باوكی كوژراوێك لە هەولێر: ئاسایش و پۆلیس گوێ لە سكاڵا ناگرن

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

تۆمەتبارێك لە سنووری هەولێر بە چەكەوە پەلاماری هاوسەری پێشووی دەدات و دەیكوژێت، پاشان هەڵدێت و باوكی ژنە كوژراوەكەش دەڵێت: پێنج جار سكاڵامان لە ئاسایش و پۆلیس تۆماركرد، بەڵام بەبیانوی جیا گوێمان لێنەگیرا.

رۆژی 18/2/2023 لە ناوبازاڕی قوشتەبەی سەر بە پارێزگای هەولێر ژنێك بەر دەسترێژی گوللە درا لەلایەن هاوسەری پێشویەوە و تۆمەتبارەكەش رایكرد، لە هەمانكاتدا رۆژی 6-1-2023 لە گەڕەكی موفتی شاری هەولێر باوكێك كچە تەمەن 15 ساڵانەكەی خۆی كوشت و هەڵهات پاشان خۆی تەسلیمی پۆلیس كرد، لە كاتێكدا تۆمەتبار چەندین سكاڵای لەسەر بووەو دەستگیرنەكراوە.

سەباح محەمەد باوكی ئەو ژنە كوژراوەی قوشتەپەی هەولێر بە میدیاكانی رایگەیاند: پێنج جار سكاڵام لەسەر بكوژەكە تۆمار كردوە، ئاسایش و پۆلیسم لە هەڕەشەكانی ئەو كوڕە ئاگادار كردوەتەوە، بەڵام نەهاتن بەدەنگ داواكەمانەوە، تا ئەو رووداوە روویداو كچەكەم كوژرا، بۆیە هۆكاری كوشتنی كچەكەم كەمتەرخەمی حكومەت و وەزارەتی ناوخۆیەو ئەوان بەرپرسیارن.

وتیشی: هێزە ئەمنییەكان رۆڵیان لەئارامی ئەم ناوچەیە نەماوەو هۆزو عەشیرەتەكان بڕیاردەرن و هەر كەسێكیان بوێت دەیكوژن و دەیفڕێن و توندوتیژی بەرامبەر دەكەن، هێزە ئەمنیەكانیش تا رووداوەكە روونەدات نایەن بەدەم داواكاری خەڵكەوە.

لە كاتێكدا سەرلەبەیانی رۆژی 19-2-2023 تەرمی تۆمەتباری كوشتنی ژنەكەی قوشتەپە دۆزرایەوەو بەپێی زانیارییە ناڕەسمییەكان پێدەچێت خۆی كوشتبێت.

بەپێی ئاماری راگەیەندراوی هەرسێ بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر و سلێمانی و دهۆك كە لە ساڵی 2022 ئاشكرایان كردووە 29 هەزار و 315 دۆسیە بۆ تاوان كراونەتەوە و كە زۆرترینیان لە دهۆك بووە كە 12334 دۆسیە بووە، هەروەها 121 كە حاڵەتی كوشتنیش لە هەرێم تۆماركراوە و لەو ژمارەیە زۆرترینی لە هەولێربووە كە 62 حاڵەت بووە.

نافز مستەفا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە بەسایتی PUKMEDIA ی راگەیاند: ئەو داواكراونەی لە هەولێر بەرپرسیان لە پشتە دادگا و هێزە ئەمنییەكان ناتوانن لێپێچنەوەیان لەگەڵ بكەن و دەستگیر بكرێن، ئەمەش وایكردووە ببنە هۆكاری ئەو تاوانانە.

وتیشی: هێزە ئەمنییەكان زۆرجار ناتوانن ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن بەهۆی پشتیوانی بەرپرسان و دادڵدەدانی داواكراوان، ئەوەش دەبێتە زۆربوونی تاوانی كوشتن و بەتایبەت ئەوانەی چەكدارن.

لە سلێمانی چەند جارێك هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كراوە و رێوشوێنی توند گیراوەتەبەر.

نیاز ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەسایتی PUKMEDIA ی راگەیاند: بەراورد بە هەولێر لە سلێمانی رێژەی كوشتن و تاوان كەمترە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەسلێمانی چەك هەڵگرتن كاڵبوەتەوەو حكومەتی خۆجێی سلێمانی چەندینجار هەڵمەتی دەستبەسەردا گرتنی چەكی راگەیاندوە.

ئەو رووداوەی هەولێر لە كاتێكدایە، ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر نیگەرانی خۆی لەبارەی مافی ژنان لەهەرێم دەربڕی و رایگەیاند: لەچەند بەشێكی هەرێمی كوردستان پاشەكشێیەكی بێزاركەر لەمافی ژنان دەبینین و نیگەرانین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا