پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: پلانیان هەیە بۆ ساڵی داهاتوو دۆخی كارەبا باشتر بكەن، دەربارەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا باسی لەوە كرد، حكومەتی هەرێم ناردنی شایستە داراییەكان لەلایەن بەغداوە بە مافی خۆی دەزانێت.
جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: لە ئێستادا هاوڵاتییان بۆ هەر كیلۆ واتێك كارەبە نزیكەیی 32 سەنت دەدەن بە هەریەكە لە حكومەت و مۆلیدەكان، هەر سەنتێك ئەگەر 15 دینار بێت واتە هاوڵاتی سەروو 450 دینار دەدات بە مۆلیدەكان.
وتیشی، ئەو بڕەی هاوڵاتی بە حكومەتی دەدات یەك سەنت و نیوەكە دەكاتە 22 دینار بۆ هەر كیلۆواتێك، بۆیە ئەگەر هاوڵاتی هاوكاربێت و بۆ هەر كیلۆ واتێك 10 سەنت بدات بە حكومەت ئەوا كارەبا گۆڕانكارییەكی گەورە بەخۆوە دەبینێت و پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا زۆر زیاتر دەكات.
لەبارەی هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە باكووری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان و ئەو كەمپینەی حكومەت بۆ ئەو مەبەستە رایگەیاندووە، وتی، بۆ رێكخستنەوە و ئاراستەكردنێكی دروستی ئەم كەمپینە، پارێزگاكارەكان و ئیدارە سەربەخۆكان بەم ئەركە راسپرێردران، كە ئەمەش عورف و یاسایەكە بۆ كاتی رووبەڕووبوونەوەی كارەساتێكی لەمجۆرە.
جوتیار عادل سوپاسی هاووڵاتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ دەستپێشخەرییان لە پێشكەشكردنی هاوكاری لەو كەمپینەدا.
راشیەگەیاند، تیمەكانی ئێمە ئێستا لە توركیان و لەكارەكانی خۆیان بەردەوامن، نزیكەی 84 كارمەندی تەندروستی هەرێمی كوردستان لە توركیایە و لە هەوڵی ئەوەشداین، بچنە سووریا، هەندێك بەربەست هەیە بۆ چوونە سووریا كە هیوادارین لە چەند كاتژمێری داهاتوودا چارەسەر ببن و هاوكارییەكانمان بگەن بەوێش.
لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا و 200 ملیارەكەوە باسی لەوەكرد، هەرێم بەردەوام بووە لە گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغدا و بەردەوامی شایستە داراییەكان بە مافی خۆی دەزانێت، لە دوایین كۆبوونەوەشدا كۆمەڵێك خاڵی هاوبەش و رێككەوتن و كۆمەڵێك ناكۆكیش هەبوون.