بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ هونەرمەندان: لە ڕێگەی هونەرەكەتانەوە بەگژ نادادی و ستەمدا بچنەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازی لە هونەرمەندانی بوارەكانی شانۆ، شێوەكاری، فیلمسازی و مۆسیقا كرد.

‏‎لە دیدارەكەدا رۆڵی هونەر و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆمەڵگە، دۆخی ئێستای هونەر لە هەرێمی كوردستان و پاڵپشتی و پشتیوانیی هونەرمەندان گفتوگۆی لەبارەوەكرا.

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە رۆڵی هونەرمەندان كرد لە رابردوودا كە رۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان هەبووە و توانیوویانە ماندوونەناسانە خزمەتی فەرهەنگ و كەلەپووری كوردی بكەن و مێژوویەكی درەوشاوە تۆماربكەن.

راشیگەیاند، دەبێت هونەر لەسەردەستی ئێوە بەرەوپێشچوونی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت و هەرێمی كوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانی كە بە پایتەختی رۆشنبیری ناسراوە رەنگدانەوەی ناوەكەی بێت. ئێوەی هونەرمەند دەتوانن رۆڵێكی كاریگەر بگێڕن لە ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگە و سەلیقەی گشتی، بەرهەمەكانتان رەنگدانەوەی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسیی هەرێمەكەمان بێت و نموونەی هونەری باڵا پێشكەش بە خەڵكی خۆمان و جیهان بكەین.

‏‎لەبارەی ئازادیی كاری هونەری و دەستتێوەردانی سیاسیشەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، نابێت هونەر بە سیاسی بكرێت و رێگە مەدەن هیچ كەس و لایەنێك دەستوەردان لە كارەكانتان بكات. رەخنەگربن و لەڕێگەی هونەرەكەتانەوە بەگژ نادادی و ستەمدا بچنەوە، ئەمەش یەكێكە لە ئەركەكانی هونەر.

‏‎لە بەرامبەردا هونەرمەندانی كوردستان ئاماژەیان بە گرفت و بەربەستەكانی نێو كایەی هونەر كرد و میكانیزمی چارەسەركردنی كێشەكانیان خستەڕوو و رایانگەیاند، ئەم دیدارانە گرنگی خۆیان هەیە و هۆكارێكە بۆ رەواندنەوەی كێشەكان و هەنگاونان بە ئاڕاستەی داهێناندا.

‏‎هەروەها ستایشی هەوڵ و پشتیوانییەكانی سەرۆك مام جەلال و هێرۆ خانیان كرد كە لە رابردوودا بەهەمووشێوەیەك هاوكاری هونەرمەندان بوون و لەسەر دەستی ئەوان هونەر لە هەرێمی كوردستان بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە.

‏‎هەر لە دیدارەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی چەند بڕیارێكی گرنگ و پێویستی لەبارەی دۆخی هونەر و هونەرمەندان لە هەرێمی كوردستان، بەرەوپێشچوون و گەشەپێدانی رەوتی هونەری و پشتیوانیی هونەرمەندان دەركرد و وتی، ئەنجوومەنێكی تایبەت لە هەموو بوارە هونەرییەكاندا دروستدەكەین و پێكەوە هەنگاوی گەورە لەوبارەیەوە دەنێین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا