هەمواری دەستوور.. زەنگە مەترسیدارەكە شیعە لێی دەدا و كورد لێی دەترسێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

هەمواری دەستور پرسێك نییە كەسایەتیەكی دیاریكراوی سیاسی خستبێتیە ڕوو، پێش هەموو شتێك زادەی دۆخێكی سیاسی قەیراناوی كەوتنی ئەزموونی حوكمڕانی عێراقە دوای 2003، كە نەیتوانی سادەترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاوڵاتیان بكات، دەستكورت بوو لەوەی ئەمنیەت و ئارامی دابین بكات، پێكهاتەكانی عێراق بەشێویەكی سروشتی لەچوارچێوەیەكی سیاسیدا كۆبكاتەوە، لەم خاڵەشدا كورد و سونەو شیعەكان بەرپرسیارێتی خۆیان لەئەستۆیە.

بەپێی دەستوری عێراق، سستمی حوكمڕانی لە وڵاتدا فیدراڵیە، بەڵام جگە لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا هیچ هەرێمێكی تر لەچوارچێوەی عێراق دا خۆی ڕانەگەیاندووە

هەموو پێكهاتە سیاسیەكان و زۆربەی هەرەزۆری لایەنە سیاسیەكان بەكوردیشەوە بەروونی باسیان لەكەموكورتی دەستور و پێویستی پێداچوونەوەی كردوە، لایەنە شیعەكان، هەوڵەكانیان بۆ هەمواركردنەوەی دەستوری عێراق دەستپێكردووە، لەكاتێكدا لایەنە كوردیەكان ترسیان لەو هەمواركردنەوەیە هەیە بەوپێیەی ئامانج لە دەستبردن بۆ دەستور، رەنگە كەمكردنەوەی مافە دەستوریەكانی هەرێم و زیان گەیاندن بە سستمی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراق دا لێبكەوێتەوە.

بەپێی دەستوری عێراق، سستمی حوكمڕانی لە وڵاتدا فیدراڵیە، بەڵام جگە لە هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 1991 ەوە، وەكو قەوارەیەكی سیاسی دروستبووە، تا ئێستا هیچ هەرێمێكی تر لەچوارچێوەی عێراق دا خۆی ڕانەگەیاندووە، لەكاتێكدا دروستبوونی هەرێمی تر، خواستی كوردە و بەلای هێزە شیعە حوكمڕانەكانیشەوە قەبوڵ نەكراوە.

لایەنە كوردیەكان، دەستبردن بۆ هەمواركردنەوەی دەستور، بەهەوڵێك لێكدەدەنەوە بۆ زیان گەیاندن بە سستمی فیدراڵی و بەهێزكردنی حكومەتی ناوەندی لەسەر حسابی هەرێم، لەكاتێكدا لایەنە شیعەكان و هەندێك لە سونەكانی عێراقیش، تێبینیان لەسەر دەستور هەیە و بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێن بۆ هەمواركردنەوەی.

گەورەترین مەترسی هێزە كوردیەكان، كاركردنی لایەنە شیعەكان و هەمواركردنەوەی دەستورە لەماوەی ئەم چوارساڵەی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و خولی نوێی هەڵبژاردن، بەتایبەت لە غیابی هێزەكانی هاوپەیمانان و بە پشتگیری هێزە ئیقلیمیەكان، هەر دەستبردنێكیش بۆ دەستور، بەهەوڵێك بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێم لێكدەدەنەوە.

هەوڵی لایەنە عێراقیەكان بۆ هەمواركردنەوەی دەستور لەكاتێكدایە، كورد تەنها دڵی بەو دەستورە خۆشە و پێیوایە مافەكانی تێدا زامنكراوە

ڕێوشوێنەكانی هەمواركردنەوەی دەستور ئاسان نیە، بەتایبەت بەپێی دەستوری عێراق، دەنگدەرانی سێ پارێزگاكەی هەرێم، دەتوانن ڕێگری بكەن لەپلانەكانی هەمواری دەستور، بەڵام تا ئێستا ڕوون نیە، ئەو لایەنانەی كار بۆ هەمواركردنەوەی دەستور دەكەن، چ پلانێكیان پێ یە بۆ لابردنی لەمپەرەكان.

هەوڵی لایەنە عێراقیەكان بۆ هەمواركردنەوەی دەستور لەكاتێكدایە، كورد تەنها دڵی بەو دەستورە خۆشە و پێیوایە مافەكانی تێدا زامنكراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەدوور نازانرێت، ناكۆكی نێوان هێزە كوردیەكان و پەرتەوازەییان، كاری ئەو هێزانە ئاسانتر بكات كە خواستی هەمواركردنەوەی دەستوریان هەیە.

مافەكانی كورد لە دەستووردا:

لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003 دا لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە، دەستورێكی كاتی بۆ بەرێوەبردنی عێراق لەساڵی 2004 دانرا و تێیدا چەند مافێك بۆ كورد دیاریكراو و بووە بەردی بناغەی دەستوری هەمیشەیی و دواتریش لە ساڵی 2005 دەستوری هەمیشەیی عێراق بڕیاری لەسەردرا، لەو دەستورەدا و لەچەند مادەیەكدا دان بەمافی كوردا دەنێت، لەمادەی 4 بڕگەی یەكدا هاتووە: (زمانەكانی عەرەبی و كوردی زمانی فەرمین لەعێراق) و ئەو بوارانەشی دیاریكردووە كە زمانی كوردی تێیاندا لەگەڵ زمانی عەرەبی بەكاردەهێندرێت.

لەمادەی 117 دا دانیناوە بە هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدراڵی، لەمادەی 120 دا مافی ئەوەی داوە بەهەرێمی كوردستان دەستورێكی تایبەت بەخۆی بنوسێتەوە بەمەرجێك پێچەوانەی بڕگەكانی دەستوری هەمیشەیی عێراق نەبێت، لەمادەی 121 بڕگەی یەكەم دا دەسەڵاتی ئەوەی بەهەرێمی كوردستان داوە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری تایبەت بەخۆی هەبێت، لەهەمان مادە بڕگەی دووەمدا دەسەڵاتی ئەوەی داوە بەهەرێم یاساكانی حكومەتی فیدراڵی هەموار بكاتەوە، لەمادەی 126 بڕگەی چوارەمدا هاتووە هەر هەموارێكی دەستور نابێت دەسەڵاتەكانی هەرێمەكان كەم بكاتەوە، لەچەند مادەیەكی تری دەستورەكەدا مافی هەرێمەكان و دەسەڵاتەكانیان و بەشداریان لەبەرێوەبردن و سامانە سروشتیەكانی عێراقدا دیاری كراوە.

سوودانی و بەڵێنی هەمواركردنەوەی دەستوور:

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق راوێژكارێكی بۆ كاروباری دەستوور دامەزراندووە، بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی سەرۆكایەتییەكانی دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن، یاسادانان و دادوەریی بە مەبەستی گەڵاڵەكردنی نەخشەڕێگەیەك بۆ هەمواری دەستوور.

رۆژی 29ـی كانوونی دووەمی 2023، نووسینگەی رۆژنامەوانیی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، حەسەن نیعمە یاسری، وەك راوێژكاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كاروباری دەستووری دەستنیشان كراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە؛ دەستبەكاربوونی حەسەن نیعمە یاسری بۆ ئەنجامدانی دیدار و كۆبوونەوە دەبێت لەگەڵ نوێنەرانی سەرۆكایەتییەكانی دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن، یاسادانان و دادوەری، بەمەبەستی گەڵاڵەكردنی نەخشەڕێگەی ئەنجامدانی ئەو هەموارە دەستوورییانەی كە پێویستن.

نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، ئەو هەنگاوە بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی بەشێك لە كارنامەی حكومەتە كە لە 27ـی تشرینی یەكەمی 2022 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەنگی لەسەردراوە، ئەوەش لەبەر رۆشنایی رێككەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لەبارەی هەمواركردنی ئەو ماددانەی دەستوور كە رێكەوتنی لەبارەوە كراوە و رێگرە لە دووبارەبوونەوەی بنبەستی سیاسی كە لە قۆناغەكانی رابردوودا روویداوە.

ساڵی 2020 پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی بۆ هەمواری دەستوور پێكهێنا بەمەبەستی ئامادەكردنی راپۆرتێك لەبارەی ئەو ماددانەی كە هەموار دەكرێت بۆ ئەوەی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و بخرێتە راپرسییەوە، بەڵام لیژنەكە نەگەیشتە ئەنجام.

رۆژی 14ـی شوباتی 2022، فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، داوایكرد دەستوور هەموار بكرێتەوە بە تایبەت ئەو ماددەیەی پەیوەندیدارە بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان بۆ پێكهێنانی حكومەت و چەمكی گەورەترین فراكسیۆن لە پەرلەمان كە ئەركی پێكهێنانی حكومەتی پێ دەسپێردرێت.
سودانی و بەڵێنەكانی:

سودانی لەكاتێكدا بەڵێنی هەمواركردنەوەی دەستووریداوە بەڵام پێناچێت بتوانێت بەئاسانی ئەم بەڵێنەی بەرێتەسەر، كارنامەكەی سوودانی لە 23 بەش پێكدێت، كە بەسەر دوو رەهەندا دابەش بوون، لە كەرتەكانی: ئابووری، سیاسی، خزمەتگوزاری و ئەمنی.

فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، داوایكرد دەستوور هەموار بكرێتەوە

دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، دواكەوتنی پڕۆژەیاسای بودجە و رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان و لە گەورەترین ئاڵنگارییەكانی بەردەم كابینەكەی سوودانین.

سودانی جگە لە بەڵێنی هەمواركردنەوەی دەستوور، كۆمەڵێك بەڵێنی دیكەیشی داوە، كە بەپێی كات و گرنگی و قۆناغبەندی دیاریكراون، بەڵام بەشێك لە بەڵێنەكانی كاتەكەیان بەسەرچووە و جێبەجێنەكران، لەوانە هەڵسەنگاندنی ئەدای پارێزگارەكان لە ماوەی سێ مانگدا. ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەر لە ساڵی 2023، قەرەبووی ئەوانەی مادەی 140ـی دەستوور دەیانگرێتەوە لە ماوەی مانگێكدا.

هەندێك لە بەڵێنەكانی سوودانی، شەش مانگ كات بۆ جێبەجێكردنیان دانراوە، بەڵام نیوەی زیاتری كاتەكەیان رۆیشتووە و ئاسۆی جێبەجێكردنیان ناڕوونە، لەوانە داڕشتنی پڕۆژەیاساكانی نەوت و گاز، ئەنجوومەنی فیدراڵی، دادگای باڵای فیدراڵی و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان.

بەشێك لە بەڵێنەكانیش تاوەكو ئێستا ئاماژەیەك بۆ جێبەجێكردنیان دیار نییە، لەوانە خەرجكردنی پارەی پترۆدۆلار بۆ پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت، جێبەجێكردنی رێككەوتنامەی شنگال، پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان سوپا و پێشمەرگە، پێكهێنانی هێزێكی پۆلیسی ئامادە لە دانیشتووانی كەركووك.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا