١١ عێراقی لە بوومەلەرزەکەی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە

پۆڵەتیک پرێس:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماری گیانلەدەستدانی ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی بڵاوکردەوە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە تورکیا گیانیان لەدەستداوە و دەڵێت، ژمارەیان ١١ هاوڵاتییە.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدانی هاوڵاتیانی عێراقی بە هۆی بوومەلەرزەکەوە لە تورکیا بۆ ١١ هاوڵاتی بەرزبووەتەوە و بەردەوام لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیادا چاودێری باروودۆخەکە دەکەن و کاردەکەن بۆ پاڵپشتی ئەو خێزانە عێراقییانەی کە لە ناوچەی بوومەلەرزەکاندان و لە رێگای لیژنەیەکی وەزارەتی دەرەوە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئەو خێزانانە دەکەن.

سەحاف ئاماژەى بەوەکردوە، سەدان سەبەتەی خۆراکیان گەیاندووەتە هاوڵاتییە عێراقییە زیان لێکەوتووەکان و باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە و کونسوڵیەی عێراق لە غازی عەنتاب هێڵێکی گەرمی پەیوەندیان کاراکردووە بۆ برینداربووان و بێسەرووشوێنبوان.

وتەبێژی وەزارەتى دەرەوەى عێراق داواشی لە هاوڵاتیانی عێراقی کردووە، ئەگەر کەسێکی نزیکیان بێسەرووشوێنە یاخود وەڵامیان نادەنەوە پەیوەندیان پێوە بکەن.

رۆژی ٦ی ئەم مانگە زنجیرەیەک بومەلەرزە کە بەهێزترینیان بە گوڕی ٧.٨ پلە بوو باکوری کوردستان و تورکیاو رۆژئاوای کوردستان و سوریای هەژاند، تا ئێستا زیاتر لە ٣١ هەزار کەس لە تورکیا گیانیان لەدەستداوەو لە سوریاش نزیکەى شەش هەزار کەس گیانیان لەدەستداوەو بەهەزارانی دیکەش بریندار بوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا