن، چونکە بەرزبوونەوەی ڕێژەکەی کاریگەری مەترسیداری لەسەر هەندێک لە ئەندامەکانی جەستە دەبێت وەک دڵ، خوێنبەرەکان، گورچیلە، چاو و پووک.
ڕێکخراوی خێرخوازی شەکرە لە بەڕیتانیا جەختی کردۆتەوە بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکر لەخوێندا مەترسی توشبوون بە نەخۆشییەکانی پووک زیاددەکات، بەپێی ماڵپەڕی”ئەمڕۆی ڕوسیا”، کاتێک ڕێژەی شەکر لەخوێندا بەرزدەبێتەوە بەکتریای ناو بۆشاییەکانی دەم چالاکتر و بەتواناتردەبن بۆ گەشەکردن، بەمەش ئەو ترشانە بەرهەم دێت کە زیان بە تەندروستی ددان و پووک دەگەیەنن.
توشبووانی شەکرە دەتوانن توشبوون بە نەخۆشییەکانی پووک لەڕێگەی هەندێک نیشانەوە بناسنەوە، کە لەلایەن خزمەتگوزاری تەندروستی نەتەوەیی ناسێنراون ئەوانیش وەک:
-خوێنبەربوونی پووک
-هەوکردنی پووک
-ئاوسانی پووک
-ئازاری پووک
-بۆنی ناخۆشی ناودەم
لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو نیشانانە پێویستە توشبووانی شەکرە ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشک بکەن، چونکە فەرامۆشکردنی نەخۆشییەکانی پووک زیانی زۆر بە ددان دەگەیەنن و لەوانەیە ببنە هۆی لەدەستدانی ددانەکان، بەپێی کۆنسلتۆی پزیشکی.