9/2/2004 ئەو رۆژەی سەرۆك مام جەلال كوردستانی بوونی كەركوكی سەلماندەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

رۆژێ 2004/2/9، لە كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی ئەنجومەنی حوكمی عێراق دا، سەرۆك مام جەلال سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتەیەكی گرنگ‌ و مێژوویی پڕ بایەخی پێشكەشی ئەنجومەنی حوكم كردو تیایدا بەرگریی لە چەسپاندنی مافەكانی خەڵكی كوردستان كردو، رایگەیاند: پێویستە ئەنجومەنی حوكم، فیدڕاڵی كوردستانی عێراق بسەلمێنێت ‌و دەست بە تەتبیعی وەزعی لیوای پێشووی كەركوك بكرێت.

سەرۆك مام جەلال جارێكی تر بە زمانی گوڵ ‌و بە بەڵگەی مێژوویی “كوردستانی بوونی كەركوك”ی بۆ ئەنجومەنی حوكم‌ و دۆست‌ و دوژمن سەلماندەوە

سەرۆك مام جەلال، لەو كۆبونەوەیەدا ئەو بڕگەیەی لە بڕیاری لیژنەكەی “عصبە الامم” خوێندەوە كە دەڵێت، “هەرگیز سنوری عێراق لە جەبەل حەمرین تێنەپەڕیووەو لە جەبەل حەمرین بەو لاوە كوردستانە”.

هاوكات نەخشەیەكی مێژوویی گەورەی سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیی لەسەر مێزی ئەنجومەنی حوكم خستەڕوو كە تیایدا بەئاشكرا دیارە كەركوك بەشێكە لە كوردستان.

بەمەش سەرۆك مام جەلال جارێكی تر بە زمانی گوڵ ‌و بە بەڵگەی مێژوویی “كوردستانی بوونی كەركوك”ی بۆ ئەنجومەنی حوكم‌ و دۆست‌ و دوژمن سەلماندەوە.

هەر لەمیانەی وتە مێژووییەكەی دا سەرۆك مام جەلال دووپاتیكردەوە كە هەقی سادەو رەوای گەلی كوردە كە زمانی كوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی بە زمانی رەسمیی دابنرێت ‌و دەستبەجێ شوێنەواری پاكتاوی رەگەزیی ‌و بەزۆر تەعریب بسڕنەوەو هاوردە بگەڕێندرێنەوە بۆ شوێنی خۆیان‌ و ئاوارەی كوردو توركمان-یش بچنەوە شوێنی راستەقینەی خۆیان.

دوای رزگاركردنی عێراق لە دەستی رژێمی بەعس، سەرۆك مام جەلال بە ئەندامی ئەنجومەنی حوكم هەڵبژێردراو لە نۆڤێمبەری ساڵی 2003 دا سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكەی گرتەدەست ‌و لەو ماوەیەشدا بەتوانایی ‌و حیكمەت ‌و باش بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی بۆ هەمووان سەلماند، هەروەك بەوپەڕی تواناشییەوە داكۆكی لە مافە رەواكانی كورد دەكرد لە عیراقی نوێدا.

سەرۆك مام جەلال بە دۆكیۆمێنت ‌و نەخشەوە سەلماندی كە شاری كەركوك بەشێكە لە هەرێمی كوردستان ‌و ناسنامەیەكی كوردستانی هەیە

نموونەیەكی ئەو پەرۆشی ‌و داكۆكیكردنە لە مافی نەتەوەكەی لای هەمووان ئاشكرایە كە سەرۆك مام جەلال لە دانیشتنی رۆژی 2004/2/9، چۆن وەك داكۆكیكارو پارێزەرێكی لێهاتوو بە ئەزموون بە بەڵگەو دۆكیۆمێنت ‌و نەخشەی مێژوویی سەردەمی عوسمانی داكۆكی لە كوردستانیبوونی كەركوك كردو هەموو وردەكاری ‌و لایەنەكانی بۆ سەرجەم حزب‌و هێزەكان‌و سیاسەتمەدارنی عێراق روونكردەوە كە دواتر ئەو رۆژەش لە ئەدەبیاتی سیاسی‌ و بیرەوەری هەموواندا بە رۆژی “مورافەعە گەورەكە” ناسرا.

لەو مورافەعەیەدا مام جەلال ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی حوكمی ئەو كاتە داوایكرد كوردو توركمان كە رژێمی سەدام حسێن لە شاری كەركوك رایگواستبوون بگەڕێنەوە شارەكەیان ‌و راپرسییەك لەسەر دەستنیشانكردنی ناسنامەی شارەكە بكرێت.

لە وتەكانیدا سەرۆك مام جەلال بە دۆكیۆمێنت ‌و نەخشەوە سەلماندی كە شاری كەركوك بەشێكە لە هەرێمی كوردستان ‌و ناسنامەیەكی كوردستانی هەیە.

وتیشی: پێویستە مافەكانی گەلی كوردستان لە یاسای بەڕێوەبردنی كاتی دەوڵەتدا بسەلمێندرێن‌ و راستییەكانی پەیوەست بە گەلی كوردستانەوە خستەڕوو.

سەرۆك مام جەلال، راشیگەیاند: گەلی كوردستان لە ساڵی 1925 دا بە بڕیارێكی عوسبەتولئومەم بە دەوڵەتی عێراقەوە لكێندراوە، هەروەك وتەیەكی ئەدمۆنز نوێنەری بەریتانیای لە لیژنەی عوسبەتولئومەم بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ویلایەتی موسڵ لەو كاتەدا بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە كە تێیدا، دەڵێت: كوردستانی باشوور بەچەند مەرجێك لكێندراوە بە عێراقەوە لەوانە:
“دەبێت بەڕێوەبەرانی ئەم ناوچە كوردستانییە كوردبن ‌و زمانی كوردیش زمانی رەسمی بێت‌ و بارودۆخی كوردستان وەك خۆی بهێڵدرێتەوە”.

هەروەها سەرۆك مام جەلال ئاماژەی بەوەشدا كە ئەدمۆنز كاری بۆ ئەوەكردووە مۆركی كوردی لە لیوای كەركوكدا بسڕێتەوە و ئەوەشی بە پێشێلكردنێكی ئاشكرای ئەو بەڵێنانە لەقەڵەمدا كە عێراق‌ و بەریتانیا بە عوسبەتولئومەمیان دابوو.

لە بەشێكی دیكەی مورافەعە گەروەكەدا، سەرۆك مام جەلال رایگەیاند: ئەو بەڵێنانەی بە كورد درابوون نەبرانە سەرو لەلایەن حكومەتی عێراق ‌و بەریتانیاوە پێشێلكران ‌و كار گەیشتە ئەوەی لەسەردەمی سەدام حسێن دا پاكتاوی رەگەزی‌ و راگواستنی كوردو توركمان لە لیوای كەركوك جێبەجێ بكرێت ‌و عەرەب لە شوێنیان نیشتەجێ بكرێت.

هەر لەو مورافەعەیەدا سەرۆك مام جەلال نەخشەیەكی گەورەی سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانی خستەسەر مێزی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی حوكم‌ و لەو نەخشەیەدا شوێنی كەركوك لە سنووری كوردستان دیاریكراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا