بافڵ جەلال تاڵەبانی: لای ئێمە كەرتی پەروەردە زۆر لە نەوت و غاز گرنگترە

پۆڵەتیک پرێس:

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ نوێنەرانی هەزاران مامۆستای وانەبێژ لە هەرێم کۆبووەوە.
‏‎لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم لەبارەی کێشە و گرفتەکانیان، دانەمەزراندن و بەهەندوەرنەگرتنی خواستەکانیان لەلایەن حکومەت و وەزارەتی پەروەردەوە راپۆرتێکیان خستەڕوو و لەچەند خاڵێکیشدا داواکارییەکانیان روونکردەوە.
‏‎لە بەرامبەردا  بافڵ جەلال تاڵەبانی دوای گوێگرتن لە گرفت و ناڕەزایەتییەكانیان، پاڵپشتی خۆی و یەکێتی بۆ داواکاری مامۆستایانی وانەبێژ دەربڕی و رایگەیاند، یەكێتی ئەم پرسە گرنگە بەهەندوەردەگرێت چونكە پەیوەستە بە زیاتر لە ٣٠ هەزار مامۆستاوە كە بەشێكی گرنگ و كاریگەرن لەپرۆسەی پەروەردە و فێركردندا.
وتیشی، نابێت چیتر خزمەت و هەوڵەكانتان نادیدە بگیرێت و كەمتەرخەمیتان دەرحەق ئەنجامبدرێت چونكە هیچ شانازییەك لە فەرامۆشكردن و نادیدەگرتنی چینێكی گرنگی كۆمەڵگەدا نییە كە پەروەردەی منداڵەكانمان دەکەن. خەرجكردنی شایستە داراییەكانیشتان هەرجارەو لەژێر ناونیشانێكدا نیشانەی سەرسوڕمانە و مافخواردنێكی ئاشكرایە.
‏‎لەبارەی گرنگی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان و هەوڵەكان لەپێناو پەروەردەكردنی نەوەیەكی هۆشیار و زانستخواز سەرۆك بافڵ وتی، ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو بونیادبنێین و نەوەیەکی سوودبەخش پێشكەشی كۆمەڵگە بكەین ئەوا پێویستە گۆڕانکاری ریشەیی لە سیستمی پەروەردە بكەین و رۆڵی مامۆستایان رێزلێگیراوبێت.
سەرۆکى یەکێتى دەشڵێت، لای ئێمە كەرتی پەروەردە زۆر لە نەوت و غاز گرنگترە، بۆیە بەڵێنتان پێدەدەین خەم و كێشەكانتان لەئەستۆ دەگرین و لە هەوڵەكانمان بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە و شەرەفمەندانە بەردەوام دەبین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا