ئەمریكا هۆشداری توند دەداتە بەرهەم ساڵح

پۆڵەتیك پرێس:

نوسەر دیڤید ئیگناتیوس دەڵێت: لە چەند هەفتەی ئایندەدا عێراق دەبێتە گۆڕەپانی روبەڕوبونەوەی ئەمریكا و ئێران و مانگی ئۆكتۆبەر رووداوی كتوپڕی تێدایە لە پێش هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا لە مانگی نۆڤەمبەر.

وەشاندنی گورز لە میلیشیاكان

ناوبراو كە پسپۆڕی كاروباری دەرەوەیە لە رۆژنامەی واشنتن پۆستدا نوسیوێتی: داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق دەبێتەهۆی وەشاندنی گورزی ئاسمانی لە میلیشیا چەكدارەكانی ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مایك پۆمپەیۆ ئەم هەفتەیە هۆشداریدا كە وڵاتەكەی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا دادەخات، لە حاڵێكدا بەغدا هێرشی میلیشیاكان رانەگرێت كە ئێران پشتیوانییان دەكات.

ئەو نوسەرە دەڵێت: لێدوانەكانی پۆمپەیۆ ئەگەری هەڵگیرسانی ململانێیەكی كراوەی زیاتركردووە.

ئێران بە هێز وەڵام دەداتەوە

هاوكات لە كاتی لێدانی میلیشیاكان لەلایەن كازمیەوە ئێران وەڵام دەداتەوە بەهێز لەوكاتەدا كابینەكەی سەرۆك وەزیران لەناوخۆدا شكستدەهێنێـت.

بەرپرسێكی پایەبەرز لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وتی: مەترسییەكی رون هەیە لەسەر ژیانی ئەمریكییەكان لەگەڵ بەردەوامی هێرشەكان، كازمی دەیەوێت كارێكی راست بكات، بەڵام لەسەریەتی كارێكی خێرا بكات.

لە ماوەی هەفتەكانی رابردوودا گرووپە چەكدارەكان هێرشەكانیان زیاتركردووە سەرباری هەڵمەتەكانی كازمی لە دژیان.

25 هێرش كراوەتەسەر كاروانی بارهەڵگرە ئەمریكییەكان و هێرشەكانی سەر ناوچەی سەوز كە باڵیۆزخانەی ئەمریكای لێیە لەگەڵ هێرشەكانی سەر فڕۆكەخاەی بەغدا ئەنجامدراون.

پۆمپەیۆ هۆشداری توندی بە بەرهەم ساڵح داوە

بەپێی ماڵپەڕی عێراق 24 پۆمپەیۆ پەیوەندی بە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارەوە كردووە، هۆشداری داوە و وتویەتی: بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە دەستی ترەمپە و ئامادەیە بۆ واژوو، لە كاتی كشانەوەی هێزەكانمان و داخستنی باڵیۆزخانەكەمان، ئەوانەی لە هێرشەكانەوە گلاون هێرشیان دەكرێتەسەر.

پۆمپەیۆ دوو گروپی دیاریكردووە كە بەرپرسیارن لە هێرشەكان ئەوانیش حزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەقن.

لە سەرەتای ئەمساڵدا لە هێرشێكی ئەمریكیدا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری فەرماندەی گشتی حەشدی شەعبی عێراق كوژران.

ئەمریكا فشارەكانی چڕكردووەتەوە لە رێگای كابینەی نوێ بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمیەوە زیاتر بەڕەكە لە ژێر پێی ئێراندا دەربهێنێت و نفوزی كەمبكاتەوە.

ئێرانیش هەوڵ دەدات لە رێگای میلیشیا چەكدارەكانی خۆیەوە لە عێراق زیاتر روبەڕوی ئەمریكا ببێتەوە و رۆژانە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەكاتە ئامانج.

سەركردە عێراقییەكان چی دەكەن؟

هەرچەند سەركردە عێراقییەكان زیاتر لە جارێك و لە چەندین بۆنەدا دووپاتیان كردووەتەوە كە رێگانادەن عێراق ببێتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان ئەمریكی و ئێرانییەكان، بەڵام رووداوەكان بەرەو هەڵگیرسانی جەنگێكی كراوە لەنێوان ئەمریكا و ئێران لەسەر خاكی عێراق دەڕوات.

ئەوەی دەمێنێتەوە هەڵوێستی دامودەزگا فەڕمییەكانی عێراقە كە خۆیان وەك بێلایەن لە نێوان تاران و واشنتن نیشان دەدەن، ئایا لە حاڵی هەڵگیرسانی جەنگدا چۆن مامەڵە دەكەن، بەتایبەت سەرۆك وەزیران كازمی ئایا ناوبراو هەڵوێستەكەی مالكی دووبارە دەكاتەوە كە لە 2007 شەڕی لە دژی میلیشیای چەكداری مەهدی بە رێبەرایەتی موقتەدا سەدر راگەیاند.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا