پارتی بۆ چارەسەری کێشەکانی لەگەڵ بەغدا پەنادەباتەبەر فەڕەنسا

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

هەولێر پێویستی بە پشتیوانی دەرەکییە بۆ فشارخستنەسەر بەغدا و گەیشتن بە چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق.

لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی “ئەلعەرەب” ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، ناوەندی سیاسی عێراق باس لەوە دەکات، ئامانج لە سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ پاریس، داواکردنی نێوەندگیری بووە لە فەڕەنسا، بەتایبەت کە بێهیوا بووە لەوەی لە ناوخۆدا چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بدۆزرێتەوە.

ئەوەش دەخاتەڕوو، حکومەتی هەرێم هەوڵ دەدات سود لە پەیوەندییە نوێیەکانی نێوان پاریس و بەغدا ببینێت و وا لە فەڕەنسا بکات نێوەندگیری بکات، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە فەڕەنسا خۆی بەرژەوەندی لەم نێوەندگیرییەدا هەیە و ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ زیادکردنی وەبەرهێنانەکانی لە کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان.

جێی ئاماژەیە ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەبارەی کەرتی وزە و نەوت لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بووەتەهۆی لاوازبوونی وەبەرهێنانی بیانی لە ناوچەکە و وای لە ژمارەیەک کۆمپانیا کردووە چالاکییەکانیان هەڵپەسێرن.

ئامانج لە سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ پاریس، داواکردنی نێوەندگیری بووە لە فەڕەنسا

لەمیانی سەردانەکەی بۆ پاریس کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ئەنجامیدا، مەسرور بارزانی چاوی بە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا کەوت و هەردوولایان جەختیان کردەوە لە گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم بەشێوەیەکی ڕیشەیی و لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

هاوکات، مەسرور بارزانی چاوی بە جیرار لارش، سەرۆکی ئەنجومەنی پیرانی فەڕەنسا کەوت و لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەنکار و وەبەرهێن و بازرگان و نوێنەری چەند کۆمپانیایەکی فەڕەنسی کۆبووەوە و هانی دان وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان زیادبکەن و ئامادەیی حکومەتەکەی نیشاندان بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هەماهەنگی و هاوکارییەک.

چاودێران دەڵێن، بژاردەی نێوەندگیری فەڕەنسا لەنێوان بەغدا و هەولێر دەمێکە هەیە، بەڵام پرسیارەکە لەبارەی ئەوەیە ئایا دەتوانێت هیچ جۆرە گۆڕانکارییەک دروست بکات لەکاتێکدا لایەنی عێراقی و کوردی بە ئیرادەی خۆیان نەیانەوێت گۆڕانکاری دروستبکەن؟!.

چاودێران ئاماژە بەوەش دەکەن، کێشەی سەرەکی لێرەدا چوارچێوەی هەماهەنگییە کە بە “چەتری سیاسی هێزەکانی نزیک لە ئێران” دادەنرێت و بەهێزترین لایەنی هاوکێشەی سیاسییە لە ئێستای عێراقدا کە واپێناچێت خواستی ڕاستەقینەی هەبێت بۆ ڕێککەوتن و کۆتایی هێنان بە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.

بەگوێرەی قسەی بەشێکی دیکە لە چاودێران، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە پیشتر پەیمانی چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا، لەڕاستیدا توانای بڕیاردانی یەکلاکەرەوەی نییە، چونکە لە بنەڕەتدا بڕیارەکان دەبێت بگەڕێنەوە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی و قوڵتریش بڕۆین بۆ ئێران.

پارتی دیموکراتی کوردستان هێشتا چاوەڕێی دەرفەتێکە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا

دەشڵێن، پارتی دیموکراتی کوردستان هێشتا چاوەڕێی دەرفەتێکە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، بەڵام خەریکە بڕستی لێدەبڕێت بەتایبەت کە کێشە و ناکۆکییەکانی لەگەڵ بەغدا بەشێوەیەکی بەرفراوان کاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری هەرێم داناوە و پارتی لەدوای بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقەوە لە توانایدا نییە بە تەواوەتی مووچەی فەرمانبەران دابین بکات.

لەلایەکی دیکەوە چەند پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێن، پارتی دیموکراتی کوردستان لە پشتیوانیکردنی حکومەتی فیدراڵی دەوەستێت ئەگەر بێت و سودانی پاشگەزببێتەوە لە بەڵێنەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.

ئەو ئیفلیجیەی بەرۆکی عێراقی گرت بووەهۆی ئەوەی ساڵی ڕابردوو عێراق بودجەی نەبێت، بەمەش گرفت لە پڕۆژەکانی ژێرخان و چاکسازی ئابووری دروستبوو، هەرێمی کوردستان بێبەشبوو لەو داهاتەی پێویستی بوو تاڕادەستی کۆمپانیا جیهانییەکانی نەوتی بکات و مووچەی فەرمانبەران دابین بکات.

مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دادگای باڵای فیدڕاڵی لە بڕیارێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بەغدا ساڵانی 2021 و 2022 بەنایاسایی پارەی ناردووە بۆ هەرێم تا مووچەی فەرمانبەرانی پێدابەش بکات و ئەوەی کردوویەتی پێشێلکاری یاسای بودجەی عێراق بووە.

لەلایەکی دیکەوە جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، هێشتا هیوای گەیشتن بە چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا هەیە، وتیشی، بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو جارێکی دیکە شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بکات.

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا