بەهای دۆلار چۆن کاریکردۆتە سەر بەشداربوانی یەکەکانی نیشتەجێبوون؟

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

زیاتر لە دوو مانگە نرخی دۆلار گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی و ئەمە کاریگەری لەسەر هەموو سێکتەرەکان دروستکردوە، سێکتەری نیشتەجبوونیش چی بۆ وەبەرهێنەران و چی بۆ بەشداربوانى یەکەکان یەکێکە لەو سێکتەرانەى کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دروست بووە.

واتە جگە لە گرانبوونی کاڵا و شمەک کە کاریگەری رۆژانەى لەسەر ژیانى هاوڵاتیان دروستکردوە، بەرزبوونەوەى بەهای دۆلار بۆ ئەو هاوڵاتیانەى کە یەکەى نیشتەجێبوونیان کڕیوەو قیستێکى زۆری یەکەکانیان نەداوە زیانى زۆری پێگەیاندون، لەبەرئەوەى دۆلار بەرز بێ یان نزم ئەوان مامەڵەکانیان بە دۆلارە.

کامەران دلێر فەرمانبەری کەرتى تایبەتەو دوو شەفت کار دەکات بۆ ئەوەى قیستى شوقەکەى بداتەوەو مانگانە نزیکەى ٦٠٠ دۆلار قیستەکەى دەداتەوە، لەکاتێکدا کە ئەو شوقەکەى کڕیوە ١٠٠ دۆلار بە ١٢٢ هەزار دینار بووە، بەڵام ئێستا کە قیستەکەى دەدات بە خاوەنى کۆمپانیای پڕۆژەکە ١٠٠ دۆلار بە١٦٠ بۆ ١٧٧ هەزار دینارەو لەو نێوەندەدا نرخەکە یاری دەکات.

کامەران بۆ پۆڵەتیک پرێس وتی، بەرزبوونەوەى دۆلار کاریگەری زۆر لەسەر ژیانى من و ئەو کەسانە کردوە کە یەکەى نیشتەجێبوونیان کڕیوە، چونکە دەبێت پارەیەکى زۆر بخەینە سەر ئەو ١٠٠ دۆلارانەى کە پێشتر بە ١٢٢ هەزار بوون وتە ٤٥ هەزار جیاوازییەکەیەتى .

ئەو هاوڵاتییە باس لەوەش دەکات، ئێستا مانگانە دەبێت شەش ٤٠ هەزاری بخاتە سەر ئەو ١٢٢ هەزارەى کە پیشتر دەیکرد بە دۆلار  و وەک قیست دەیبرد بۆ کۆمپانیاکە، بە وتەى خۆی ئەو ئێستا مانگانە ٢٤٠ هەزار دیناری زیاد کردوە بۆ قیستەکەی، ئەوەش کاریگەری لەسەر بژێوی ژیانی کردوەو مانگانە ناتوانێت پێداویستییەکانى پڕ بکاتەوە.

سەرتیپ بابان خۆی و هاوژینەکەی فەرمانبەری حکومەتن و لەسلێمانی دەژیت و دەڵێت” زەختێکى زۆرم لەسەر دروست بووەو فریای قیستەکە ناکەوم، چونکە خۆم لە خانووی کرێدام و قیستى شوقەشم لەسەرە، بەرزبوونەوەى دۆلار وایکرد بچمەوە سەر ماڵی باوکم ئێستا لەگەڵ ئەوان دەژیم، چونکە ناتوانم دۆلار ئاوا بەرز بێت و کرێ خانوو قیستیش بدەم”.

سەرتیپ بە پۆڵەتیک پرێس باسی لەوە کرد، مانگانە ٥٠٠ دۆلار دەداتە بە قیستى مانگانەى شوقەکەی و ٢٥٠ هەزاریش دەداتە کرێ خانوو لەگەڵ ئەوەشدا بژێوی ژیانى دابین بکات، ئەمە بەهۆی بەرزبوونەوەى دۆلار قورسایی زۆر لەسەر ژیانى دروست بووە، مانگانە ٢٠٠ هەزاری تری خستووەتە سەر ئەو پارەیەى کە دەیبرد بۆ قیستی شوقەکەی.

ئەو هاوڵاتییە باس لەوە دەکات، ئەگەر خاوەنى کۆمپانیاکان و یەکەکانی نیشتەجێبوون هاوکاری بەشداربوانى یەکەکان نەکەن، ئەوا کەمترین بەشداربوو دەتوانێت لەم دۆخەدا قیستەکانى بدات یان دەبێت یەکەکەى بفرۆشێتەوە.

راستە بەربوونەوەى بەهای دۆلار بۆ بەشداربووانى یەکەکانى نیشتەجێبوون بارگرانییەکى زۆرە، بەڵام خاوەنى کۆمپانیاو یەکەکانى نیشتەجێبوونیش باس لە هەمان  بارگرانى دەکەن کە لەسەر ئەوان دروست بووە، چونکە بەوتەى خۆیان ئەوان شت و کەل و پەلەکانى بیناسازی لە دەرەوە دەکڕن و باج و کرێییەکى زۆر دەدەن بە حکومەت کە زۆرجار ئەمەش بە دۆلارە بۆ ئەوان.

محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەربەهێنانی هەرێمی کوردستان بەپۆڵەتیک پرێسی رایگەیاند، ئەم بابەتە بابەتێکی گشتگیرە و بۆ هەموو پڕۆژەکانی وەبەرهێنەرانەو زۆرینەى قیستەکان بە دۆلارە و داهاتی هاووڵاتیانیش بە دینارە، ئێمە لەگەڵ بانک و لایەنی بەرپرس قسەمان کردووە پێیان وتووین جارێ چاوەڕێ بکەن رەنگە گۆڕانکارییەکی تر لە بەهای دۆلار دروست ببێت بە ئاڕاستەی باشتربوونی و دابەزینی بەرامبەر دینار.

وتیشی، ئێمە نەوەستاوین و لەگەڵ وەبەرهێنەران قسەمان کردووە و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران لە سلێمانی و هەولێریش بڕیاریانداوە بە نرخێکی دیاریکراو وەک ١٠٠ دۆلار لە بەرامبەر ١٥٠ هەزار دینار وەربگرن لە هاوبەشانی یەکەکانی نیشتەجێ بوون تا ئەوکاتەی بەهای رۆلار و دینار جێگیر دەبنەوە.

چەند وەبەرهێنەرێک ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە کە باری سەر شانى بەشداربوانى یەکەکانیان سوک بکەن و  ١٠٠ دۆلاریان بە ١٥٠ هەزار دینار بۆحساب بکەن، بەڵام هێشتا کەمن ئەو وەبەرهێنەرانەى ئەو بریارەیان داوە.

خاوەنی بەشێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەڵێن، لەدەستدانی بەهای دینار کاتییە و لەو بەرزی و نزمییە ئەوانیش زیان دەکەن، بۆیە هیچ گۆڕانکارییەک لە وەرگرتنەوەی قیستەکانیاندا ناکەن چۆن لە گرێبەستدا هاتووە بە دۆلار مامەڵە بکەین هەر وا بەردەوام دەبین.

ئێستا بەشێک لە هاوبەشانی یەکەکانی نیشتەجێبوون ترسی  زۆریان هەیە کە بەهای دۆلار بەم شێوەیەى ئیستاو بەرزتریش بێتەوەو پرسیاری ئەوان ئەوەیە چی بکەن ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە مایەوە؟

بەپێی زانیارییەکان بەشێک لە بەشداربووانى یەکەکانى نیشتەجێبوون سەریان کردوەتە فرۆشتنى یەکەکانیان و بەشێکیشیان دەڵێن ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بێت ئەوانیش ناچارن شوقەکانیان بفرۆشنەوە، بەڵام هێشتا ئەوانە کەمینەیەکن کە بیریان لەوە کردوەتەوە، ئەگەر وا بڕوات رەنگە ژمارەکە زیاتر بکات.

ئەوان کێشەیەکى تریشیان ئەوەیە کاتێک ئەوان شوقەکانیان کڕی دۆلار ١٢٠ هەزار بوو دواتر بوو بە ١٤٥ هەزارو هیچ هاوکارییەک نەکران و ناچار بوون پارەی زیاتر بخەنە سەر قیستەکانیان ئێستاش هەمان شێوە بێت و دیسان پارەی زیاتر بخەنە سەر قیسەکانیان و هاوکاری نەکرێن.

د. محەمەد بابانی شارەزای بواری ئابوری ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە حکومەت پشتیوانى لە هاوڵاتیان بکات کە یەکەى نیشتەجێبوونیان کڕیوە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانى وەبەرهێنان کار لەسەر ئەو کێشەیە بکەن،چونکە ئەوە کێشەیەکى گەورەى ئابورییە بۆ خێزانەکان.

محەمەد بابانى بە پۆڵەتیک پرێسی وت، بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار کاریگەری لەسەر کۆی سێکتەرەکان کردوە هەر لەیەکەى نیشتەجێبوونەوە تا بازرگانى و تا بازاڕەکان، بۆیە پێویستە خاوەنى پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون ڕەچاوی ژیانى هاوبەشەکانیان بکەن، چونکە بێگومان ئەوان قازانج دەکەن لەسەر حسابی هاوبەشەکان.

ئەو شارەزایەى ئابوری باس لەوە دەکات، ئێستا بەهای دۆلار ڕووی لە دابەزینە، پێویستە هاوسەنگییەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەى نە خاوەنى پڕۆژە نیشتەجێ زەرەر بکەن نە هاوبەشەکان، لەزۆربەى وڵاتان ئەم جۆرە لێکتێگەیشتنە لەنێوان هەردوولادا هەیە.

دەستەی وەبەرهێنانی عیراق لە دوایین نوسراودا کە ئاڕاستەی کۆمپانیاکانی وەبەر‌هێنانی کردووە هەموو ئەو کۆمپانیایانە ئاگاداردەکاتەوە گرێبەستیان لەگەڵ دەستەکەیان هەیە، دەبێت لەمەودوا قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون بەدینار وەربگرن و نرخی فەرمی 100  دۆلار بە 147 هەزار دینار وەربگیرێت.

دەستەی وەبەرهێنانی عیراق باسی لەوەشکردووە، بڕیارەکە پاڵپشتە بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (23026)ـی ساڵی 2023، هەر کۆمپانیایەکی وەبەر‌هێنانیش لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا پابەندی بڕیارەکە نەبێت رێکاری یاسایی لەبەرامبەریدا دەگیرێتەبەر.

محەممەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەربەهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەگەر تا دوای 15 شوبات ئەم ناجێگیرییە بەردەوام بوو بە دڵنیاییەوە دەستەی وەبەرهێنان بڕیار لە دیاریکردنی بەهای دینار دەدات لە بەرامبەر 100 دۆلاردا بۆ قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون بەشێوەیەک زیانی ناجێگیری دینار بەرامبەر دۆلار لە نێوان خاوەنی پشکەکان و وەبەرهێنەراندا بەش دەکرێت.

وتیشی،  لەبەرچاوگرتنی ئەو بڕیارەی ئێستا هەندێک لە وەبەرهێنەران داویانە و 150 هەزار دینار وەردەگرن لەبەرامبەر 100 دۆلاردا و بە گفتوگۆکردن لەگەڵ وەبەرهێنەران رەنگە ئەو نرخە بۆ قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون دیاری بکرێت.

رۆژی 17 مانگی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا لەمەودوا لە سەرجەم وەزارەتەکان، دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان سیستمی کارتی بانکی پەیڕەو بکرێت و مامەڵەکردن بە پارەی نەقد کەمبکرێتەوە، هەروەها بڕیاریدا بۆسەرجەم کاروبارەکان لەناوخۆی وڵاتدا مامەڵە بە دراوی نیشتیمانییەوە بکرێت لەجێگەی دراوی بیانی.

ح.هـ

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا